ئەوەی پێویستە شەرع بیکات، بۆئەوەی ئەمەریکا بە تەواوی دانیپێدا بنێت!

11:42 - 2025-05-23
جیهان
64 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بۆڵتۆن
راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا

وەرگێڕانی د.یادگار عەلی
لە [INDEPENDENT]ەوە


سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە لەم دواییانەدا کۆتاییپێهات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووماڵی میدیایی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە بازرگانی و وەبەرهێنانانەی، کە خۆی و هاوتاکانی ڕایانگەیاندبوو، بەڵام دیارترین لایەنی سەردانەکە ڕاگەیاندنی ئەوە بوو، کە ئەمریکا ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەددا بەسەر سوریای سەپاندبوو، هەڵدەگرێت. 
لەمبارەیەوە ترەمپ لە ڕیاز، ڕایگەیاند، [ئەمە بۆ شازادەی جێنشین -محەمەد بن سەلمان- دەکەم]. جگە لەوەش، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، دیدارێکی کورتی لەگەڵ ترەمپ لە ڕیاز ئەنجامدا.
لە ساڵی [٢٠١٣] ئەمریکا شەرعی بە [تیرۆریستێکی جیهانی تایبەت] دەستنیشان کرد و خەڵاتی [١٠] ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک، کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی، تەرخانکرد. ئەمریکا پێشتر گرووپی تیرۆریستیی [دەستەی تەحریری شام]، کە پێشتر بەرەی نوسرە بوون و پەیوەندییان بە ڕێکخراوی قاعیدەوە هەبوو، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کردبوو.

سەرۆکەکانی ئەمریکا بەزۆری لەگەڵ تیرۆریستان کۆنابنەوە، بەڵام وادیارە شەرع دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات چەند ئامۆژگاریەکی باشی پەیوەندییە گشتییەکانی وەرگرتووە: نازناوەکەی گۆڕی، ڕیش و سمێڵی کورتکردەوە، جلە سەربازییەکەی کرد بە قات و چاکەت بەشێوەیەک زیاتر لە بازرگانێک دەچێت، نەک تیرۆریست، بەڵام ئایا شەرع و دەستەی تەحریری شام بەڕاستی وازیان لە عەقڵییەتی تیرۆریستی خۆیان هێناوە؟

ترەمپ چاوەڕێی ئەوەی نەکرد وەڵامەکەی بزانێت. ڕاستە لە میانی دیدارەکەیاندا ئامۆژگاریی شەرعی کرد، کە [ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام ئیمزا بکات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت و چەکدارە تیرۆریستییە بیانییەکان لە سووریا دەربکات و بەشداریی شەڕی داعش بکات]، بەڵام تائێستا شەرع پابەند نەبووە بە هیچ کام لەو ڕێوشوێنانە. بەدڵنیاییەوە ئەوەی ڕوویدا نموونەیەکی سەرکەوتووی [هونەری گرێبەستەکە] پێکنەهێنا.

بەرژەوەندییەکانی سعودیە و جیهانی عەرەبی فراوانترە لە قبوڵکردنی حکومەتی نوێی شەرع و ئەوەش ڕوونە. کەوتنی ئەسەد شکستێکی گەورە بوو بۆ ئێران، چونکە گرنگترین هاوپەیمانی ناوچەیی خۆی لەدەست دا و ڕێگاکانی دابینکردنی وشکانیی پچڕاند. 
هەروەها گرنگ بوو هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە سووریا، چونکە دەستەی تەحریری شام بەبێ پشتیوانییەکی بەرچاوی تورکیا نەیدەتوانی ئەسەد بڕوخێنێت.

شکستپێهێنانی ئاخوندەکان لە تاران و سنووردارکردنی هەژموونی نیوعوسمانیی ئەردۆگان، کە سوریا بەتایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەکاتە ئامانج.. خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات، بەڵام ئەم ئامانجانە بەتەنها بەس نین. 
واشنتۆن پێویستی بە کردار هەیە لەلایەن شەرعەوە، کە قسەکردن تێپەڕێنێت، واتە کردەوەی کۆنکرێتی، کە نیشان بدات ئەو، نەک تەنها بە زارەکی، بەڵکو بە کردەوە دەستبەرداری تیرۆر بووە.
ترەمپ ئەو دەرفەتەی لەدەستدا، کە هەڵگرتنی سزاکان بە پاککردنەوەی مەرجەکانی ئەمریکاوە ببەستێتەوە، بەڵام دەستنیشانکردنی شەرع، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دەستنیشانکردنی دەستەی تەحریری شام، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دەستنیشانکردنی سوریا لە سەردەمی ئەسەد، وەک سپۆنسەری دەوڵەتیی بۆ تیرۆر لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە. نابێت ئەم دەستنیشانکردنانە لاببرێن مەگەر حکومەتی شەریعەت چەند مەرجێکی زیادە جێبەجێ نەکات، وەک لە خوارەوە بە وردی باسکراوە، دەنا دەبێت سزاکانیان دووبارە بخرێتەوەسەر، ئەگەر نەیانتوانی بەپەلە ئەو کارە بکەن.

لە هەمووی گرنگتر، دەبێت ڕژێمی ئێستای سوریا سەرجەم سیاسەتەکانی ئەسەد، کە بووەتە هۆی دابڕانی دیمەشق پێچەوانە بکاتەوە و بە تەواوی شەفاف بێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەرشیفی حکومەتی ئەسەد و ماددە پەیوەندیدارەکانی دیکە، چونکە حکومەتە ناتیرۆریستیەکان بارمتە ناگرن، پێویستە ڕژێمی نوێ تۆمارەکانی حکومەتی سوریا بکاتەوە بۆ پێداچوونەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی ڕفاندنی بیانییەکان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا. بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەی بارمتەکان دەبێت ئەم چیرۆکانە بە تەواوی ئاشکرا بکرێن و هەر پەیوەندییەکی سوریاش بە قەوارە بیانییەکانەوە، کە هاوکاریی ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان کردووە، دەبێت ئاشکرا بکرێت بۆ ئەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بتوانن بەدوایاندا بگەڕێن.

هەروەها دەبێت پچڕانێکی تەواو هەبێت لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ پەرەپێدانی چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی و ئەتۆمی، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی، وەک ئێران. دوای کەوتنی ئەسەد، دەوترێت ئیسرائیل ئەو دامەزراوانەی بۆردومان کردووە، کە گومانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوییان لێدەکرێت، بەڵام دەبێت ڕژیمی نوێی سوریا هەموو ئەو شوێنانەی لە سوریا بەستراون بەو چەکەوە دەستنیشان بکات و ئەو شوێنانە و فایلە حکومییەکان بکاتەوە بۆ پشکنین لەلایەن واشنتۆن یان ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی. پێویستە هەنگاوی هاوشێوە سەبارەت بە چەکی بایۆلۆژییش بگیرێتەبەر.

سەبارەت بە چالاکیی ئەتۆمی سوریا، پێدەچێت لە دەوری ئەو میحوەرە ئەتۆمییە کۆببێتەوە، کە ئێران و کۆریای باکوور هاوکار بوون لە دروستکردنی لە دێرەزوور. 
تۆمارەکانی سوریا سەبارەت بە دێرەزوور و پەیوەندییەکانی دیکە لەگەڵ ئێران دەتوانێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ناوچەیی ئێراندا سوودێکی گەورەی هەبێت. پێویستە سوریا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەم بەڵگەیە و بیخاتە بەردەست بۆ پێداچوونەوەی نێودەوڵەتی. هەروەها پێویستە شەرع دەستبەرداری پشتیوانی خۆی بێت بۆ هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی لوبنان لە ڕێگەی حزبوڵڵا.

جگە لەوەش ئەگەر شەرع بەڕاستی وازی لە تیرۆر هێنابێت، دەبێت لیستی تەواوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات، کە بەدرێژایی ساڵان پارەیان بە بەرەی نوسرە داوە. هەروەها دەبێت هاوکاریی کورد، بەتایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بێت بۆ ئەوەی گەرەنتی هەبێت لە پاراستنی دۆسێی هەزاران دیلی داعش. تیرۆریستانی تر لە سوریا پێویستە زیندانی بکرێن، نەک دیپۆرت بکرێنەوە، بەپێی پێشنیازی ترەمپ، چونکە دەرکردنیان ڕێگەیان پێدەدات بگەڕێنەوە بۆ پراکتیزەکردنی تیرۆر لە شوێنێکی تر، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئاشتەوایی چاوەڕوانکراوی تورکیا لەگەڵ کوردەکان لەناو تورکیادا، ئەوە ناسەلمێنن، کە تەماحە نیوعوسمانییەکانی ئەردۆگان، کە ناوچە کوردنشینەکانی ناوەوە و دەرەوەی سوریا دەکاتە ئامانج، پاشەکشەیان کردووە. بۆیە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بمێننەوە تا ئەوکاتەی نیازپاکی دەستەی تەحریری شام بە تەواوی دەردەکەوێت.

لە کۆتاییدا پێویستە سوریا روسیا لە بنکەی دەریایی خۆی لە تەرتوس و بنکە ئاسمانییەکەی لە حمەیمیمی دەربکات. دەستدرێژی بێ ئیستفزازی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی [٢٠٢٢] و هەروەها پاڵپشتی درێژخایەنی روسیا لە ئەسەد، مەترسی بوونی سەربازیی بەرفراوانی روسیا لە سوریا نیشاندەدات.

بەکورتی شارع و ڕژێمی دەستەی تەحریری شام، کە سەرکردایەتی دەکات هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژیان ماوە پێش ئەوەی شایەنی دانپێدانانی تەواو و شەرعیەت بن لەلایەن ئەمریکاوە. ئەم [گرێبەستە] تا ئێستا ئەنجامنەدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان