(Creating Short Fiction) كتێبێكی نووسه‌ری ئه‌مریكایی (ده‌یمۆن نایت-Damon knight)ه (1922-2002)، كه مامۆستای كڵاسی چیرۆكنووسین بووه و وه‌رگێڕی ئێرانی (مهدی فاتحی) به (داستان نویسی نوین) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه و ماناكه‌شی (خوڵقاندنی كورته‌چیرۆك)ه. ئه‌م كتێبه زۆر وانه‌ی گرنگی تێدایه بۆ چیرۆكنووسان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چیرۆكی نوێ بنووسن، لێره به‌دواوه هه‌وڵده‌ده‌م به‌ش به‌ش ئه‌م كتێبه ته‌رجه‌مه بكه‌م و بڵای بكه‌مه‌وه.
لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
(5)
دوو راهێنان بۆ بینین:
1- به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه سه‌یری شتی زیندوو بكه، وه‌كو گیایه‌ك، سه‌گێك كه له‌سه‌ر عه‌رد خه‌تووه یان جاڵجاڵۆكه‌یه‌ك كه له‌ناو ته‌ونه‌كه‌یدایه، له‌سه‌ر سه‌یركردن به‌رده‌وام به هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی هه‌ستده‌كه‌یت سه‌باره‌ت به‌و شتانه شتێك حاڵی بوویت كه پێشان نه‌تده‌زانی (ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی هه‌ڵیده‌بژێریت هیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر ناكرێت بابه‌تێكی تر هه‌ڵبژێره).
ئێستا سه‌باره‌ت به‌وه بنووسه و هه‌وڵبده به وشه نیشانی بده‌یت كه چ شتێكی لێ حاڵی بوویت. پاش ئه‌م ئیشه، دیدی تۆ سه‌باره‌ت به‌وه ده‌گۆڕێت و ئیتر وه‌كو پێشوو به‌لاته‌وه ماندووكه‌ر نابێت.
2- ئه‌وه‌ی هه‌ندێ جار من له‌ناو پاسدا ده‌یكه‌م، له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ته‌نیشتمه‌وه دانیشتوون. له‌و كاته‌دا هه‌میشه بیر له سه‌ر و سیما و جلوبه‌رگ و خاسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌مه‌وه، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پاش ماوه‌یه‌ك وه‌سفێكیان له‌باره‌وه بنووسم.
له قۆناغی دواتردا، ئه‌م راهێنانه له شوێنێكی گشتیدا بكه، هۆڵی چاوه‌ڕوانی فڕۆكه‌خانه جێگایه‌كی زۆر گونجاوه، هه‌روه‌ها هۆڵی جۆره‌ها كۆنسێرت، یان هه‌ر جێگایه‌كی تر كه تۆ ده‌توانیت به‌بێ سه‌رنجڕاكێشان، سه‌یری كه‌سانی تر بكه‌یت. ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌رنجت راده‌كێشێت، هه‌ڵیبژێره و به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه باسی بكه، حسابی ئه‌وه بكه پلۆت ده‌نووسیت و نابێت وه‌كو پۆلیس ره‌فتار بكه‌یت. بۆ نموونه مه‌نووسه "پیاوێكی سوور و سپییه، سی چل ساڵه، باڵای سه‌دو په‌نجاو نۆ سانتیمه و جلی شینی له‌به‌ردایه،" چونكه ئه‌مه ته‌نیا وه‌سفێكی ئاسانه كه هه‌واڵدز سه‌باره‌ت به كه‌سێكی گومان‌لێكراو ده‌یدات به پۆلیس. ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت پلۆتێكی نیوه‌ناچڵه كه ته‌نیا وه‌سفی ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌یت كه خه‌ریكی سه‌یری ده‌كه‌یت.
بیستن:
ئه‌گه‌ر تۆش وه‌كو من (زیاتر له هه‌موو هه‌سته‌كانت چاوت به‌كارده‌هێنیت) و به‌هایه‌كی زۆر بۆ بیستن داده‌نێیت، له‌م حاڵه‌ته‌دا ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه بكه:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و فیلمه‌ی سه‌یری ده‌كه‌ی هه‌ژێنه‌ره، ده‌نگه‌كه‌ی بگره و له ته‌له‌فزیۆنه‌وه سه‌یری بكه، ئایا هێشتا هه‌ژێنه‌ره؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت نێگه‌تیڤه هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
دووه‌م: دووه‌م بابه‌ت، بابه‌تێكی زیهنییه و كردنی له شوێنی واقیعی ده‌وروبه‌رماندا زۆر قورسه و له‌وانه‌یه به كوشتت بدات. ته‌سه‌ور بكه هه‌ندێ مۆدیلی ئاڵۆزی هێدفۆن به‌كاربهێنیت كه كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه به‌كاریده‌هێنن، ئێستا وایدابنێ له خه‌و هه‌ڵده‌ستیت و ده‌یخه‌یته گوێته‌وه و ئیشوكاری رۆژانه‌ی خۆت ده‌كه‌یت. به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێت له هیچ ده‌نگێك بێت، پیاسه ده‌كه‌یت و ئۆتۆمبیل لێده‌خوڕیت و به شه‌قامدا تێپه‌ڕ ده‌بیت و ...
سێیه‌م: به په‌ڕۆیه‌ك چاوت ببه‌سته‌ره‌وه و له ژوورێكدا یان له هه‌ر جێگایه‌كدا كه خه‌ڵك تیایدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و قسه ده‌كه‌ن، دانیشه، چه‌ند ده‌نگی جیاواز ده‌بیستیت؟ چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌یه له‌سه‌رت؟ هۆشیاری تۆ له‌گه‌ڵ كاتێكدا كه هێشتا چاوت نه‌به‌سترابۆوه چ جیاوازییه‌كی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر جیاوازی نییه، ئه‌و كاته‌ی چاوت به‌ستراوه‌ته‌وه هه‌ستت سه‌باره‌ت به ده‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌دا كه چاوت نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه چ جیاوازییه‌كی هه‌یه؟
راهێنان بۆ بیستن:
ئێستا دیمه‌نێك بنووسه كه چه‌ند كه‌سێك له كاتی جووڵه و قسه‌كردندان له‌گه‌ڵ یه‌كتری.
1- له گۆشه‌نیگای كه‌سێكه‌وه كه چاوی نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه.
2- له گۆشه‌نیگای كه‌سێكه‌وه كه چاوی به‌ستراوه‌ته‌وه.
هه‌موو ره‌فتار و قسه‌كردنه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیاندا تاقیبكه‌ره‌وه، له‌وانه‌یه له ئاینده‌دا پێویستت به‌م راهێنانه بێت یان ته‌نانه‌ت بته‌وێت دیمه‌نێك بنووسیت له‌و شوێنه‌دا كه هیچ شتێك نا‌بینیت و تاریكه. ئه‌وه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه كه به‌م راهێنانانه توانای تێگه‌یشتنت له كاریگه‌ری ده‌نگه‌كه زیاتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌دا كه په‌شۆكاویت.
به‌یادهێنانه‌وه:
من كڵاسی نووسه‌ریم له‌سه‌ر دوو ئاست به‌ڕێوه‌ده‌به‌م. ئه‌و كه‌سانه‌ی قسه‌یه‌كیان هه‌یه بۆ وتن، به‌ڵام نازانن چۆن بیڵێن و ئه‌و كه‌سانه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ده‌زانن چۆنی بڵێن، به‌ڵام قسه‌یه‌كیان نییه بۆ وتن.
من له حه‌زی خوێندكاره‌كانم بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان تێده‌گه‌م، چونكه خۆشم سه‌ره‌تا زۆر حه‌زم ده‌كرد هه‌موو نووسینه‌كانم چاپ بێت. هه‌ندێ رووداو به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌و كاته‌دا كه خۆیندكار بووم روویاندا. به ئاسانی فێری وێنه‌كێشان بووم وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كی میكانیكی به شێوه‌یه‌ك كه ده‌متوانی هه‌ر شتێك كه له جێگایه‌كی گونجاو‌دا بوایه له نزیكم به هه‌موو ورده‌كاریه‌كییه‌وه وێنه‌ی بكێشم، به‌ڵام هیچ به‌هایه‌كم بۆ ئه‌م شاره‌زاییه دانه‌ده‌نا، چونكه هه‌میشه هه‌ستم ده‌كرد جێگای شتێك تیایدا به‌تاڵه. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه بووبێت كه پێویستیان به هیچ راڤه‌یه‌ك نه‌بوو، ته‌واو بێ‌مانا بوون.
پێم وایه ئه‌گه‌ر درێژه‌م به پیشه‌ی وێنه‌كێشان بدایه له هه‌مان شت تێده‌گه‌یشتم كه له نووسه‌ریدا فێری بووم. سه‌رنجی ته‌كنیك بده، چیرۆك له پێسته‌یه‌ك دروست بووه كه چه‌ند به‌شێكی دیاریكراو له خۆی ده‌گرێت. ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به چیرۆك سه‌رنجڕاكێشه ئه‌وه‌یه كه ده‌توانێت به وێنه‌كێشانی شته‌كان له كات ده‌ریان بهێنێت و جێگیریان بكات، وه‌كو ئه‌زموونێك یان هه‌ستێك.
من نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه ده‌نووسم، كاتێك به‌جدی ده‌ستمكرد به بیركردنه‌وه سه‌باره‌ت به فراوانی خه‌یاڵم، هه‌ستم كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌م ده‌یزانم. كاتێك چیرۆكێك له مێشكمدا دروست ده‌بێت، پڕه له‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆر له یادما ده‌مێننه‌وه. به‌گشتی خه‌یاڵدانی من شتی بێبه‌ها ناهێنێته‌وه یاد، به‌رواره‌كان، رۆژه‌كانی حه‌فته، ئه‌دره‌سی كۆن و ناوی كه‌سه‌كان له‌بیر ده‌كه‌م، ئه‌مانه به‌شه به‌تاڵه‌كانی ژیانمن، به‌ڵام ساته‌وه‌خته به‌هاداره‌كان به ته‌واوی له مێشكمدا روونن، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌وانه په‌یوه‌ندیان به چل سان په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌یه، كه بۆ به‌یادهێنانه‌وه‌یان نه‌ستم پێویستی به هه‌ژانێك یان جووڵه‌یه‌ك هه‌یه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌وانه له خه‌یاڵدانی خۆمدا هه‌ڵگرم.
یه‌كێك له‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی كه هه‌میشه له مێشكمدا ماوه‌ته‌وه یاده‌وه‌ری زه‌مانێكه كه له نووسینگه‌یه‌ك ئیشم ده‌كرد كه ژنێكی تووڕه به‌رپرسی بوو. كاتێ ده‌چوومه لای بۆ ئه‌وه‌ی نووسراوێكی لێ وه‌ربگرم، نووسراوه‌كه‌ی ده‌خسته سه‌ر مێزه‌كه و زه‌ق زه‌ق سه‌یری ده‌كردین. رۆژێك به رێكه‌وت به ئه‌سانسۆر له‌گه‌ڵی چوومه خواره‌وه، له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا قسه‌ی ده‌كرد و زه‌ره‌ده‌خه‌نه‌ی ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و رۆژه زه‌رده‌خه‌نه‌یم نه‌دیبوو، له‌ناكاو هه‌ستمكرد روخساری به زه‌رده‌خه‌نه چه‌ند جوان بووه. پاشان هه‌ستمكرد ئه‌و ته‌نیا ئه‌كته‌رێكی بچووك نه‌بووه له خه‌یاڵدانمدا به‌ڵكو كاره‌كته‌رێك بوو كه هه‌میشه له ناوه‌ندی مێشكمدا بووه. ساڵانێك دوای ئه‌وه هه‌ستمكرد ئه‌و بۆچی له شوێنی ئیشكردنی بزه ناكه‌وێته سه‌ر لێوی و دوو ژیانی هه‌بوو. یاده‌وه‌رییه‌كی دیكه‌م په‌یوه‌ندی به كاتی قوتابخانه‌وه هه‌یه، له كڵاسی سێ بووم و یه‌كێك له هاوپۆله‌كانم فێ (سه‌رع)ی له‌گه‌ڵدا بوو، جارێكیان بینیم كه به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی له شوێنی خۆی ده‌له‌رزی، ده‌ست و قاچی ده‌جووڵاو گازی له زمانی گرتبوو. یه‌كه‌مجار وامزانی سزا دراوه و ده‌گری، به‌ڵام كاتێك له كڵاس بردیانه ده‌ره‌وه و له بابه‌ته‌كه تێگه‌یشتم. ساڵانێك دوای ئه‌وه له چیرۆكی (وڵاتێك له میهره‌بانی) باسمكرد.
كاتێك بۆ نووسینی چیرۆكێك هاوڕێ كۆنه‌كانم به‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌بینم هه‌ندێك له‌وانه به‌شێكی بچووك و رۆشنن كه وه‌كو (خاڵی رۆشن) ناوم بردن، به‌ڵام ئه‌وانیتر شتێكی تایبه‌تیان نییه. پێنج یان شه‌ش جۆر خه‌یاڵدانی ئاسایی له مرۆڤدا هه‌یه. له‌وانه‌یه تۆ خاڵی چالاكی بچووكت نه‌بێت، به‌ڵام جۆره‌ها یاده‌وه‌ری ترت هه‌یه كه هه‌موویان رووداوی گرنگ بوون به‌لای تۆوه.
راهێنان بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه:
هه‌وڵبده بیرله رووداوێك بكه‌یته‌وه كه له مناڵیتدا وه‌كو رازێك یادت ده‌كرده‌وه، یان به‌لاته‌وه گرنگ بوو. ئه‌گه‌ر یه‌كسه‌ر بیرت نه‌هاته‌وه فشار مه‌خه‌ره سه‌ر مێشكت، له‌وانه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا بێته‌وه یادت. كاتێ هاته‌وه یادت، بیری لێبكه‌ره‌وه. یه‌كه‌م بزانه بۆچی به‌لاته‌وه گرنگ بووه، ئایا ئه‌و ساته‌یه له‌وه تێگه‌یشتیت ئه‌و كه‌سه‌ی پێت وابوو خۆشت ده‌وێت، بێڕه‌حمه؟ یان ئه‌و كه‌سه‌ی رقت لێی بوو، میهره‌بان و خۆشه‌ویستی لێ ده‌رچوو؟ له سه‌ره‌تای ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌دا وه‌كو پارچه‌یه‌كی یاریی مناڵان وایه كه ناگونجێت، كاتێك گونجا ده‌توانیت پڕی بكه‌یته‌وه. ئایا ده‌توانیت وه‌كو بیرۆكه‌یه‌ك بۆ چیرۆكه‌كه‌ت به‌كاریبیهێنت؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانیت بێگومان ئه‌وه بكه و دڵنیابه كه بێسوود نابێت.
سه‌رچاوه: داستان نویسی نوین ص32-36