دوێنێ، پێشانگەی 200 وێنە، 200 درەوشانەوە، لەلایەن بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە. لە پێشانگەکەدا کە كۆمەڵێك وێنەی دەگمەنی سەرۆك مام جەلال-ی تێدا نمایش کرابوو، ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی و حكومی و ئەندامانی پەرلەمان و خەڵکی شاری هەولێر ئامادەبوون.
پێشانگەی 200 وێنە، 200 درەوشانەوە تایبەت بوو بە كۆمەڵێك وێنەی دەگمەنی سەرۆك مام جەلال و لەلایەن مەریوان مەسعود راگەیاندنكار و جێگری سەرنووسەری كوردستانی نوێ-وە، ئامادەكرابوو.
دوای كردنەوەی پێشانگەكەش، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: مام جەلال یەكێك لەو کەسانە بوو، رۆژانە لەسەر مێزەكەی لیستێك هەبوو بەدواداچوونی بۆ دەكرد، كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەبوو، لەوانە دۆخی ئاو و كارەبا و نرخی خۆراك، بۆیە بڕوا ناكەم لە رابردوو و ئێستا و داهاتووش، لێپرسراوێكی سیاسی هەبێت، ئەوەندە گرنگیدانەكەی فراوان بێت كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەبێت.
وتیشی: مام جەلال تەنیا لە یەكێتی و خێزانەكەی نەڕۆیشت، بگرە لە هەموو تاكێكی كورد و عیراق چوو، تەنانەت بەمدواییە بوو بە سەرۆكی فەخریی سۆسیال ئەنتەر ناسیۆناڵ، كە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، دەگرێتەوە.
جێگەی ئاماژە بۆکردنە، لە پێشانگەکەدا بەشێکی زۆر لەو وێنانەی مام جەلال نمایشکرا، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی سیاسی و دامەزراندنی یەکێتی و ژیانی شاخ و قۆناغەکانی دوای راپەڕین و پرۆسەی ئازادیی عیراق و ماوەی سەرۆکایەتیی کۆمار، کە هەریەکەیان گوزارشت لە قۆناغێک دەکات.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا