«بە هاوكاریی هاووڵاتیان نایەڵین كێشە دروستببێت»

لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور: پلان و پرۆژەمان هەیە و لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانداین

10:17 - 2025-05-29
کوردستان
146 جار خوێندراوەتەوە
پرۆژەی ئاوی بێستانسور

لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور، ئاماژە بەوە دەكات كە پلانەكانیان بەو شێوەیەن گرفتی كەمئاوی لە سنوورەكەدا سەرهەڵنەدات و ئاوی پێویست بۆ قەزا و ناحیە و گوندەكان دابین بكەن، بۆ ئەوەش چەندین پرۆژەیان لە بەرنامەدایە.
شلێر سەعید دانیشتووی قەزای شارەزوور و كەلسوم حەمەئەمین نیشتەجێی ناحیەی وارماوا، دەڵێن: تائێستا گرفتی كەمئاویی لە سنوورەكانیاندا دروستنەبووە و ئاوی پێویستیان بۆ دابیندەكرێت، لە وەرزی هاوینی ساڵانی رابردووشدا چوار رۆژ جارێك ئاویان بۆ بەردراوەتەوە، هیوادارین ئەمساڵیش گرفت دروست نەبێت و لایەنی پەیوەندیدار لە سنوورەكە بەرنامەیان هەبێت و ئاوی پێویست دابین بكەن.
سەبارەت بە دابەشكردنی ئاو و پلانیان بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ، رەمەزان عارف لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بۆ روبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی، داوای جێبەجێكردنی پرۆژەیەكیان كردووە، كە تێچووەكەی نزیكەی 30 ملیار دینارە و بریتییە لە فراوانكردنی ئاوی سیاشان و دروستكردنی خەزان، هەروەها داوایان كردووە دوو بیر لە سەرچاوەكانی ئاوی بێستانسور لێبدرێت، كە ئاو دابیندەكات بۆ قەزای شارەزوور و ناحیەكانی عەربەت و وارماوا و ئاوارەكان و زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو سنوورانەدا نیشتەجێن.
ئەوەشی خستەڕوو كە هەرچەندە ئاوی سەرچاوەكانی سنوورەكە كەمیكردووە، بەڵام رۆژانی دابەشكردنی ئاویان بۆ قەزای شارەزوور و ناحیەكانی وارماوا و عەربەت كەمنەكردووەتەوە، ئەوەی كراوە تەنها كاتی پێدانی ئاو كەمكراوەتەوە، لە هەوڵی ئەوەداین چارەسەری ئەوەش بكەین، وتیشی: بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت و خەڵكی بێئاو نەبن، پێویستە هاووڵاتیان هاوكارمان بن و ئاو بەفیڕۆنەدەن، بەو شێوەیەش دەتوانین ئەو بەرنامەی دامانناوە سەركەوتووبێت.
تایبەت بە گوندەكانی سنوورەكەش، وتی: بۆ پرسی گوندەكان، لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی سەردانی ناحیەی وارماوایان كرد و داواكارییەكانیان خرایە بەردەست، داوامان كرد بۆ هەر گوندێك كە سەرچاوەی ئاوی نییە بیری بۆ هەڵبكەنرێت، ئەوانەشی سەرچاوەی ئاویان هەیە نۆژەنبكرێنەوە و خەزانەكانیشیان پاكبكرێتەوە.
هەڵەبجە، محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان