رێکارەکانی دەربازبوون لە هاککردن

10:18 - 2022-08-13
دووتوێ
583 جار خوێندراوەتەوە

ئەو كەسانەی كە تووشی هاككردن دەبن، جگە لەوەی لە رووی دەروونییەوە تووشی شڵەژاوییەكی زۆر دەبن، هاوكات نازانن بە چ رێگەیەك جارێكی تر مۆبایلەكانیان بگەڕێننەوە بارودۆخی پێشتر و لە دەستی هاككەران دەریبهێنن.
شارەزایانی بواری تەكنۆلۆجیا و سیستمی خۆپارێزیی لە هاككردن، كۆمەڵێك رێوشوێنیان دیاریكردووە، بۆ ئەو بەكارهێنەرانەی كە مۆبایلەكانیان رووبەڕووی هاككردن بۆتەوە و لەم بابەتەدا دەخرێنەڕوو.

سڕینەوەی پڕۆگرامە گوماناوییەكان
دابەزاندنی پڕۆگرامە گۆماناوییەكان كە سەرەنجام كاری سیخوڕی لەناو هەر مۆبایلێک دەكات، هۆكارێكی گرنگە بۆ هاككردن، بۆیە باشتروایە بە خێرایی هەموو ئەو پڕۆگرامانە بسڕیتەوە، هاوكات ئەو پڕۆگرامانەی كە لە دەرەوەی هەردوو پڕۆگرامی دابەزاندنی ئەپەكان (Apple Store) لە سیستمی كارپێكردنی (IOS) و (Google Play) لە سیستمی كارپێكردنی (Android) داتبەزاندوون، بە هەمان شێوە بیانسڕەوە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو ئەپە جۆراوجۆرانە، لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیایەوە فلتەر نەكراون.

بەكارهێنانی ئەنتی ڤایرۆس
ئەپەكانی ئەنتی ڤایرۆس، جگە لەوەی بەشێك لەو ڤایرۆسە زیانبەخشانە لەناو دەبات، هاوكات هەموو ئەو ئەپە گوماناوییانەش دەدۆزێتەوە، كە بوونەتە هۆی هاككردن، بەڵام بەو مەرجەی ئەنتی ڤایرۆسەكە ئۆرجیناڵ بێت و لەو ئەپانە نەبن كە بە خۆڕایی بەردەستن.

دووركەوتنەوە لە (Root) و(Jail breaking)
لە هەردوو سیستمی كارپێكردنی (IOS) و (Android)دا، كۆمەڵێك خزمەتگوزاری و پڕۆگرامی جۆراوجۆر هەن كە بەكارهێنەران ناتوانن دایبەزێنن، بۆیە زۆركات بەشێك لە بەكارهێنەران، بەمەبەستی دەستكەوتن و دابەزاندنی ئەو پڕۆگرامانە، پەنا بۆ (Root) كردن لە سیستمی (Android) و (Jail breaking) لە سیستمی  (IOS) دەبەن، بەڵام ئەوە گەورەترین هەڵەیە و كردنەوەی چەندین دەرگایە بە رووی هاككەراندا، بۆیە ئەگەر یەكێك لەو دوو رێكارەتان كردووە، خێرا مۆبایلەكانتان بگەڕێننەوە دۆخی جارانی.

گەڕانەوەی مۆبایلەكەت بۆ (factory settings)
رێكاری گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخەی كە كۆمپانیای دروستكاری مۆبایلەكەت رێگەی پێداوە، یەكێكە لە هەنگاوەكانی سڕینەوە و دەربازبوون لە مۆبایلە هاككراوەكان، هەرچەندە ئەم رێكارە دەبێتە هۆی سڕینەوە و لەناوچوونی هەموو وێنە و ڤیدیۆ و پڕۆگرامەكان، بەڵام باشترین رێگایە بەمەبەستی گەڕانەوەی متمانە و پارێزراوی بۆ مۆبایلەكەت و بڕینەوەی دەستی هاككەران.

گۆڕینی وشەی نهێنی ئەكاونتەكان
هەر مۆبایلێك هاك كرابێت، ئەوە دڵنیابە لەوەی وشەی نهێنی زۆربەی ئەكاونتەكان دزراون، وەك وشەی نهێنی: (ئیمەیل، ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیا، كارتی بانكی و ....تد)، بۆیە دەبێت كەسی هاككراو، لەدوای جێبەجێكردنی ئەو رێكارانەی كە ئاماژەیان بۆ كرا، بە خێرایی وشەی نهێنی سەرجەم ئەكاونتەكانی بگۆڕێت.

دووركەوتنەوەی لە بەكارهێنانی (Wi-Fi) لە شوێنە گشتییەكاندا
پێویستە هەموو بەكارهێنەرێكی مۆبایل ئەو راستییە بزانێت كە بەكارهێنانی (Wi-Fi) لە شوێنە گشتییەكاندا (چایخانە، كافێ، ریستۆرانت و كافتریاكان و ...تد)، وەك ئەوە وایە بەدەستی خۆت مۆبایلەكەت بخەیتە بەردەستی هاككەران، چونكە كۆنێكت بوون بە (Wi-Fi) زۆر بە ئاسانیی دەتوانرێت (IP) و (mac address)ی مۆبایلەكان بزانرێت و لەو رێگەیەشەوە دزە بكرێتە ناو سیستمی مۆبایلەكانەوە، بۆیە جگە لە هێڵی ئینتەرنێتی خۆت، باشتروایە كۆنێكتی هیچ (Wi-Fi)یەکی نەناسراو نەبێت، بەڵام ئەگەر زۆر پێویستت بوو و هێڵی ئینتەرنێتی خۆتت پێ نەبوو، ئەوە دەتوانرێت لە رێگەی پڕۆگرامی (VPN)ی ئۆرجیناڵەوە، كۆنێكتی (Wi-Fi) ئەو شوێنانە بیت، چونكە ئەو پڕۆگرامە، ناسنامە و (IP) و (mac address)ی مۆبایلەكان دەگۆڕێت بۆ وڵاتێكی دیكە یاخود پیشاندانی ون دەكات.

نوێكردنەوەی بەردەوامی سیستمی كارپێكردن
كۆمپانیاكانی دروستكردنی مۆبایل، مانگانە و هەندێك جاریش كەمتر لەو ماوەیە، درك بەو هەڵە تەكنیكییانە دەكەن كە لەلایەن هاككەرانەوە قۆستراوەتەوە، بۆیە زوو زوو سیستمی كارپێكردن نوێدەكەنەوە (update) و ئەو هەڵە تەكنیكییانە چارەسەر دەكەن، بۆیە باشتروایە لەگەڵ دەستەبەربوونی هەر ڤێرژنێك، مۆبایلەكان ئەپدەیت بكرێتەوە. 

״متمانەت بە كەس نەبێت״
هیچ كات متمانەت بە كەس نەبێت، بۆ ئەوەی مۆبایلەكەت بەكراوەیی لەلای بەجێهێڵیت، چونكە هاككردنی هەر مۆبایلێك تەنیا كاری كەمتر لە خولەكێكە، بۆیە باشتروایە وشەی نهێنی بۆ چوونە ناو مۆبایلەكەت، لە رێگەی پەنجەمۆرەوە بێت (fingerprints) یاخود كردنەوە بە رێگەی (چاو)ەوە بێت.

 * سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1 - ماذا تفعل عند أختراق هاتفك؟ https://tinyurl.com/5f5t24uy
2 - كیف تتعامل مع هذا الواقع؟ https://tinyurl.com/34t6vrpw

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان