بەهۆی رووداوەکەی هەولێرەوە کە حەوت کرێکار بەشێك لە چاڵی بۆرییەكانی پرۆژەیەکی ئاویان بەسەردا داڕما و یەکێک لە کرێکارەکانیش گیانی لەدەستدا، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: هاوخەمی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو كرێكارە دەردەبڕین و هیوای باشتربوونی باری تەندروستی بۆ كرێكارەكانی تر دەخوازین، جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە تیمە فریاگوزارییە تەندروستییەكانیش بكەین كە بەشێوەیەكی خێرا بەهانای كرێكارەكانەوە چوون و كاری پێویستیان بۆ ئەنجام دان لە پێناو رزگاركردنیان.
وتیشی: داواكارین لە كۆمپانیاكانی جێبەجێكاری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی گیانی كرێكاران و ئەندازیارانی پرۆژەكان.