مانەوە لە یادگەی زەمەندا

09:50 - 2025-06-05
ئەدەب و هونەر
50 جار خوێندراوەتەوە

 ئەمە سێیەم چیرۆکی پشتیوان ئەحمەد-ە دەیخوێنینەوە و تێیدا چەق و پانتاییەکەی خانەقین و توێژێک لە خەڵکی پەراوێزنشینی ئەو شارە نیشانگر دەکات. چیرۆکی ئەمجارە: «حیکایەتی بەهجەتی وێنەگر و دەوروبەرەکەی»ەتی، لەڕێی گێڕانەوەی ژیان و بەسەرهاتی بەشێک لە خەڵکی بەشمەینەتی تورکمان و شیعە و شیوعییەکانی ئەو شارەوە، بە دیوێکی تری خانەقینمان ئاشنا دەکات. رەوتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەش وەک دوو چیرۆکی پێشوو: «حیکایەتی ئەبوگونی و میرزای باوکی» و «حیکایەتی مەجید خانەوەگ»، شێوەی پارچە پارچەی هەیە و بە ریتمێکی هێواشدا دەڕوات، لە هەر پارچەیەکدا بەسەر رووداوێک و کۆمەڵێک کەسدا دەمانخات، بە تێکڕا دەبنە پێکهاتەی چیرۆکەکە و کاروباری گێڕانەوەکەی دەبەنە پێش.
سەرەتای هاتنی ئامێری کامێرا بۆ کوردستان، مێژوویەکی لەمێژینەی نییە، ئاشکراشە لە دەستپێکی هاتنی ئەو ئامێرەدا بۆ خاکی کوردان، تەنیا چینێکی سەردەست و ئەشراف توانیویانە هەیانبێت و وێنەی دڵخوازی خۆیان بگرن، ئەگەر لە تەنیشتەوە و بە شەرمەوە، جارجار رەعیەتێک یان خزمەتکار و مەیتەرێک لە وێنەکاندا دەرچووبن، ئەوە کاری بەخت و نێوچەوان بووە. کامێرا یەکێکە لە دەرکەوتەکانی دنیای مۆدێرن. قسە لەسەر ئەم سەردەمە نییە کە هەموومان خاوەنی کامێرایەکین لە گیرفانماندا، قسە لەو زەمانەش نییە کامێرا یەکێک بووە لە شانازییەکانی بنەماڵە خواپێداو و خانەدانەکان و دەگمەن بووە، قسە لەسەر ئەو زەمەنەیە کە «حیکایەتی بەهجەتی وێنەگر و دەوروبەرەکەی» دەیگێڕێتەوە؛ بوونی چەندان ستۆدیۆ لە خانەقین، کە چیدی چینێکی دیاریکراو ناتوانێت خاوەنی وێنە بێت، بەڵکو کەسانی رەشوڕووت و هەژاریش دەتوانن بچن و وێنەی خۆیان بگرن. ئەم چیرۆکە لەگەڵ خۆیدا کۆتایی بە پاوانخوازیی دەستەیەک دەهێنێت و دەریدەخات کە دنیای نوێ، چۆن بە خێرایی بەرپێنەگیراو دەتوانێت بتەنێتەوە و قوژبنترین شارەکان پڕ بکات لەو دەستکەوتانەی رۆژانە و بە بەردەوامی دەیانخاتە بازاڕە گەورەکانی دنیاوە.
بەهجەتی وێنەگر و وێنەگرەکانی دیکەی خانەقین نوێنەری ئەو دنیا تازە و مۆدێرنەن، ئەوان دەزانن لە کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتوودان و بوونی ئامێرێک کە دەتوانێت چرکەساتێکی ژیانی خەڵک هەرمان بکات، چ ئەفسوون و سەرسامییەکە بۆیان. لەم چیرۆکەدا ئێمە شایەتحاڵی ئەو خەڵکانەین کە چۆن دەیانەوێت بڕگەیەک لە ژیانیان بۆ هەمیشە لە چوارچێوەی فۆتۆیەکدا رابگرن، چۆن خەریکن نەختە نەختە لەگەڵ مۆدێل و دنیای دەرەوەدا، کە نموونە بچووکەکانی لە جامخانەی ستۆدیۆکاندا دانراوە، دەست نەرم دەکەن و یەکەم بەرکەوتن و پێکدادانە کەلتورییەکان لە ستۆدیۆ بچووکەکان و بەردەم کامێرا قەدیمییەکاندا، خەریکن روو دەدەن.
«حیکایەتی بەهجەتی وێنەگر و دەوروبەرەکەی»، هەر چیرۆکی وێنەگرەکانی خانەقین ناگێڕێتەوە، بەڵکو وەک لە ناوەکەیدا دیارە، دەوروبەری ئەو وێنەگرانەش بەسەر دەکاتەوە. لە گێڕانەوەی حیکایەتی ئەوانیتردا تێدەگەین، خانەقین نموونەی شارێکی زیندوو بووە، لانیکەم لە سەروەخت و زەمەنی چیرۆکەکەدا، بەوەدا کە تێکڕژانێکی کۆمەڵایەتی، ئیتنیکی، ئایینی و رەگەزی لەگەڕ بووە، وێڕای دەنگی جیاواز و بیرکردنەوەی جیاواز. لە مەتنی چیرۆکەکەدا دەبینین هیچ کات ئەو جیاوازییانە نابنە لەمپەڕ لە بەردەم پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتردا، شاریش بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە مانای شاربوون وەردەگرێت. لەم چیرۆکەدا بەرکەوتنی کەسەکان بە یەک، ئەگەرچی هەندێک جار لە رواڵەتدا وا دەردەکەوێت توند و زبر بێت، بەڵام هەمیشە و لە سەرئەنجامدا دەبێت بە جۆرێک لە گاڵتە و پێکەنین، گاڵتە و پێکەنینێک کە دەیسەلمێنێت یەکترقبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن بەرقەرارە.
خاڵێک لەم کتێبەدا جێی سەرنجە، بوونی ژمارەیەک فۆتۆیە کە لە پاشکۆی کتێبەکەدا چاپ کراون. فۆتۆکان هەمان ئەو کارەکتەرانەن لە چیرۆکەکەدا دەنگیان دەبیستین و رووداوەکانیان دەخوێنینەوە و لەلایەن هەمان ئەو وێنەگرانەوە گیراون کە ناویان هاتووە. بە واتایەکی تر، ئەم کارەکتەرانە کەسانی واقیعی ناو ژیانی شاری خانەقین و نزیک و ناسیاو و برادەری نووسەری چیرۆکەکەن، بەڵام لێرەدا بە گوزەر و فیلتەری چیرۆکدا تێپەڕیون و لە کارەکتەری واقیعییەوە بوون بە کارەکتەری چیرۆکیی، بەو واتایەی لە واقیع خراون و مامەڵەیەکی چیرۆکییان لەگەڵدا کراوە، ژیانێکی نوێیان بە کۆمەکی فەنتازیا و خەیاڵ بۆ ئەفرێنراوە. بێگومان ئەمەش تازە نییە و لە دنیای چیرۆک و رۆماندا، سەدان دەقی هاوشێوە هەن راستەوخۆ لە دڵی واقیعەوە کارەکتەر و رووداوەکانیان هەڵگۆزتووە، بەڵام نەک دەقاودەق و وەک خۆی، بەڵکو لە بۆتەی چیرۆکدا هونەرێنراون.
پشتیوان ئەحمەد. بەم چیرۆکانە و ئەوانەش کە بڕیارە بە دوای ئەماندا بێن، رۆڵی مایسترۆی چیرۆکبێژی خانەقین و کەس و رووداوە گومناوەکانی ئەو شارە دەگێڕێت، بەوەش کارێک دەکات ئەو کەس و رووداوانە لە یادگەی زەمەندا بۆ هەمیشە بمێننەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان