کامیان زووتر و زیاتر هاک دەکرێت؟

10:23 - 2022-08-13
دووتوێ
975 جار خوێندراوەتەوە

هەمیشە ئەم دوو پرسیارە لەسەر ئاستی گفتوگۆ و دیبەیتە جیهانییەكانی پەیوەست بە ئاسایشی سایبرانیدا، مشتومڕی لەبارەوە دەكرێت، كە ئایا كامیان زۆرتر و زووتر هاك دەكرێت، بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئەپڵ یان كۆمپانیای سامسۆنگ؟ سیستمی مۆبایلی كام لەو دوو كۆمپانیایە، ئەستەمە بۆ هاككردن؟.
بەپێی داتا نێودەوڵەتییەكان بێت، لەسەر ئاستی جیهان سیستمی كارپێكردنی (Android) بۆ مۆبایل، زۆرتر لەلایەن هاككەرانەوە هەڵە تەكنیكییەكانی دەدۆزرێتەوە و بە ئاسانتر هاك دەكرێت، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە ئەو سیستمە بەراورد بە سیستمی (IOS) كراوەترە و بە زوویی دەتوانرێت كۆنترۆڵی سیستمەكەی بكرێت، بەڵام ئەمە مانای وا نییە كە ئەستەمە بتوانرێت دەستی هاككەران بە سیستمی كارپێكردنی (IOS)بگات، بەڵكو ساڵانە سەدان هەزار مۆبایلی ئایفۆنیش هاك دەكرێت، بۆیە جیاوازییەكە تەنیا لە ئاستی بەهێزیی دیواری پارستنی سیستمی ئەو دوو بەرهەمەدایە.
لەوبارەیەوە، پسپۆڕانی بواری تەكنۆلۆجیا و ئاسایشی سایبرانی دەڵێن: ״هیچ بەرهەمێكی تەكنۆلۆجیای گەیەنراو بە هێڵی ئینتەرنێت لە جیهاندا نییە كە دەستی هاككەرانی پێنەگات، بەو واتایەی هەر ئامێرێك كۆنێكت بكرێت بە ئینتەرنێتەوە، ئەوە روبەڕووی مەترسی هاككردن دەبێتەوە، ئیتر ئەو ئامێرە بەرهەمی كام كۆمپانیای بەناوبانگ بێت، بۆ هاككەران گرفتی سەرەكی نییە״.
دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە ئەوەیە، كە دەبێت هەموو بەكارهێنەرێك ئەو هۆشیارییەی لەلا گەڵاڵە بێت، بەكارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت، كردنەوەی یەكێك لە دەروازەكانە بە رووی هاككەراندا، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە چ رێگایەك دەستی ئەوان لە ئامێرەكانت دوور دەخەیتەوە و بە وریاییەوە مامەڵە دەكەیت. 

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان