ئاگاداری ژمارەی مۆبایلەكانتان بن!

10:28 - 2022-08-13
دووتوێ
699 جار خوێندراوەتەوە

پرسیارێك لای زۆربەی بەكارهێنەرانی مۆبایل گەڵاڵەیە: ئایا هاككەران دەتوانن تەنیا لە رێگەی زانینی ژمارەی «سیم كارت»ی كەسێكەوە، مۆبایلەكەی هاك بكەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ-یە.. بەڵام چۆن و لە كەیدا؟
لە راستیدا زۆر ئەستەمە هاككەر بتوانێت بە تەنیا زانینی ژمارەی «سیم كارت»، مۆبایلی كەسێك هاك بكات (بڕوا بەهیچ هاككەرێكیش مەكەن كە ئەو بانگەشەیە بكات)، بەڵام لە چەند حاڵەتێكدا ژمارەی مۆبایل كارئاسانیی زۆر بۆ هاككەر دەكات، بۆ ئەوەی ئامانجەكانی بپێكێت، لەوانە:
یەكەم: ئەگەر بەكارهێنەر ئەژمار و ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیای پەیوەست كردبێت بە ژمارەی «سیم كارتەكەیەوە»، بۆ نموونە، وشەی نهێنی ئەكاونتی فەیسبووك یان تویتەر یاخود پۆستی ئەلیكترۆنی بەكارهێنەرێك بریتی بێت لە ژمارەی مۆبایلەكەی، ئەوە لەگەڵ هاككردنی ئەو ئەكاونتانە، راستەوخۆ ژمارەی سیم كارتی بەكارهێنەر بە ئاسانی دەزانرێت و دەشتوانرێت لە رێگەیەوە كۆی سیستمی مۆبایلەكەی هاك بكرێت.
دووەم: لە بەشێكی ئەپەكانی سۆشیال میدیادا، داوای ژمارەی مۆبایلی بەكارهێنەر دەكرێت، هاوشێوەی فەیسبووك، باشتروایە بەكارهێنەر بەشی دەرخستنی ژمارەی مۆبایل لە پرۆفایلەكەی بشارێتەوە (hide)، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ژمارەی مۆبایلەكەت نەكەوێتە دەستی هاككەرانەوە و یەكێك لە رێگاكانی هاككردن بۆ هاككەران ئاسان نەكات.
سێیەم: ئەگەر وشەی نهێنی كردنەوەی مۆبایلەكەت بریتی بێت لە ژمارەی «سیم كارتەكەت»، پێویستە هەموو بەكارهێنەرێكی مۆبایل لەوە تێبگات كە دەبێت دەستبەرداری خزمەتگوزاریی وشەی نهێنی بۆ كردنەوەی مۆبایلەكەی بێت و لە بەرامبەردا خزمەتگوزاریی كردنەوەی مۆبایل بە «پەنجەمۆر» یان «وێنەی دەموچاو» بەكاربهێنێت.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان