رۆژانی 15 تا 17ی ئەم مانگە، کۆنگرەی لووتکەی گروپی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە، کە بە (G7) ناسراوە لە ناوچە شاخاوییەکانی (کاناناسکیس)ی هەرێمی ئەلبێرتای کەنەدا رێکخرا.
کۆنگرەکە بەسەرپەرشتیی مارک کارنی سەرۆکی کەنەدا و بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا دەستی بە کارەکانی کرد و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش ئاسایشی وزە و جەنگی بازرگانی و ئەو جەنگ و بابەتانە بوون، کە پەیوەندییان بە ئاسایشی گشتیی جیهانەوە هەیە.
کەنەدا، کە سەرۆکایەتیی لووتکەی ئەمساڵی لە ئەستۆیە، هەر زوو ئاشکرایکرد، لووتکەکە بەیاننامەی ھاوبەشی کۆتایی نابێت و تەنیا بەیاننامەی سەرۆکایەتیی لووتکە بڵاودەکرێتەوە. لووتکەی ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی نیگەرانیی بەشداربووانی سەبارەت بە جەنگی بازرگانی پێوە دیاربوو، کە بەھۆی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە سەریهەڵداوە.
هەروەھا نیگەرانیی هەیە سەبارەت بە ئاسایشی وزە، کە بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران و ئیسرائیلەوە بۆسەر یەکتری، دەکەوێتە مەترسییەوە.
مێژووی دروستبوونی گروپی (G7)
ساڵی 1975 هەریەکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا گروپێکیان پێکهێنا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان، بە تایبەتیش دوای قەیرانی نەوت کە ساڵی 1973 روویدابوو.
گروپەکەیان ناونا گروپی شەش، بەڵام یەک ساڵ دوای ئەوە، کەنەداش چووە ناو گروپەکەوە و ناوەکەیان گۆڕی بۆ گروپی حەوت.
ساڵی 1977 سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا تێکەڵ بە گروپەکە و گفتوگۆکانیان بوو، ساڵی 1994یش روسیا لە گروپەکە نزیکبووەوە و لە 1998دا بە ئەندام وەرگیرا، دوای وەرگرتنی ئەو ئەندامە نوێیە، ناوی گروپەکەیان گۆڕی بۆ گروپی هەشت، بەڵام لە ساڵی 2014دا ئەندامێتیی روسیا هەڵپەسێردرا، لەبەرئەوەی نیوەدوورگەی کریمیای کۆنترۆڵکرد. بەھۆی ئەو پێشهاتەوە دووبارە ناوی گروپەکە گۆڕا بۆ گروپی حەوت، ئێستا یەکێتیی ئەوروپاش هەندێکجار و بە حوکمی ئەمری واقیع بە ئەندامی هەشتەم دادەنرێت، بەڵام ناتوانێت سەرۆکایەتی و میوانداریی کۆبوونەوەکان بکات.
دەسەڵاتەکانی وڵاتی سەرپەرشتیار
ئەو وڵاتەی سەرپەرشتیی گروپەکە دەکات، لە توانایدایە پەیکەربەندیی و ریزبەندیی کۆبوونەوەکان رێکبخات و ئامانجی لووتکە و بابەتەکان بۆ گفتوگۆ دەستنیشان بکات، هەروەها شێوازی هاوئاهەنگیی گروپەکە لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان و میوانە بەشداربووەکانیش، دەستنیشان دەکات.
بە وتەی خۆیان، گروپی (G7) تا ئێستا زۆر کاری باشیان کردووە، لەوانە: ساڵی 1996 پشتیوانییان لە 42 دەوڵەتی هەژارکردووە، کە کەوتبوونە ژێر باری قەرزەوە. ساڵی 2005 لە رێی بەرنامەی دەستپێشخەریی فرەلایەنە بۆ سووککردنی قەرزەکان، قەرزی سەر دامەزراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لابردووە و ساڵی 2002ش سندوقی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی ئایدز و کۆکەڕەشە و مەلاریایان دامەزراندووە و لەو رێگەیەوە ژیانی 27 ملیۆن کەسیان رزگارکردووە.
ئاستەنگەکانی بەردەم کاری ئەم گروپە
یەکەم ئاستەنگ لەبەردەم ئەم گروپەدا وەک ئەوەی پسپۆڕانی ئابووری باسی دەکەن، نەبوونی میکانیزمێکە بۆ سەپاندنی بڕیارەکانیان، لەبەرئەوە بڕیارەکانیان هەر لە چوارچێوەی راسپاردەدا دەمێنێتەوە و زۆرجار جێبەجێ ناکرێن. ئاستەنگێکی دیکە، ناکۆکیی نێوان ئەندامەکانییەتی لەسەر هەندێک لە پرسەکان، بە تایبەتیش ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و کەنەدا و ئەمریکا و ئەوروپا، لەسەر پەیوەندیی ئەندامانی گروپەکە لەگەڵ چین و هەروەھا لەسەر گۆڕینی ئابووریی جیهان بۆ ئابوورییەکی سەوزی دۆستی ژینگە. بەهەمانشێوە ناکۆکیی نێوانیان لەسەر بابەتی جەنگەکانی ئەمدواییانەش بەشێکی دیکە لە ئاڵنگاری بۆ گروپەکە دروستدەکات.
گۆڕانی تەرازووی هێز
بابەتی دووفاقیی لە تێڕوانینی ئەندامەکان بۆ بابەتی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، کە زۆرجار هەندێک لە ئەندامەکان چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکان دەکەن، ئەمەش متمانەی گروپەکە کەمدەکاتەوە. بابەتێکی دیکە، کە زۆر دەبێتەھۆی ناکۆکی نێوانیان پرسی گۆڕانی تەرازووی ھێزە لەگەڵ هەڵکشانی هەندێک وڵات وەک چین و ھیندستان و بەرازیل، ئەمەش وا دەکات گروپەکە لاواز بێت و بە ئاسانی نەتوانێت تێڕوانینی خۆی لەسەر ئاستی جیهان بسەپێنێت.
لووتکەی ئەمجارەی گروپی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە، جگە لە ئەندامەکانی خۆی و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا، ژمارەیەک میوانیشی لەخۆگرتووە، وەک نوێنەرانی سعودیە، ئیمارات، ئیندۆنیسیا، ھیندستان، کۆریای باشوور، ئەفریقای باشوور، مەکسیک، ئۆکرانیا، بەرازیل و ئوسترالیا.
رۆژنامەی تۆرنتۆ ستاری کەنەدی لەبارەی لووتکەکەوە بڵاویکردەوە، زۆربەی کۆبوونەوەکان داخراوبوون.
سەبارەت بەو میوانە زۆرەش چاودێران دەڵێن: هەوڵەکانی کەنەدا بۆ فراوانکردنی لیستی میوانەکان بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆیەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئا: کوردەوان محەمەد سەعید
سەرچاوە:
CNN، ئەلعەرەبییە بزنس، ئەلجەزیرە نێت