سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاشكرایدەكات كە «هەر كەس و لایەنێك پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست لەسەر بارودۆخی ئەمنیی پارێزگا بڵاوبكاتەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت».
دوێنێ، بە سەرپەرشتیی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگایە و بەئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەن و فەرماندەی گشتیی پۆلیس و بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان، كۆبوونەوەیەك بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانی سەرۆك وەزیران و تاوتوێكردنی پێشهات و بارودۆخەكانی ناوچەكە و بارودۆخی ئەمنیی پارێزگای كەركوك، بەڕێوەچوو.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، نەشئەت شاهۆیز سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، پارێزگار بە ئامادەبووانی راگەیاند دیاردەی عەسكەرتاریەتی و بێزاركردنی دانیشتووانی كەركوك بەهەموو شێوەیەك رێگەپێدراو نییە و سەرپێچیكارانیش رووبەڕووی یاسا دەبنەوە، وتیشی: هەر كەس و لایەنێك، بەتایبەتی كەناڵەكانی راگەیاندن، كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە و شێواندنی ئارامیی ناوشار و قەزا و ناحیەكان و سنوورەكە، بكەن و مەبەستیان بێت دۆخی ئەمنیی شار بە ئاقارێكدا ببەن، تووشی لێپرسینەوەی یاسایی توند دەبن و بۆ ئەو مەبەستەش هەموولایەك ئاگاداردەكرێنەوە.
كەركوك، هێمن ئەحمەد