ئا: نەرمین عوسمان محەمەد
لەم ساڵانەی دواییدا پێویستیەکی زۆر بۆ گرنگیدان و بایەخ و سەرلەنوێ گەڕانەوەی پێگە، بۆ کەسایەتی و فکری خانمە فەیلەسوف و تێکۆشەری فەرەنسی خاتوو سیمۆن وایل [1909-1943] سەریهەڵدایەوە، چونکە ئەو تاکە کەس بوو کە دڵسۆزی چالاکی و هزری خۆی و ئەو شتانە بوو، کە بانگەوازی بۆ دەکرد و گرنگی پێدەدان.
جۆری ئەو ژیانەی کە سیمۆن وایل تێیدا ژیا، وەکو جۆری ژیانی هەموو گەورە زانا و بیرمەندەکان نەبوو، هەموو جووڵە و هەوڵ و بایەخەکانی لەژێر فشاردا روویان دەدا، وتار و نامەکانی بۆ هاوڕێکانی لە زانایان و بیرمەندان و پیاوانی ئایینی و فەیلەسوفەکان، لەسایەی ئەو هەستەدا نووسی، کە پەلەی لە روودانی شتەکان دەکرد و هەستی بەوە دەکرد، ئەوەی کە دەیکات لە داهاتوودایە و پێویستە بگوازرێتەوە بۆ جێگایەکی دیکە و بیر لە شتێکی گرنگتر بکاتەوە. هەرچەندە ئەو لە سییەکانی تەمەنیدا کۆچی دواییکرد، بەڵام قۆناغێکی گرنگی لە ژیانی خۆی و نەتەوەی فەرەنسی، لە سییەکانی سەدەی بیستدا چڕکردەوە، لەکاتێکدا سیاسەت لە لوتکەی گەشەکردن بوو و توندوتیژی بەهەموو جۆرەکانی، لەناو هەموو سەرکردەکانی جیهاندا باو بوو.
سەردەمی ژیانی سیمۆن وایل
ئەو لە سەردەمێکی سیاسییدا دەژیا، کە جیهان کارەسات و نەهامەتی بەسەریدا زاڵبوو. لەو داهاتووە دەترسا کە هیچ ئایندەیەکی مرۆڤدۆستانە لەخۆی ناگرێت، لە راستیشدا دۆخی جەرگبڕ، لەلای کەسانی دووربین و ویژدان شڵەژاو ئازاری زیاترە.
لە وتارێکیدا بەناوی (چاوەڕوانی خودا)، دەڵێت: لەسەردەمی هەرزەکاریدا و کاتێک تەمەنم 14 ساڵ بوو، کەوتمە ناو دۆخێک لە دۆخەکانی نائومێدیەوە، زۆر بە راستی بیرم لەوەکردەوە خۆم بکوژم، بەهۆی خراپی هەستەکانم و خاوەندارێتییە سروشتییەکانمەوە.کات زۆر یاریدەدەری «سیمۆن وایل»ی بیرمەند نەبوو، تابتوانێت هەموو ئەو شتانەی کە پێیەتی بەرهەمی بهێنێت و بینووسێت و دەریببڕێت، چونکە لە قۆناغێکی زۆر شڵەژاودا ژیا، مەبەستمان لە ساڵەکانی سییەکانی سەدەی بیستە، لەوانەیە ئەو دۆخە چڕەش بێت، کە هانمان بدات ئەمڕۆ گرنگی بدەین بە هزری سیمۆن وایل.
سیمۆن وایل هەر لەسەرەتاوە ویستی بەردەوام بێت لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتەکان و لەنزیکەوە کاردانەوەی هەبێت و لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بژی، کە لەئەنجامی جەنگی جیهانی یەکەم و دەرهاویشتەکانیدا روویاندا، بەتایبەتی قەیرانە ئابوورییە جیهانییەکەی ساڵی 1929 و پاشهاتەکانی بۆ سەر ژیانی گەل و نەتەوە و دەوڵەتە ئەوروپیەکان. دۆخەکە وەهای دەخواست، کە هەمیشە سیمۆن بنووسێت و زۆر بەخێرایی چرکەساتەکە چڕبکاتەوەو چاوەڕوانی داهاتوو بکات، خۆ ئەگەر پێداچوونەوەیەک بۆ ئەو کتێبەی بکەین کە بە ناونیشانی «چاوەڕوانی خودا»وەیە، دەبینین کە ئەو دۆخەی فەرەنسا بەو شێوەیەی کە ئەو تێیڕوانی، هەر لەسەرەتای سییەکانەوە، بارێکی گران بوو بەسەر شانە لاوازەکەیەوە و بەدەستیەوە دەیناڵاند، بگرە دەبوایە هەوڵ بدات بۆئەوەی کە هاوکاری چارەسەرکردن و ئاشتیەکی ئارام بدات، تاڕادەی خواستنی خۆبەختکردن لەسەر بیروباوەڕ و دید و بۆچوونەکانی، هەربۆیە لە ساڵی 1943 دا دوور لە فەرەنسا کۆچی دواییکرد.
سەرچاوە: www.alfaisalmag.com