لەبارەی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری، پسپۆڕێكی میدیا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: رێكخستنی میدیا و میدیای خەڵك لە كاتی ئاسایی چەند گرنگ بێت، ئەوا لە كاتی تەنگژە و قەیرانەكاندا چەند قات گرنگترە، وتیشی: پێویستە بەر لە هەموو شتێك میدیاكاران و كەناڵەكانی راگەیاندنی رەسمی لە هەرێمی كوردستاندا لە دۆخی جەنگدا پابەندبن بە بنەما و ئیتیكەكانی كاری راگەیاندن، چونكە لەهەموو ئامرازێكی میدیایی زیاتر كاریگەرییان لەسەر ئاڕاستەكردن و بیركردنەوە و دەروونی خەڵك هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە پێویستە میدیاكاران و خاوەنی كەناڵەكانیش هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و كۆمەڵایەتیش بكەن و رێگە بە خۆیان نەدەن هیچ دەقێكی میدیایی بەرهەمبهێنن، یان بڵاوبكەنەوە كە ببێتەمایەی دروستكردنی پشێویی و تێكدانی ئارامیی كۆمەڵایەتیی لە كۆمەڵگەدا، هەروەها بۆ سەكۆكانی میدیای خەڵكیش (سۆشیال میدیا)، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان ئەوەندە هۆشیارییان هەبێت متمانە بە هەموو ئەكاونت و پەیجێك نەكەن و هەموو دەقێك بەهەندوەرنەگرن، تەنانەت ریپۆرتی ئەو بابەت و پۆستانەش بكەن كە بە ناڕاست و نەشیاوی دەزانن.
سەبارەت بە هۆكارەكانی دەركردنی ئەو رێنماییانە، ئەو پسپۆڕە میدیاییە پێیوایە لەكاتێكدا لایەنی رەسمیی وڵات بەرپرسیارە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگە، ئەوا بۆ دۆخی نائاسایی؛ گرنگە رێنمایی نوێ دەربكات یان بە بیری هەموولایەك بهێنێتەوە كە پابەندبن بە ئیتیك و یاساكان و كارێك بكرێت دەروونی خەڵك نەشێوێنرێت.