یەحیا ئەلشیخ
و/ دلاوەر قەرەداغی
غەمگین نابم
ئەگەر ئایندە بەژێر پەنجەرەکەمدا تێپەڕێ و
ئاوڕی لێ نەدەمەوە؛
وادەم لەگەڵ ژندا نییە
هەوڵ دەدەم کەمتر لە جاران پەرۆش بم،
کەمتریش گوێ بدەمە ئایندە.
لە مەرسەمەکەمدا،
میوانداریی مردووانێک دەکەم
نایانناسم،
هەوڵ دەدەم دڵیان بدەمەوە
وانەیان لەبارەی فەلسەفەی جوانی پێ دەڵێمەوە
بۆم دەردەکەوێ ئەوان لە من باشتری لێ دەزانن،
ئەوان کەم و زۆر... لە خوداوە نزیکن.
فێریان دەکەم چۆن بە سێ هەنگاو
بۆ ژیان بگەڕێنەوە،
یەکێکیان دەڵێ: ئەوە خۆی بە یەک هەنگاو دەبێ!
ئەوانی تر لە پێکەنیندا بە ئەرزدا دەکەون.
فێریان دەکەم بلوێری مەشکەدار بژەنن
سییە وشکەکانیان دادەکەنن و
دەچنە دەرەوە و فوویان پێدا دەکەن.
هەوڵ دەدەم بەسەبر بم
گوێ لە چیا رادەدێرم
کە لەبارەی قەیرەیی خۆیەوە چەنە دەدا.
تووڕەیە لەو بەدگۆییانەی کە دەڵێن ...
ژان گرتی و مشکێکی بوو.
حەکایەتم لەبارەی ئەو شاخەوانانەوە
بۆ دەگێڕێتەوە
کە لەسەر ترۆپکەکەی خۆیان کوشتووە.
حەکایەت لەبارەی زەردەشت و داڵەکەی،
کە سەدەگەلێک لە ئەشکەوتەکانیدا
ئاکنجی بوون.
حەکایەت لەبارەی بورکانگەلێک
کە لە رەحمیدا خەوتوون
باوەڕم پێ کرد
بەردی رەشی بە دیاریی پێ دام
وتی زێڕە،
تەوقەم لەگەڵ کرد و رۆیشتم.
ئەز هەر لە گەنجییەکی زووەوە
لەسەر پەروەردەکردنی گوڵ راهاتم
شەوانە لەسەر سینگم دەخەوێ،
وەک خەوتنی لەسەر تابووتێکی کاتۆلیکیی
باسی بەرەڵایی پەپوولەکانم بۆ دەکا،
باسی هەنگی بێ حەیا، کە کولیلکەی دەمژن،
چیرۆکی بەرەڵایی تر،
کە شەرم دەکەم باسی بکەم.
هەوڵ دەدەم خاکەڕاتر بم
بۆ رووبار دەچەمێم،
هەردوو دەستمی بۆ رایەڵ دەکەم،
ماچیان بکات و
وەک ئیماندارێک دەموچاومی پێ دەسڕم.
غەمگین نابم
ئەگەر رووبار بۆ سەرچاوەکەی نەگەڕێتەوە،
یان تیا بچێ
بەڵکو خەم دامدەگرێ، ئەگەر وەک من
حەپەساو راوەستێ.
سەرچاوە:
انزل النهر مرتین
یحیی الشیخ، قصائد-2016 2013
• یەحیا ئەلشیخ؛ شاعیر و شێوەکاری ناوداری عێراقی، لەدایکبووی ساڵی 1954 لە شاری میسان (عەمارە) لە باشووری عێراق.
• ساڵی 1966 ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواوکردووە.
• ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لوبانیای لە سلوڤینیا خوێندووە.
• ساڵی 1984دکتۆرای لە هونەری شێوەکارییدا لە پەیمانگای توێژینەوەکان لە مۆسکۆ وەرگرتووە.
• بەرهەمەکانی لە شیعر و رۆمان و شانۆنامە: الشوق، ساعة الحائط، اهواء الغربان، اربع مسرحیات، الخرائط السماویة، سیرة الرماد، بهجة الافاعي. ئەم رۆمانە لە لایەن خاتوو شارا رەشید -ەوە بە ناوی «خۆشنوودی مارەکان»، کراوە بە کوردی.