کەرکوک، گرانی نرخی موەلیدە و كەمی كارەبای نیشتمانی

12:17 - 2022-08-15
ڕاپۆرت
655 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوەیەكی زۆرە خەڵكی عیراق بەگشتی و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی بەدەست نەبوونی كارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدەكان دەناڵێنن، ساڵ لەدوای ساڵیش لە بریی ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەن تا دێت نرخی ئەمپێر و بڕینی كارەبای موەلیدەی گەڕەك زیاتر دەبێت.
گەرمای هاوین و بەرزبوونی پلەكانی گەرما لە نێوان 45 ـ 48 پلەی سەدی، ئەوەندەی تر كێشەكەی ئاڵۆزتر كردووە و بڕینی سەعاتێك بەرامبەر بە چوار سەعاتی ئیشكردن خەڵكی هەراسان كردووە، بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێرەکانیش ئەوەندەی تر خەڵكی شارەکەی بێزار کردووە .
رێبین عەلی دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەیە و دەڵێت: بەشێوەیەكی بەرچاو كارەبای نیشتمانی كەمی كردووە و لە نێوان شەش تا حەوت سەعات كارەبا هەیە هەندێك جار لەوەش کەمتر، موەلیدەكانی گەڕەكیش وەكو پێویست خزمەت بە هاووڵاتیان ناکەن، جگە لەوەش هیچ پەیوەندییەك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك و موەلیدەكانی گەڕەك نییە، پێویستە هەر گەڕەك ‌و ناوچەیەك كاتێكی دیاریكراوی كارەبای نیشتمانی هەبێت بۆ ئەوەی موەلیدەكانی گەڕەك بتوانن كاتی دیاریكراوی خۆیان كارەبا بدەن،  هەندێك جار وا رێكدەكەوێت  نە كارەبای نیشتمانیی هەیە و موەلیدەی گەڕەكیش لە پشوودایە،  ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی زەرەرمەندی یەكەم بن و تووشی گەرما و نەخۆشی ببن، بەتایبەتی ئەو كەسانەی  نەخۆش و منداڵی ساوایان هەیە.

توانای كڕینی ئەمپێری زیاتریان نییە
ئامینە عەلی دانیشتوی گەڕەكی دەروازەیەوە و دەڵێت: گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم خەڵكی هەژاری گەڕەكەكان ئەوەیە كە نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە رۆژ لە دوای رۆژ بەرز دەبێتەوە و  ڤۆڵتی كارەباكەش زۆر نزم دەکەنەوە و هیچ سوودێكی لێنابینین بۆ ئیش پێكردن، ئێمەی كەم دەرامەت ئەمپێری زۆرمان بۆ فەراهەم ناكرێت، بۆیە ناچارین بە ئەمپێرێكی كەم و ژیانێكی كولەمەرگی رازیبین.

گەرما و كردەوە تیرۆریستیەكان
لەیس تەلەعەت بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك، رایگەیاند: لەم چەند رۆژەی دوایدا بە هۆی روودانی كردەوە تیرۆریستیەكانەوە لەسەر رێگەی (كەركوك ـ حەویجە، كەركوك ـ دیالە)، چەند تاوەرێكی سەرەكی هێنانی كارەبا بۆ كەركوك لە كاركەوتوون و پێویستی بە چاك كردنەوەیە و ئەمەش كاتی دەوێت كەركوك بگەڕێتەوە سەر هێڵی كارەبای نیشتمانی،  ئێستا تیمەكانی كارەبا سەرقاڵی چاككردنەوەن.
وتیشی:  پلەکانی گەرما بەشێوەیەكی گشتیی بۆ نزیكەی 50 پلەی سەدی بەرزبۆتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین دەست بە كارەباوە بگرن و لە رۆژدا كارەبا بە هەدەر نەدەن و وەكو پێویست بەكاری بهێنن.
باسی لەوەشكرد لەم مانگەشدا كە مانگی موحەڕەمە، خەڵكێكی زۆر روو لە خواروو و ناوەڕاستی عیراق دەكەن  ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كارەبایەكی زۆر بۆ ئەو پارێزگایانە دابین بكەن ئەمەش لەوانەیە نزیكەی هەفتەیەك بخایەنێت.

حكومەت بەرپرسیارە لەم دۆخە
جومعە سابیر یەكێكە لە خاوەن موەلیدە ئەهلیەكانی كەركوك، دەڵێت: ئێمە بەپێی كاتی ئیش پێكردنی موەلیدەكە پارە وەردەگرین، چونكە لەم مانگەدا رۆژانە 6 ـ 7 سەعات كارەبای نیشتمانیان داوە،  ماوەی ئیش پێكردنی موەلیدەكان زۆر زۆرە، هەروەها حكومەت بۆ هەر «كەیڤییەك» بڕی 30 لیتر گازمان پێدەدات، ئەم بڕە  گازە کەمو بەشی ئەو ماوە زۆرە ناکات،  لە بەرامبەردا ئێمەی خاوەن موەلیدەكان گاز لە بازاڕدا دەکڕین کە نرخی لیترێك گاز بە هەزار و 100 دینارە، ئەم نرخە زۆرە بۆ ئێمە. موەلیدەكان لە مانگێكدا نزیكەی سەد و چل هەزار لیتر گازیان دەوێت حكومەتیش تەنیا 30 %ی ئەو رێژەیە بە خاوەن موەلیدەکان دەدات.
وتیشی: لە سەرەتای مانگی ئابەوە زیاتر لە 100 سەعات موەلیدەی گەڕەك كاری كردووە،  ئەمەش رێژەیەكی زۆرە بۆ هاووڵاتی ‌و كێشەكەش لای ئێمە نییە، بەڵكو چارەسەر لای حكومەتە، ئەگەر حكومەت وەكو ساڵانی پێشوو رێژەی پێدانی گازمان بۆ زیاد بكات ئەو كاتە ئێمەش دەتوانین نرخەكەی دابگرین وەكو ئەوەی لە شارەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا هەیە كە نرخی ئەمپێرێكی موەلیدە لە نێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزارە.
باسی لەوەشكرد لەبەر زۆری بڕینی كارەبای نیشتمانی ناتوانین زیاتر لە چوار سەعات موەلیدە ئیش پێبکەین، سەعاتێك پشوو وەردەگرن، لە هەندێک شوێندا  کارەبای زیاتر دەدرێت، بەڵام بەرامبەر ئەوە نرخی یەك ئەمپێر دەگاتە نزیكەی 19 تا 20 هەزار دینار.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان