(الشرارة)یەکی پرشنگدارتر

10:56 - 2025-06-19
هەمەرەنگ
15 جار خوێندراوەتەوە

لە پرۆژەیەکی هاوبەش و ناوازەی هەریەک لە بنکەی ژین و بۆردی هۆشیاریی سەر بە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرجەم  ژمارەکانی رۆژنامەی (الشرارة) کە لە ساڵی 1975-ەوە تا ساڵی 1991دەرچووە، دووبارە چاپکرایەوە کە وەک ئۆرگانی ناوەندی و زمانحاڵی ی.ن.ک، لە دووتوێی دوو بەرگدا دوای رێکخستنەوە و دانانی پێرستێکی شایستە خرایە خزمەت توێژەرانەوە وەک بەشێک لە ئەرشیفی مێژووی میدیایی شۆڕشی نوێ لە قۆناغی خەباتی رزگاریی نیشتمانیدا.

 



لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆکراوە
دوو بەرگە کۆکراوەکەی (الشرارة) لەلایەن نووسەر و رووناکبیر و سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرین فەرید ئەسەسەرد-ەوە  لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ کراوە و کاری ئامادەکردن و دانانی پێڕستیشی لەلایەن بنکەی ژین بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەوە بۆ کراوە.
لە بەرگی یەکەمی کۆبەندی (الشرارة)دا جگە لەپێشەکییەک لەژێر ناونیشانی (وتەیەک کە دەبێت بووترێت) بەناوی (بنکەی ژین)ەوە نووسراوە، ئامانجی بنکەکە خراوەتەڕوو کە ئەرکیان دۆکیۆمێنتکردن و پاراستنی ئەرشیفی میدیا و ئەو بەڵگەنامە و دەستنووس و نامیلکە و کتێبانەیە کـە پەیوەستن بە کورد و کوردستانەوە و (رۆژنامەی الشرارة)ش وەک بڵاوکراوە و زمانحاڵی قۆناغێکی خەباتی نەتەوەیی گرنگییەکی مێژوویی هەیە، هەروەک ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەرچی ناتوانرێت لە هیچ کتێبخانەیەکی کوردیدا هەموو ژمارەکانی (الشرارة) دەستبکەوێت، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر توانرا سەرجەم ژمارەکانی لەم کۆبەندەدا بڵاوبکرێتەوە،  جگە لە ژمارە (3) کە لەساڵی 1982دا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەوە لەناوچووە. 
لەبەشێکیشیدا سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەیان کردووە کە هاوکاربوون لە دۆزینەوە و ساغکردنەوەی ژمارە ونبووەکاندا.

سەرەتاکانی دەرچواندنی رۆژنامەکە
لە وتەیەکیشدا فەرید ئەسەسەرد وەک پێشەکیی بۆ بەرگی یەکەم نووسیوێتی، ئاماژە بە سەرەتاکانی دەرچواندنی رۆژنامەکە و قۆناغەکان و شوێنەکانی دەرکردن و چاپکردنی کراوە و ئەو ئاستەنگ و گرفتانەشی خستووەتەڕوو کە لەسەرەتاوە هاتوونەتە بەردەم دەرچواندنی چ لە شام و چ لە شاخ، هەروەها ناوی ئەو سەربازە ونانەی ئاشکراکردووە کە لە نووسین و تایپ و چاپکردن و دابەشکردن و بڵاوکردنەوەیدا رۆڵی گەورەیان بینیووە بەتایبەتی ژمارەکانی سەرەتا کە چۆن بەشێوەی نهێنی لە شام و بەیروتەوە گەیەنراوەتە عیراق و کوردستان و گەیەنراوەیە دەستی رێکخستنەکان و گەیەنراوەتە شاخ.
جێی ئاماژەیە بەرگی یەکەمی کۆبەندەکە لە ژمارە (1)ەوە کە لە (تشرینی دووەمی 1975)دا دەرچووە تا ژمارە 14 لە ئەیلولی 1988 دەرچووە لەخۆ دەگرێت.
هەرچی بەرگی دووەمیشە لە ژمارە (15)ی مانگی تشرینی دووەمی 1988-ەوە لەخۆ دەگرێت تا دوا ژمارەی کە لە کانوونی یەکەمی 1991دا دەرچووە و لەوێدا هەم ماڵئاوایی دەکات و هەم مژدەی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەدات بە خوێنەران.
کۆبەندەکە بەهەردوو بەرگەکەی بە کۆپیی ژمارەکانی رۆژنامەی (الشرارة) و پێشەکی و روونکردنەوە و پێڕستەکەیەوە بەگشتی لە دووتوێی 1527 لاپەڕەدا ئامادەکراوە.
سلێمانی، کلو جەمال

بابەتە پەیوەندیدارەکان