قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە یادی ٧٥ ساڵەی کۆچی دوایی پیرەمێرد، شاعیر و رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری گەورەی کورد سەردانی بنکەی ژینمان کرد لە سلێمانی کە بەشێکی گەورەی ئەرشیفی پێرەمێردی پاراستووە.
دەشڵێت، زۆر سوپاسی خەمخۆری و ماندووبوونی بەڕێز رەفیق ساڵح، بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبەردن و کارمەندانی بنکەی ژینم کرد لە کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی بەڵگەنامە و دەستنووس و پاراستن و بووژانەوەی سامانی رۆشنبیری و کلتوری و رۆژنامەگەری کوردی.
جەختیشیکردەوە، هەروەک چۆن نەوە لە دوای نەوە قەرزارباری خزمەتەکانی پیرەمێردی مەزن و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرەکانی دیکەمانین بۆ پاراستنی شوناس و زمان و کلتوری گەلەکەمان، بە هەمان شێوە قەرزارباری کەسانی وەک رەفیق ساڵح و بنکەی ژین و هەموو ئەو کەسانەشین کە ئەو سامانە بە نرخەیان بۆ پاراستووین.