فه‌رمان حسێن ده‌روێش
هه‌رچه‌نده كات گۆڕاوه و كوردستان بووه‌ته گۆڕه‌پان و بازاڕێكی گه‌وره‌ی ره‌ها و ئازاد بۆ نمایشی هه‌ندێك كۆمپانیا و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بیری سیاسیی نوێ و حزبی سیاسیی نوێ دروستبوون و پێگەیشتوون و خۆیان له‌ژێر ناوی جۆراوجۆری رووپۆشكراو به دیموكراسی و گه‌شه‌ی مرۆیی ده‌سه‌پێنن.
تا ئێره ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه، ئه‌وه‌یه كه چه‌مكی هاووڵاتیبوون كه داهێنانێكی مۆدێرنێته و جیهانگیرییه جێگەی بۆ حزبه سیاسییه‌كان چۆڵكردووه، واتا گرنگ نییه تۆ كوردیت یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌ربه چ ئاراسته‌یه‌كی سیاسی و سه‌ر به ئه‌جێندای چ حزبێكی سیاسیت.
ئه‌م سیستمه‌ی ئیشكردن گه‌یشتووه‌ته ئاستێك چووه‌ته ناو هه‌موو دامه‌زراوه سیاسی و ئایینی و دینداری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری و و ته‌نانه‌ت زانستییه‌كانیشه‌وه و به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه خزاوه‌ته ناو هه‌موو خێزانێكی ئه‌م هه‌رێمه‌وە.
هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ درزتێبوون و شه‌قارشه‌قاربوونی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، چونكه درزتێبوون و ناكامڵیی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه وڵاتانی تازه‌پێگه‌شتووی وه‌ك ئێمه ئه‌گه‌ر هۆشیارییه‌كی ته‌ندروست و دامه‌زراو و ره‌سه‌نمان نه‌بێت بۆ گشت، ئه‌وا ده‌گه‌ینه خاڵێك كه نه‌ته‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ گروپ و ده‌سته و له ده‌وڵه‌تیشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خێڵ.
به‌داخه‌وه ئه‌م به‌ره‌ودوا رۆیشتنه، زیانێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی به‌گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كورد گه‌یاندووه.
ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
ده‌كرێت قوربانی، ده‌رهاویشته‌ی پۆزه‌تیڤی لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش كاتێك ده‌بێت كه قوربانی له‌دوای رووداوه‌كه هێمن ده‌بێته‌وه و ئینجا هه‌وڵی هه‌ستانه‌وه و خۆسازدانه‌وه ده‌دات، بێگومان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جینۆسایدكراو شكۆی بۆ بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له‌خۆڕا نابێت و پێویستی به خه‌بات و تێكۆشانی نێوده‌وڵه‌تیی زۆر هه‌یه، بۆئه‌وه‌ی له ده‌رگای ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدات و په‌یامی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جینۆسایدكراو به گوێی جیهاندا بدات.
كورد خۆی گه‌لێكی جینۆساید كراوه، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به ئه‌ندازه‌یه‌كی كه‌م ئاشنایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌م زاراوه‌یه‌دا په‌یداكرد و تائێستاش وه‌ك پێویست له گرنگی و كاریگه‌ریی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و لۆبی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به پرسی جینۆسایدی گه‌له‌كه‌ی تێنه‌گه‌یشتووه و ئه‌مه‌ش وایكردووه وه‌ك گه‌لێكی جینۆسایدكراو نه‌یتوانیووه كۆژانه‌كانی بگه‌یه‌نێته ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، یان زۆربه‌ی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و گه‌لانی جیهان بێ‌ئاگان له‌و تاوانكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر بە گه‌لی كورد کراون، چونكه به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌کانی جیهان و خه‌مساردیی كورد خۆی وایكردووه تائێستا جینۆسایدی كورد نه‌ناسێنراوه و جیهانی نه‌خرۆشاندووه.
له‌سه‌ر ئاستی عیراق
له‌سه‌رئاستی ناوخۆی عیراق به‌تایبه‌تی ئێستا كه دۆسێكانی (ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، بارزانییه‌كان، كوردانی فه‌یلی، کوردانی ئێزدی) یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه و به یاسا له دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق ساغبوونه‌ته‌وه، ده‌بوایه حکومەتی عیراق كه میراتگری باش و خراپی حکومەتەكانی پێش خۆیه‌تی، بە ئه‌ركی یاسایی و سیاسی و ئه‌خلاقیی خۆیەوە پابه‌ندبێت و به رەسمی داوای لێبوردن له ته‌واوی گه‌لی كوردستان بكات کە تائێستا ئەوە نه‌كراوه و ئەوەش پێویستی به هۆشیاریی كاری ده‌سته‌جه‌معی نه‌ته‌وه‌ییە بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق ناچاربكرێت ئه‌م ئه‌ركه راپەڕێنێت دوور له دروشمبازیی و بازرگانیی سیاسی، ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته بكرێته گوتارێكی نیشتمانیی چه‌سپاو بۆئه‌وه‌ی ئامادەیی یاسایی و ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ دەستەبەر بكرێت و بكرێته بابه‌تێك بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و دووربخرێته‌وه له ململانێی هه‌رزانبه‌های سیاسی و كاتی هه‌ڵبژاردن و بچووككردنه‌وه‌ی بۆ ئاستی ده‌سته و گروپ و كه‌س.
له‌سه‌ر ئاستی كوردستان
به‌داخه‌وه، هێشتا بەشێکی زۆر لە هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه كێبه‌ڕكێی ململانێ‌یان نادروسته و ئاماده‌ن له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی خۆیاندا، سوكایه‌تی به هه‌موو وزه‌ی هاووڵاتیان بكه‌ن و ببنه هۆكار بۆ بێ‌نرخ كردنی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی گه‌له‌كه‌یان، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه دوای ئه‌م تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد کراون، جگه له یادكردنه‌وه‌یه‌كی رۆتین و بێ‌گیان و به هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، خاوه‌ن كه‌مترین خه‌یاڵ و پڕۆژه بن بۆ بنیاتنانه‌وه، له‌كاتێكدا گه‌لی كوردستان پێویستی به په‌یامی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی گشتگیره كه گوزارشت بێت له هه‌ستی باڵای نه‌ته‌وه و ده‌رخه‌ری هه‌ستی رۆشنیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مرۆڤانه و رێزگرتنی به‌كرده‌وه‌ش بێت له ژیانی زیندووان و قوربانییه‌كانی جینۆساید، گرنگه قۆناغی خۆخواردنه‌وه و شین و زاری و خۆ ره‌شپۆشكردن تێپه‌ڕێنین و له‌ئاست قوربانییه‌كانیش به دابینكردنی ماف و پێداویستییه ماددی و مرۆییه‌كانیان برینه‌كان ساڕێژبكرێن، بێگومانیشم له‌وه‌ی له كه‌ش و بارێكی له‌م جۆره‌ی وڵات‌دا، مه‌سه‌له‌ی جینۆسایدی گه‌لی كورد حاڵی باشتر نابێت له بواره‌كانی تری ژیاندا، به‌ڵام ئه‌و گه‌لانه‌ی جینۆسایدكراون له گه‌لی كورد هۆشیارانه‌تر و ژیرانه‌تر توانیویانه كار له‌سەر مه‌سه‌له‌ی جینۆسایدی خۆیان بكه‌ن و وه‌به‌رهێنانیان له به‌رزڕاگرتنی شكۆی قوربانییه‌كانیاندا كردووه و به‌ره‌ی ناوخۆیی خۆیان به‌هێزكردووه بۆ راكێشانی پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌واوی ململانێ و ناكۆكیی سیاسی و حزبییان وه‌لاناوه و به‌رده‌وام ئه‌و بابه‌ته له سه‌رجه‌می جموجوڵ و چالاكییه‌كانی ژیان و ژیارییاندا پارێزراوه و به‌شكۆ و به‌هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی
له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
دوو وشه
به‌گشتی ئه‌و رۆژانه‌ی دیاریكراون بۆ یادی جینۆساید، رۆژانێكی خه‌مناك و ناخۆشن و پڕ تراژیدیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م یادانه‌دا بخرێته به‌رباس دووخاڵن:
یه‌كەم: وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ناوی لێناوه ئه‌و رۆژانه رۆژی تێڕامانن له جینۆساید، واتا ته‌نها رۆژی گریان و ره‌شپۆشی و شین و زاری نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه و خزمه‌ت به دۆزی جینۆساید ده‌كات، رامان و بیركردنه‌وه‌ی زیاتره بۆ زانینی هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدان و خه‌مڵاندنی زیان و لێكه‌وته سیاسی، ئابووری، ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جینۆسایدكردەکەیە، نابێت یادكردنه‌وه ته‌نها بۆ گریان بێت و له چوارچێوه‌ی شیوه‌ن به غه‌یری گه‌لی كوردستان بڵێین كوژراوین و جینۆسایدكراین، به‌ڵكو یاد بكرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی بزانین چی روویداوه؟ بۆچی روویدا؟ بزانین و بپرسین ئێستای ئێمه له‌كوێی ئه‌و رابردووه‌دایه؟ بپرسین ئێستا و رابردوومان چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كه‌وه ماوه؟
دووەم: وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناونیشانی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه، كرداری رێلێگرتن پێش كرداری سزادان ده‌كه‌وێت، واتا ئه‌ركی ده‌وڵه‌تان ئه‌وه‌یه سیاسه‌تیان وابێت كه دینامیكییه‌تی كارلێكردنه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگە نه‌گاته جینۆساید.
له‌ساڵی 1948ەوه چه‌ندان ده‌وڵه‌ت له‌و ئه‌ركه‌یاندا شكستیانهێناوه و هۆكاری جینۆسایده‌كانیش به‌گشتی داینامیكییه‌تی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاته به‌تایبه‌تی له په‌یوه‌ند به ناسنامه‌وه.
هه‌ر وڵاتێك سه‌یربكه‌ین، چه‌ندین كۆمه‌ڵی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و زمانیی تێدا ده‌ژین و ئێستا زیاتر له هه‌موو كات گه‌لان پێویستیان به مشتومڕه ده‌رباره‌ی خۆڕێكخستنه‌وه و خۆبنیاتنانه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه و چاكسازیی سیاسی و یاسایی و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و سیستمی حوكمڕانی، بۆئه‌وه‌ی به‌باشترین شێوه رێگە له روودانی جینۆساید بگرن.