ئیسماعیل مەحمود
لە دوو مەراسیمی جیا جیادا لە هەولێر و سلێمانی، كتێبی (كورد لە تۆپی پێی عیراقدا، یاریزان و راهێنەر و ناوبژیوان – كوڕان و كچان) ئامادەکردنی سەنگەر زرار و زاگرۆس نانەکەلی ناسێنرا و بڵاو كرایەوە.
كتێبەكە لە دووتوێی 498 لاپەڕەی گەورەدایە، بە كاغەزی ئارت چاپكراوە و سەرجەم وێنەكانی ئەم كتێبە جگە لە چەند وێنەیەكی كەمی رەش و سپی، سەرجەم وێنەكانی تری رەنگاو ڕەنگە، خەلیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت پاڵپشتی ئەم پرۆژەیەی كردووەو لە سەر ئەركی وەزارتی رۆشنبیری و لاوان چاپ كراوە.
مەراسیمی هەولێر لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی مەشق و راهێنانی سەربە وەزراەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادە بوونی خەلیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە وەرزشكاران بەڕێوە چوو.
مەراسیمی هەولێر و سلێمانی
لە مەراسیمی هەولێردا كەڕۆژی یەكشەممە 7/8/2022 بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزراەتی رۆشنبیری سەرەتا وتەیەكی پێشكەش كرد و باسی لە گرنگی پرۆژەكە كرد، هەروەها سوپاسی ماندوو بوونی هەردوو نووسەری كتێبەكە سەنگەر زرار و زاگۆرس نانەكەلی كرد بۆ هەوڵ و ماندوو بوونیان، دواتر كتێبەكە وەك دیاریی بەسەر ئامادە بووانی مەراسیمەكە دابەشكرا.
رۆژی چوار شەممەش 10/8/2022 لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی سلێمانی و بە ئامادە بوونی كاروان شێخ زیرەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەراتییەكە و ئامادە بووانێكی زۆر، مەراسیمی سلێمانیش بەڕێوەچوو، لە هەردوو مەراسیمەكەدا هەردوو نووسەر بەوردی تیشكیان خستە سەر ئەرك و ماندوو بوونیان لەم پرۆژەیەدا و چۆنییەتی چاپكردنی ئەم بەرهەمە تا گەیشتنی بەدەستی خوێنەران.
مەراسیمی هەولێر
مەراسیمی سلێمانی
كتێبەكە
گەر گوزەرێكی خێرا بە هەر 498 لاپەڕەكەی كتێبەكەدا بكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە گرنگترین مەبەستی كتێبەكە ئەوەیە؛ كامانەن ئەو وەرزشكارانەی كورد (كوڕان و كچان) كە لە 71 ساڵی رابردوودا بۆ هەڵبژاردە جیاجیاكانی عیراق لە تۆپی پێدا یارییان كردووە، كامانەن ئەو راهێنەر و ناوبژیوانە كوردانەی لە بواری تۆپی پێدا لە 71 ساڵی رابردووی وەرزشی عیراقدا بوون بە سونبولی وەرزشی كوردستان و عیراق، ئەمانە بە چوار بەشی جیا جیا لە كتێبەكەدا ئاماژەیان پێكراوە.
بەشەكانی كتێبەكە
بەشی یەكەمی كتێبەكە لە لاپەڕەی 7 -ەوەو دەستپێدەكات و تا لاپەڕە 294 -ی كتێبەكە داگیر دەكات كە پشكی شێری كتێبەكەی بەركەوتووە، بە یاریزانی خوالێخۆشبوو حەمە پشكە دەستپێدەكات و بە مستەفا رۆناڵدۆ كۆتایی دێت، ئەم بەشە سەرجەم ئەو یاریزانە كوڕانەی لە خۆگرتووە كە بۆ هەڵبژاردەی عیراق یاریی تۆپی پێان كردووە.
بەشی دووەم لە لاپەڕە 295 -ەوە دەستپێدەكات و تا لاپەڕە 445 درێژە دەكێشێت، بە بێخاڵ غەفور دەستپێدەكات و بە دیار عەلی كۆتاییدێت و تیشكێك خراوەتە سەر ژیانی وەرزشیی سەرجەم ئەو یاریزانە كچانەی بۆ تیپە جیاجیاكانی تۆپی پێ و فوتساڵی عیراق یارییان كردووە.
بەشی سێیەم لە لاپەەڕەی 451 -ەوە دەستپێدەكات و تا لاپەڕەی 471 دەگات، تایبەتە بە دیارییكردنی ئەو وەرزشكارە كوردانەی كە توانیویانە وەك راهێنەری هەڵبژاردە جیا جیاكانی تۆپی پێی عیراق جێگایەكی شایستە بۆ خۆیان لە مێژووی تۆپی پێی عیراق و كوردستانیشدا بكەنەوە و بە جەمال ساڵح دەستپێدەكات و بە قاسم جەمیل كۆتایی دێت.
دوا بەشی كتێبەكە لە لاپەڕەی 473 -ەوە دەستپێدەكات، تا لاپەڕە 496 بەردەوام دەبێت، ئەم بەشە تایبەتە بە و وەرزشكارانەی كوردستان كە توانیوانە وەك ناوبژیوانی یاریگاكان و یاریگاكانی فوتساڵی عیراق وەك ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار بكەن، بە خوالێخۆشبوو مامۆستا سەڵاح محەمەد كەریم دەستپێدەكات و بە رەوەند فەتاح كۆتاییدێت، سەرجەم ئەم وەرزشكارە كوڕو كچانە وێڕای باسكردنی ژیانی وەرزشییان و بوارەكەیان و بە شدارییكردنەكانیان، كورتەیەك لە ژیانی تایبەتی و وەرزشیشیان خراوەتە ڕوو.
پێشەكی كتێبەكە
كتێبەكە تەنیا پێشەكی هەردوو نووسەری لە خۆ گرتووە، دواتریش باسێكی كورتی تریش بە ناونیشانی (دەروازە) هاتووە كە ئەمیش هەر هەردووكیان نووسیانە، كەسی تر پێشەكی بۆ نەنووسیوە.
كتێبەكە هەوڵ و ماندوو بونی زۆری پێوە دیارە، وەك هەردوو نووسەر لە پێشەكییەكەیاندا نووسیوایانە بیرۆكەی كتێبەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، هەروەها ئەوەشیان نووسیوە لەوساوە تا ساڵی 2022 كە 7 ساڵ دەكات بەوردی كاریان تیادا كردووە.
كاركردن لەم جۆرە كتێبانە كە دەچنە خانەی مێژووی وەرزشەوە، ئەركێكی قورسە، وردەكاری زۆری گەرەكە، هەردوو نووسەری كتێبەكەش بەوە ناسراون كە وردە كارن و سەریان لەم جۆرە ئەركانە بە باشی دەرەچێت، بەتایبەتیش سەنگەر زرار كە من بۆ خۆم ماوەیەكی زۆر لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ و ستادیۆم پێكەوە كارمان كردووە، بۆیە دڵنیام لە پوختی ئەم بەرهەمە و دڵنیام لە كارەكەیان و لە هەمووشی گرنگتر نوسین و هەڵەچنی و پەیڕو كردنی یاساكانی رێزمانی كوردییە كە زۆر بە باشی پەیڕو كراوە.
لەكۆتاییدا وەك ستادیۆمی كوردستانی نوێ دەستخۆشی لەم بەرهەمە ناوازەیەی هەردوو نووسەر دەكەم، دەستخۆشی لە وەرزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تابەتیش كاك خەلیل عەبدوڵڵا دەكەم بۆ پاڵپشتی كردنی بەرهەمەكە كە بێگومانم جیگایەكی شایستە لە كتێبخانەی كوردی و بەتابیەتی كتێبخانەی وەرزشیی كوردیدا دەگرێت.