یادەوەریی وەرزشی

02:11 - 2022-08-15
وەرزش
428 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون


53

لە درێژەی یارییە دۆستانەکانمان بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ وەرزی  1988-1989، چوار یاریی دۆستانەمان کرد، ئەمجارەش باسی یارییەكی تری دۆستانەی خۆمان دەكەم كە بەرامبەر تیپی یانەی نەوتی بەغدا بوو کە پێنجەم یاریی دۆستانەمان بوو.
پێش ئەم یارییە چوار یاریی دۆستانەی ترمان كردبوو،  لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی کەرکوک بوو رۆژی 29/6/1988 لە یاریگای سلێمانی کراو ئێمە (3-2) ئەم یارییە دۆستانەیەمان بردەوە.
*دووەم یارییمان لەگەڵ یانەی سامەڕا بوو، رۆژی 1/8/1988 ئەو یارییەمان کرد، یارییەکەش لە یاریگای سامەڕا کردمان و 1-0 یارییەكەمان بردەوەو گۆڵەکەی سلێمانیش (ئازادی حاجی مەلا شەریف د.16  تۆماریکرد.
رۆژی 6/8/1988 سێیەم یاریمان بەرامبەر یانەی سامەڕا بوو، ئێمە لە یاریگای سلێمانی میوانداریی ئاوانمان کرد و ئەنجامی یارییەکەش بە یەکسانبوونی هەردوولا 1-1 کۆتاییهات.
چوارەم یاریمان بەرامبەر یانەی کەرامە بوو، یارییەکەمان رۆژی  15/8/1988 لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەکە) کراو 3-0 براوە بووین. 
پێنجەم یاریمان لەگەڵ یانەی نەوتی بەغدا بوو، ئەوان لە خولی پلە یەکی یانەکانی عیراقدا بەشدار بوون، ئێمەش لە خولی پلە دوودا بووین، یارییەکەمان رۆژی 24/8/1988 لە یاریگای سلێمانی بوو، سەعات 5 ی عەسر فیکەی دەستپێکی بۆ لێدرا، مامۆستا ئیبراهیم قاسم ناو بژیوانی یارییەکە بوو، هەریەک لە رەفیق ئیسماعیل و ئامانج کەمال یاریدەدەری بوون.
بەڕێوەبەری ئێمە وەک تیپی یانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان بوو، راهێنەرانی ئێمە (ئازاد وەهاب و حەمە بچکۆل) بوون، خوا لێخۆشبوو دکتۆر عەتاش وەک چارەسەرکەری تیپ ئامادە بوو، هاندەرانی یارییەکە زۆر بوون، تیپی میوان بە درێسی سەوز و ئێمەش بەدرێسی سوورەوە یاریمان کرد.
پێکهاتەی سەرەکی ئێمە کە بە پلانی 4-4-2 یاریمان کرد بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی (هیوا محەممەد).
*بەرگری (خەسرەو گورون، هادی کەریم، سۆران ئەحمەد، نەبەزی عەلی ئاسکە).
*ناوەند (ئاسۆ قەلە، جەعفەر تۆفیق، ئامانج سەید برایم-کاپتنی تیپ، فەلاحی عەلی زێوێیی.
*هێرشبەر (ئازادی حاجی مەلا شەریف، سەڵاحی شێخ ئەمین).
راهێنەرانیش ئەم گۆڕانکارییانەیان کرد؛
*تەنیا حەسەن بۆ شوێنی نەبەز.
* رەفیق عەلی بۆ شوێنی هیوا.
*بەختیار رەشید بۆ شوێنی ئاسۆ.
*بەکر شێخ مستەفا بۆ شوێنی ئازاد.
ئێمە وەک تیپی یانەی سلێمانی نەمانتوانی یارییەکە ببەینەوە و تیپی میوان 2-0 یارییەکەی بردەوە، گۆڵەکانی یانەی نەوت لە دەقیقەکانی (21، 91) دا تۆمارکران.
داوی ئەم یارییەش ئێمە بەردەوام بووین لەسەر راهێنانەکانمان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە، چونکە دواتر خولی پلە دووی یانەکانی عیراق دەستیپێدەکرد و ئێمەش وەک تەنیا تیپی پارێزگای سلێمانی بەشداریی ئەو خولەمان دەکرد و یەکێک بووین لە یانە بەشدارەکانی گروپی باکووری عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان