بەرەبەیانی یەکشەممە 22/6/2025، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا دوور لە ئاگایی زۆرێك لە خەڵکی ناوچەکە، گەیشتنە سەر ئاسمانی ئێران و لە چەند خولەکێکدا بە هاوبەشی لەگەڵ ژێردەریاییەکی جەنگی، ژمارەیەکی زۆر بۆمبی گەورە و مووشەکیان ئاراستەی سێ دامەزراوەی ئەتۆمی کرد، کە بریتین لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە
ئەمریکییەکان ئەو کارەیان ناوناوە ئۆپەراسیۆنی «چەکوشی نیوەشەو»، کە بە فڕۆکەی جەنگیی B-2 لە ئاسمانەوە بۆمببارانی سێ دامەزراوەکەیان کردووە و لە دەریاشەوە مووشەکی تۆماهۆکیان ئاراستەکردوون. دان کەین فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە خستنەڕووی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەدا رایگەیاند: هێرشەکە ورد و ئامانجدار بووە، ژێرخانی چەکی ئەتۆمیی ئێران زۆر لاوازکراوە.
ئەو کردەیەی ئەمریکا وەك لێپرسراوە سەربازییەکە باسی دەکات، زۆر نهێنی بووە و ژمارەیەکی کەمی لێپرسراوانی واشنتۆن ئاگاداری بوون، تەنانەت فڕۆکەوانەکان کەمترین پەیامیان لە گەشتەکەیاندا گۆڕیوەتەوە، کە 14 فڕۆکەوان بوون و بە حەوت فڕۆکەی جۆری B-2 لە ئەمریکاوە روویان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرد و بە 18 سەعات گەیشتنە شوێنی مەبەست.
دان کەین ئەوەشی خستۆتەڕوو، فڕۆکە جەنگییەکان 14 بۆمبی دژە حەشارگەیان بەسەر هەردوو دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ و نەتەنزدا خستووەتەخوارەوە. لە ژێردەریاییەکی جەنگییشەوە لە ناوچەکەدا، زیاتر لە 24 موشەکی کرووز لە جۆری تۆماهۆك ئاراستەی وێستگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان کراوە.
ترەمپ شانازی پێوەدەکات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ راگەیاندنی هێرشەکەدا، بە شانازییەوە باسی لە سەرکەوتنی کرد و رایگەیاند: چرکەساتێکی مێژووییە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و جیهان. جەختیشیکردەوە، دەبێت دەستبەجێ ئێران رازی بێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ.
کۆتایی بە خواستی ئەتۆمی هێنراوە
لەلای خۆیەوە، پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا دووپاتیکردەوە، هەرسێ دامەزراوە ئەتۆمییەکە سەرەکین و بەشێوەیەکی ورد و راستەوخۆ پێکراون و سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش بەدیهاتووە، بە جۆرێك بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەشێوەیەکی تەواوەتی لەناوبراوە.
«جیهان سەلامەتترە»
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پێیوایە جیهان لەدوای هێرشەکە سەلامەتتر و سەقامگیرترە. هەروەها هۆشداری بە تاران دا، ئەگەر سووربێت لەسەر هێشتنەوەی بەرنامەی نهێنیی ئەتۆمی، ئەوا گورزی زیاتری سەربازی لێدەدرێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامی ئەوەشی دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە بەزووترین کات گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات. داوای لە ئەوروپاش کرد بەردەوامبن لە گوشارخستنەسەر تاران.
سوپاسی ترەمپ دەکات
ئەو کردەوەیەی ئەمریکا، ئیسرائیلییەکانی دڵخۆش کرد و بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ترەمپی کرد و پێیوایە ئەو هەنگاوە مێژوو دەگۆڕێت. باسی لەوەشکرد، ئەوەی ئەمریکا ئەنجامی دا، هیچ وڵاتێكی دیکە نەیدەتوانی بیکات.
کاردانەوەی ئێران توندە
لێپرسراوان و بەشێك لە دامەزراوەکانی ئێران لێدوان و راگەیەندراویان لەبارەی پەلامارەکەی ئەمریکا بڵاوکردەوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان، خاڵی هاوبەشیان بوو.
لەم چوارچێوەیەدا عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بەو هێرشانەی ئەنجامیانداوە، هێڵێکی سووری زۆر گەورەیان بەزاندووە.
وتیشی: پێویستە دەرگای دیپلۆماسیەت بە کراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام دەبێت وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە، وەڵامیشمان دەبێت. هەروەها باسی لەوەشکرد، کە ئەمڕۆ 23ی حوزەیران سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دیدارێکی گرنگی دەبێت. سەردانەکەش لەچوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتدایە.
بەریتانیا هەڵوێستی خۆی راگەیاند
هەڵوێستی بەریتانیاش لەسەر زاری کییەر ستامەر سەرۆك وەزیرانەوە بڵاوکرایەوە، داوای لە تاران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی هاتووەتەئاراوە. ستامەر سوورە لەسەرئەوەی نابێت هەرگیز رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات. هەروەها پێیوایە ئەمریکا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشەیەی هەیە. سەقامگیریی ناوچەکەش بە کاری لەپێشینە وەسف دەکات.
لەلایەن خۆشیەوە کایا کالاس لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
روسیا ئیدانەی دەکات
روسیا ئیدانەی هێرشەکە دەکات و دمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە رایگەیاند: ئەمریکا ململانێیەکی نوێی دەستپێکردووە.
ئەو لێپرسراوە روسییە لە کەناڵی خۆی لە تێلیگرام، 10 خاڵی بە کورتی لەبارەی دەستکەوتەکانی دوای هێرشەکە بڵاوکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە، پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئایندەدا لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە دیفاکتۆ، چونکە ژێرخانە ئەتۆمییەکەی زیانی بەرنەکەوتووە یاخود بەشێوەیەکی زۆر کەم زیانی بەرکەوتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، ئیستا زۆر وڵات هەن ئامادەن راستەوخۆ جبەخانەی ئەتۆمی بدەنە ئێران. ئیسرائیلیش لەژێر هەڕەشەی تەقینەوە و ترس و پێشهاتی گەورەدایە. میدڤیدیڤ لە خاڵێکی دیکەشدا دووپاتیکردووەتەوە، سیستمی سیاسیی ئێران لاواز نەبووە، بەڵکو پێدەچێت بەهێزتر بووبێت.
چین ئیدانەی دەکات
هەر لە کاردانەوەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی چین بەتوندیی هێرشەکەی ئەمریکای ئیدانە کرد و داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ململانێکە کرد بەتایبەتی ئیسرائیل، لە نزیکترین کاتدا شەڕ رابگرن. هێرشەکەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسفکرد و پێیوایە، دەبێتەهۆی زیادبوونی بارگرژیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
«پێشهاتێکی مەترسیدارە»
لە کاردانەوەیەکی دیکەشدا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: هێرشەکان پێشهاتێکی مەترسیدارن. تاکە رێگە بۆ پێشەوە، دیپلۆماسیەتە، هەروەك رێگەی سەربازی هیچ پرسێك چارەسەر ناکات.
کاردانەوەی عیراق و وڵاتانی کەنداو
کاردانەوەی حکومەتی عیراق لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا قسەکانی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەت بوو، کە رایگەیاند: ئەو پێشهاتە سەربازییە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیی جددیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە.
وڵاتانی کەنداویش بەگشتی، نیگەرانن لەو رەوشەی هاتووەتەئاراوە. لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: جەخت لە پێویستی هەموو هەوڵێکی گونجاو دەکەینەوە بۆ دانبەخۆداگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان و خۆلادان لە پەرەسەندنی زیاتر.
بەحرەینیش داوای پێویستیی یەکخستنی هەوڵە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و کردەوە سەربازییەکان. داواش دەکات بەپەلە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکاتەوە. هەروەها ئوردن ئیدانەی پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت «پێویستە رێز لە یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەروەریی دەوڵەتان بگیرێت».
لەلایەکی تریشەوە، قەتەر، راگرتنی دەستبەجێی سەرجەم کردەوە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی دیپلۆماسی، بە پێویست دەزانێت. سوڵتاننشینی عوممانیش، کە میوانداریی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێرانی دەکرد، بەهەمان شێوە هێرشەکەی ئەمریکا بە پێشێلکردنێکی مەترسیداری یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف دەکات.
پاپاش هاتە دەنگ
لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، پاپا لیۆی چواردەیەم پاپای ڤاتیکان ئاماژەی بەوەکرد، مرۆڤایەتی هاواردەکات و داوای ئاشتی دەکات. پاپا دوێنێ لە کۆتایی نوێژی هەفتانەدا لە ڤاتیکان داوایکرد، دیپلۆماسییەت بەسەر چەکدا سەربخرێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێن.
کوردستانی نوێ
عەباس عیراقچی
مارکۆ روبیۆ