وەک کاری هەماهەنگیی و بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ سەرۆكی ئەركانی سوپاسالاری عیراق کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی هەنووکەیی شاری کەرکوک کرا.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی، بە ئامادەبوونی نەشئەت شاهۆیز سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگا، پێشوازییان لە فەریق روكن-ی یەكەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا سەرۆكی ئەركانی سوپاسالاری عیراق كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا بارودۆخی ئەمنی شارەكەیان تاوتوێكرد.
نەشئەت شاهۆیز، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە بارودۆخی ئەمنی و هەوڵەكان و ئۆپەراسیۆنەكان بۆ پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا كرا، دواتر سوپاسالاری عیراق رایگەیاند: هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان كاریگەریی بەرچاویان لە بەدیهێنانی سەقامگیریی بەدەستهێناوە كە ئەویش بە پشتیوانیی پارێزگاری كەركوكە، دواتر تیشكخرایەسەر جێبەجێكردن و پاككردنەوەی دۆڵی زغێتون و هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئیدارەی كەركوك و هێزە ئەمنییەكان دووپاتكردەوە.
کەرکوک، هێمن ئەحمەد