بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە، لە دوێنێ دووشەممەوە، عیراق و قەتەرو کوێت و بەحرەین و ئیمارات، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان راگەیاندووە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتیان و دانیشتووان و سەردانکەرانیان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی قەتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی دەوڵەتی قەتەر بە سەلامەتیی هاووڵاتیان و سەردانکەران، لایەنە پەیوەندیدارەکان راگرتنی گەشتیی ئاسمانی لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا رادەگەیەنێت، ئەمەش بەشێکە لە کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی کە بە پشتبەستن بە پێشهاتەکانی ناوچەکە گیراوەتەبەر.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی دەکاتەوە کە دەسەڵاتە رەسمییەکان لە نزیکەوە و بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکان دەکەن بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و لە کاتی خۆیدا لە رێگەی کەناڵە رەسمییەکانەوە زانیاریی نوێکراوە دەداتە رای گشتی.