كێشەی شتیگن چۆن چارەسەر دەكەن؟

11:02 - 2025-06-25
وەرزش
28 جار خوێندراوەتەوە

بۆ وەرزی نوێی 2025-2026، یانەی بارسیلۆنا یەكەم بۆندی رەسمی، خوان گارسیای گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆڵ بوو بۆ ریزبەندكانی، ئەمەش مانای وایە، وەرزی ئایندە ئەم گۆڵپارێزە لاوە، دەبێتە گۆڵپارێزی یەكەمی تیپەكە و پینا و شتیگن رەنگە ئەو دوو گۆڵپارێزەبن كە ماڵئاوایی لە بارسا دەكەن و تەنیا چیزنی و گارسیا دەمێننەوە.
ئێستا بارسیلۆنا بە ناڕاستوخۆ بە شتیگنی وتووە وەرزی ئایندە تۆ گۆڵپارێزی یەكەم نابیت، ئەمەش بە هێنانی گارسیا و مانەوەی چیزنی، ئەگەر بێت و شتیگن بڕیاری نەڕۆیشتن لە بارسا بدات و نەچێتە یانەیەكی تر، ئەوا ئەم گۆڵپارێزە ئەڵمانییە دەبێتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ فلیكی راهێنەر و لاپۆرتای سەرۆك.
مانەوەی شتیگن دوو زیانی گەورەی دەبێت، یەكەمیان ئەوەیە دەبێتە بارگرانی لەسەر یانەكە بەوەی ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار مووچەكەیەتی، بەڵام گارسیا تەنیا 3 ملیۆنە، ئەگەر چیزنیش بمێنێتەوە ئەوا گۆڵپارێزەكان بارگرانی لەسەر مووچەی یاریزانانی تیپەكە دروستدەكەن.
دووەمیشیان ئەوەیە، ئەگەر بمێنێتەوە، ئەوا رەنگە بكەوێتە دژایەتی كردنی گارسیای لاو، گارسیاش یەكەم وەرزییەتی لەگەڵ بارسا، ئەمەش گوشارێكی نەرێنی لەسەر گارسیا دروستدەكات و فلیك توشی كێشە دەبێت.
بۆیە ئێستا یانەی بارسیلۆنا و دیكۆ و تەنانەت فلیكیش دەیانەوێت راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بكەن و ئەوەی پێبڵێن كە وەرزی ئایندە گۆڵپارێزی سەرەكی نابێت، یانەكەش و لاپۆرتاش بە شێوازی گونجاو دەبێت ئەمە بگەیەننە شتیگن، بەتایبەتیش كە تا ئێستاش ئازاری ئەژنۆی كێشەی بۆ دروستدەكات و پێكانەكەی پاریشی كێشەی گەورەترە، تەنانەت رۆژنامەكانی كەتەلۆنیاش ئەوەیان ناڕاستەوخۆ پێگەیاندووە كە لەدوای هاتنەوەی و چاكبوونەوەی پێكانەكەی، یارییەكی بۆ بارسا كرد، بارسا ئەو یارییەی دۆڕاند، دوو یارییش گۆڵپارێزی ئەڵمانیا بووە، ئەڵمانیاش هەردوو یارییەكەی دۆڕاند، واتە تەنیا سێ یاریی گۆڵپارێز بووە هەرسێ یارییەكە تیپەكانی دۆڕاون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان