شۆخان تاریق چالاكوانی بواری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی-یە، دەرچووی بەشی یاسایە و دانیشتووی هەولێرە. ئەو پێی وایە ئەگەر ژنان بیانەوێ بگەن بە ئابووریی سەربەخۆی خۆیان و زیادكردنی داهاتەكانیان، دەرفەتی زۆر هەیە دەتوانن خۆیان لەو بوارە بەرەوپێش ببەن و پێشیوایە پشتبەستن بە مووچە وەك تاكە سەرچاوەی داهات ئامانجەكانی تاك بەدی ناهێنێت.
شۆخان بە دوالاپەڕەی وت: بە بەراورد بە رابردوو ئێستا دەرفەتەكانی كاركردن بۆ ژنان و كچان زۆر زیاتر و فراوانترە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی كاری سەربەخۆی خۆیان، بۆ نموونە ئێستا كە سەردەمی تەكنۆلۆژیا و سۆشیاڵ میدیایە، دەرفەتێكی زۆری داوە بە كچان و ژنان، لە رێگەی ئۆنلاین و فراوانبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، كاڵاكانیان بفرۆشن و داهات بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن. چونكە سەرەتا مووچە بنەمایەكی باشە بۆ دەستپێكردنی ژیان، زۆر كەس بە درێژایی مێژوو لە رێگەی كارە مووچەییەكانیانەوە، توانیویانە خێزان دامەزرێنن و داهات بۆخۆیان دەستەبەر بكەن، بەڵام چەند راستییەك هەیە، لەوانە لایەنی ئەرێنی، كەسانێك دەتوانن بە تەنها پشت بە مووچە ببەستن، كاتێك بڕی مووچەكانیان بەرزە و داهاتێكی زۆریان هەیە، یاخود بە شێوەی فوول تایم دەوام دەكەن، دەتوانن لە هەموو بارودۆخێكدا بەو مووچەیە ژیان بگوزەرێنن، لەهەمانكاتدا بوونی مووچە لایەنی نەرێنی هەیە، بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان، بە تەنیا پشتبەستن بە مووچە بە تایبەت ئەگەر بڕەكەی مامناوەند و دیاریكراو بێت، رەنگە سنووردارت بكات لە گەشەپێدان، یاخود لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێكی ئابووری دەكرێ كارەكەت لە دەست بدەیت و لەبەرامبەردا هیچ داهاتێكی دیکەت نەبێت و دووچاری رووخانی ئابووری ببیەوە، بۆیە پێویستە مووچە وەك بنەما بەكاربهێنرێت نەك وەك مەبەست.
تەها عەبدوڵڵا