دوێنێ لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ، خولێك بەناونیشانی (بەكارهێنەرانی ژیریی دەستكرد لە میدیا) بۆ میدیاكارانی كەناڵە جیاجیاكانی بۆردی راگەیاندنی (ی.ن.ك) كرایەوە كە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
خولەكە، بە هاوبەشی لەنێوان رۆژنامەی كوردستانی نوێ و كەناڵی المسری رێكخراوە بەبەشداری 30 فێرخواز و لەلایەن دوو مامۆستای پسیۆڕی بوارەكەوە بە شێوەی پراكتیكی وانەكان دەوترێنەوە.
لە مەراسیمی كردنەوەی خولەكەدا، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، لەوتەیەكدا، وێڕای دەستخۆشی لە رێكخەرانی خولەكە، باسی بایەخ و گرنگی (ژیریی دەستكرد)ی كرد لە ژیانی هەمووان وەكو پێشكەوتووترین بواری تەكنۆلۆژیا و بۆ ئەمەش پێویستە میدیاكاران پێش هەموو خەڵك شارەزاییان لە بوارەكە بە تەواوی هەبێت و بزانن چۆن بەكاردێت. هیواشی خواست ئەم جۆرە خولانە بەردەوامی هەبێت و لەداهاتوودا بازنەكەی فراوانتر بكرێت و میدیاكاری زیاتر بەشداریی تێدا بكەن.
پاشان، د. كاروان عەلی سەرنووسەری كوردستانی نوێ، لە وتەیەكدا باسی گرنگی ئەم جۆرە خولانەی كرد بۆ رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی لە جیهانی پێشكەوتن دانەبڕێن و چەند خاڵێكی ئیجابی (ژیریی دەستكرد)ی بۆ روونكردنەوە كە دەبێت پشتی پێ ببەسترێت و شارەزاییان لێی هەبێت.
كۆمار مەسعود