«ئاگرکەوتنەوەکان»، هەنگاوێک لە دۆزەخەوە دوورە

نموونەی دەقێک لەنێوان واقیع و شیعرێکی خەونئامێزدا

11:32 - 2025-06-26
ئەدەب و هونەر
54 جار خوێندراوەتەوە


دانا رەئووف

     (1-2)

«ئاگرکەوتنەوەکان»، یەکێکە لە شانۆنامە دیارەکانی شانۆنامەنووس و دەرهێنەر «وەجدی معەوەز»، کە تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان و لەسەر بەشێک لە شانۆ گرنگەکانی ئەوروپا نمایش کراوە. ئەم شانۆنامەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003دا نمایش کراوە.
بە کورتی، پوختەی دەقەکە باسی خوشک و برایەک دەکات؛ (ژان و سیمۆن)،  کە تازە دایکیان مردووە و وەسێتنامەیەکی بۆ بەجێ هێشتوون. لەو وەسێتنامەیەدا دایکیان کە ناوی «نەوال»ە داوایان لێ دەکات بگەڕێن بە دوای باوکیاندا، کە لەوان وایە مردووە و بیدۆزنەوە چونکە لە ژیاندا ماوە، هەروەها برایەکی لێوانلێو لە راز و نیازی نەناسراویشیان هەیە، نامەیەکی بۆ ئەویش داناوە، دەبێت بیدۆزنەوە و نامەکەی بدەنێ. دایکیان لە ئەنجامی شەڕێکی درێژی ناوخۆییدا، لە زێدی خۆی هەڵهاتووە. «ژان» دەڕوات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئاماژەکان بۆ لوبنانە، بێ ئەوەی ناوی ئەم وڵاتە یان هیچ وڵاتێکی تر بهێنێت، تا بە دوای رابردووی خۆی و دایکیشیدا بگەڕێت. ئەم خوشک و برایە، خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتەی دایکیانی لێوە هاتووە: بە ناو گوندە دوورە سوتاوەکان، دایەنگە کاول و چۆڵ و هۆڵەکان، بەندیخانە داخراوەکان و رێگا پر مەترسییەکاندا دەڕۆن و دەچنە ناو تاریکییەوە. ئەم سەفەرەی «ژان»، و دواتریش «سیمۆن» گەشتێک دەبێت بۆ ناو رەشایی دڵ، بۆ شوێنێکی قووڵی پر لە توندوتیژی و جەنگێکی درێژخایەنی بێ کۆتا، بۆ تونێلەکانی شەڕ، هاوکات بۆ خۆشەویستییەکی بێ سنوور. ئەم گەشتە گەشتێکی پڕ مەترسییە سەبارەت بە شووناس؛ هاوکات باسی چیرۆکی ژیان و مەرگ و کۆمەڵگە دەکات، کە لە ئەنجامی شەڕدا هەڵوەشاوە، بەڵام تروسکەی هیوایەکیشی تیایە بۆ لێبوردەیی.
«وەجدی معەوەز» نووسەرێکی بە نەژاد لوبنانییە و لە کەنەدا گەورە بووە، جگە لە نووسین، ئەکتەر و دەرهێنەریشە و ناوێکی دیارە لە شانۆی کەندی/فەڕەنسی دا، ئەمەیش بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ شانۆنامەی «ئاگرکەوتنەوەکان»، کە رەهەندێکی سیاسی چڕ و بەهێز لەخۆدەگرێت و بە شێوەیەکی سمبۆلیکار لەسەر زەمەن دەکات؛ هەموو کات و شوێنەکان تێکدەشکێنێت و بە وریاییەوە تێکەڵاویان دەکات. لەم بونیادە شانۆییە سەختەوە وێنای چەند نەوەیەکمان لەو مرۆڤە تێکشکاوانه‌ بۆ دەکات، کە جەنگە یەک لە دوای یەکەکان وێرانی کردوون. هەر لەنێو ئەم چیرۆکە تراجیدیایەوە ئەو خۆشەویستییەشمان بۆ دەردەخات، کە دەبێتە هەڵگری هەموو ئازارەکان و هۆکاری بەشێک لە کارەساتەکان و شاهێدی ئەو مێژووە خوێناوی و دڵرەقەش داب و نەریت و شەڕەکان دەیخوڵقێنن. ئەوەی لەم شانۆنامەیەدا بە روونی دەردەکەوێت، ئەوەیە مرۆڤ پێکەوە هەڵگری مێژوویەکن، زۆر لە ویستی تاکەکەس گەورەتر و سەخترە. لەم مێژووەدا زۆر بە ئاسانی مرۆڤ بریتییە لە پوختەی شەڕێکی بەردەوام، رق و کینە، بەڵام خۆشەویستی و لێبوردەییش بەشێکە لەو مێژووە.
«وەجدی معەوەز» خۆی نەوەی جەنگە، لە ساڵی1968 لە لوبنان لە دایک بووە، لەگەڵ خێزان و بنەماڵەکەیان، بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە رادەکەن و بۆ ماوەیەک لە فەڕەنسا دەمێننەوە، بەڵام دواتر مافی پەناهەندەیی وەرناگرن و دەیانگەڕێننەوە بۆ لوبنان، سەرلەنوێ رادەکەنەوە لە کەنەدا و لە شارێ مۆنتریاڵ دەگیرسێنەوە. گرینگترین دەقە شانۆییەکانی بریتین لە: «باڵندەکان، رۆژی زەماوەند لە کرۆماگنۆن، هێڵی کەنار، دارستانەکان، ئاسمانەکان، ئاگرکەوتنەوەکان.»
«وەجدی معەوەز» لەنێوان ساڵی2000 بۆ  2004بەڕێوبەری هونەری شانۆی Montreals Theatre de Quat´Sous بووە لە کەندا، هەروەها بەڕێوبەری هونەریی سەنتەری شانۆی نەتەوایەتی فەڕەنسی بووە هەر لە کەنەدا، لە ساڵی2016ەوە بەڕێوبەری شانۆی Théatre national de la Colline - یە لە پاریس. تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرنگی وەرگرتووە.
شانۆنامەی «ئاگرکەوتنەوەکان»، چەندین توێژ لەخۆ دەگرێت، کە پێکەوە تراجیدیایەک دەخوڵقێنێت، یان دۆزەخێک دەکرێ کەسانێکی زۆر لە خەڵکی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، خۆیانی تیادا ببیننەوە. یەکێک لە پرسیارە گرینگەکان، بۆ نموونە ئەوەیە «نەوال»، کە یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ده‌قه‌، کە شانۆنامەکە دەست پێ دەکات ئەو تازە مردووە، بۆچی لە پێنج ساڵی کۆتاییەکانی ژیانیدا بێدەنگ دەبێ و بە هیچ شێوەیەک یەک وشەیش لە دەمی نایەتە دەرەوە؟ چ نهێنییەکی خێزان و بنەماڵەکەیانی هەڵگرتووە؟ دوای مردنەکەی، بە پێی ئەو وەسێتنامەیەی لە دوای خۆیەوە بەجێی هێشتووە و لە رێگای پاڕێزەرەکەیەوە، لە هەمان کاتدا هاوڕێیەکی نزیکیشی بووە، دەگاتە دەستی منداڵەکانی، داوا لە کچ و کوڕەکەی، کە دووانەنن و بەسکێک لە دایک بوون، «ژان و سیمۆن»، دەکات بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و نهێنی و راز و نیازی نەژادی خۆیان بدۆزنەوە. چەندە ئەم خوشک و برایە نزیک دەبنەوە لەو بێدەنگییەی دایکیانەوە، هێندە نزیک دەبنەوە لە ئاشکرا کردن و پەردە هەڵماڵین لەو تراجیدیایەوە، کە سەرلەبەری ژیانیان دەگۆڕێت و ئەو دنیایەی ئەوانی تا ئەو کاتە تیا ژیاون سەرەولێژ دەکات. ئەم خوشک و برایە بێ ویستی خۆیان، ئازارێکی گەورەیان بە میراتی بۆ دەمێنێتەوە، کە بەشێکی لە بیرکراوی ئەو تراجیدیایەیە، «نەوال»ی دایکیانی بۆ هەتاهەتایە بێدەنگ کردووە و ئەوانیش ناچار دەکات گوێ لەو بێدەنگییە بگرن و لەگەڵی بژین. لە کۆتایی شانۆنامەکەیشدا، «سیمۆن» دەڵێت: «ژان، با جارێکی تر گوێ لە بێدەنگی دایکم بگرم.»،»ژان و سیمۆن گوێ لە بێدەنگی دایکیان دەگرن.»
گەڕانی «سیمۆن و ژان» بە دوای باوک و برایەکی نەناسراودا، هاوشانە لە گەڕانەوەی زەمەندا بە گەڕانی «نەوال» بە دوای کوڕەکەیدا. لەم گەڕانەدا زەمەن، ئێستا و رابردوو لە تێکەڵاو بوونێکی بەردەوام دایە و هیچ سنوورێک نە بۆ کات و نە بۆ شوێن نامێنێت. رووداوەکانی دەقەکە بە دوو هێڵی ئاسۆیی و لەسەر دوو ئاستی جیاواز بەرجەستە دەبن، لەلایەک ئێستایە و «ژان و سیمۆن» بە دوای رابردووی خۆیان و دایکیاندا دەگەڕێن، لە لایەکی تریشەوە رابردووە، کە «نەوال» لەگەڵ «سەودا»ی هاوسەفەریدا، بەناو ئاگری شەڕەکەدا دەڕۆن، بێ ئەوەی بزانرێت ئەم شەڕە بۆ دەکرێ و لەسەر چییە! ئەم دوو ژنە بەدوای کوڕەکەی «نەوال»دا دەگەڕێن، کە بە گەنجی و بەر لە شەڕەکان، لە ئەنجامی خۆشەویستییەکی گەورەوە لە دایک بووە، بەڵام لە «نەوال»ی دوور دەخنەوە، لەبەرئەوەی ئەو منداڵەی بە ناشەرعی لە کەسێک بووە، سەر بە تیرە و دینێکی ترە. کورپەکەی ون دەکەن و خۆشەویستەکەشی رادەکات. لەم گێژاوەدا لەنێو ئەم تراجیدیایەدا، رووبەرووی «نیهاد» دەبینەوە، کە کوڕەکەی «نەوال» و برای «سیمۆن و ژان»ە، بووە بە پیاوکوژێکی سادیزمی پلە یەک، ئەشکەنجەی خەڵکی داوە، ژن و پیاو و منداڵی کوشتوە و دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنان. کە «نەوال»یش دەکەوێتە بەندیخانەوە، کوڕەکەی ئەشکەنجەی دەدات و دەستدرێژی دەکاتە سەری و دووگیانی دەکات، بێ ئەوەی کەسیان بزانن دایک و کوڕن.  سەلیقە و توانای «وەجدی معەوەز» لەم پێکەوە بەستنەوە دراماتۆرگییەدا دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا هەڵوەشانەوەی ئەو زەمەن و شوێنە درامییەیە، کە بنەماکانی دەقەکەی پێکهێناوە. «نەوال» دایکی ئەم خوشک و برایە، لەنێو ئاگری ئەم شەڕە خوێناوییەدا، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین و بیرکردنەوە دەکات، تا بتوانێت رووبورووی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەی، چەندین نەوەیە دایک و کچەکان دەچەوسێننەوە و دەیان کوژن، ببێتەوە. «نەوال» لەم شەڕە خوێناوییەدا، بەردەوام گۆرانی دەڵێت و «بەو ژنەی گۆرانی دەڵێت» ئاماژەی بۆ دەکرێت؛ هێزی ئەو ئاوازەی لە قورگیدایە، سمبولی ئەو بەرگری و بەرگەگرتنەیە، کە نەوەی «نەوالەکان» و نەوەکانی تر کردوویانە.

 

«وەجدی معەوەز» لەم دەقەیدا، لەسەر ئاستێکی بەرز پەردە لەسەر چیرۆکی ئەو پاشخانە مێژوویی و کەلتورییەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەماڵێت کە لێوەی هاتووە، باسی خۆی و هەزارەها کەسی تر دەکات کە لەناو جەنگە یەک لە دوای یەکەکاندا لە دایک بوون و گەورە بوون، باسی ئەو هەزارەها پەناهەندەیە دەکات،   بە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە

هەموو شانۆنامەکە، لە فۆرمێکی خەونەئامێزدا، کە نزیکە لە جیهانێکی شیعرییەوە، یەک لە دوای یەک توێژەکانی دادەماڵێت و چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، تیایدا خێزان دەبێتە قوربانی داب و نەریت. شەڕ و خۆشەویستی، وەک دوو تەوەری دژ بەیەک، چی لە کۆمەڵگە و مرۆڤ، بە گشتی و ژن بە تایبەتی دەکات. «ئاگرکەوتنەوەکان» ئەو چیرۆکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، چۆن تەنگەژە دەروونییەکانی جەنگ لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەمێنێتەوە و وەک نەفرەتێک ژیانی نەوەکان وێران دەکات. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، ئەم دەقە باسی بەرگری دەکات، کە چارەنووسی مرۆڤەکان لەسەر ئەو بەردە هەڵدەکۆڵێت، دواجار لە ژوور سەری گۆرەکانماندا بەرز دەبێتەوە. 
«وەجدی معەوەز» لەم دەقەیدا، لەسەر ئاستێکی بەرز پەردە لەسەر چیرۆکی ئەو پاشخانە مێژوویی و کەلتورییەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەماڵێت کە لێوەی هاتووە. باسی خۆی و هەزارەها کەسی تر دەکات، کە لەناو جەنگە یەک لە دوای یەکەکاندا لە دایک بوون و گەورە بوون، باسی ئەو هەزارەها پەناهەندەیە دەکات، بە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و هەستی قوربانی و جەلاد، لە شوێنێکی تر و کاتێکی تردا، تێکی شکاندوون. ئەو چیرۆکانەی پەناهەندەکان ناتوانن بۆ کەسی بگێڕنەوە، ئەو نهێنیانەی تەنانەت ناکرێت بۆ کەسە زۆر نزیکەکانی خۆشیانی باس بکەن و هێدی هێدی لەنێو بێدەنگیدا دەمرن. چیرۆکی ئەم خوشک و برایە، کە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، دوای مردنی دایکیان تا رووبەڕووی ئەو جیهانە ببنەوە، خۆیان لێوەی هاتوون و ئەو وەڵامەشیان بۆ دەربکەوێت، کە دایکیان بۆ لەپڕ بۆ هەتا هەتایە بێدەنگ بوو. لەم گەشتی «خوشک و برا»یەدا هاوتەریب لەگەڵ ئەو ژیانەی خۆیان، لە دەرەوەی وڵات و دوور لە زێدی خۆیان بەسەریان بردوە، نهێنییەکانی ژیانی دایکیان «نەوال»مان لەنێو ئاگری شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و کاره‌ساتباری توندوتیژەوە بۆ دەردەکەوێت، کە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی لەخۆ ناگرێت. یەکێک لەو حیوارە گرنگانەی ئەم دەقە کە بەردەوام لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بە تایبەتی لەسەر دەمی «نەوال»دا، لە کۆنتێکستی رووداوەکاندا دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە: «ئێستا هەست دەکەم زۆر باشترە، کە هەموو پێکەوەین.» ئەمەیش گوزارشت لەو پەڕتەوازەییە دەکات، کۆمەڵگە بە هۆی شەڕەکانەوە دووچاری بووە. 
ئەوەی لە «ئاگرکەوتنەوەکان»دا بە روونی دیارە، بڕوای «وەجدی معەوەز»ە بە هێزی وشە و زمانێکی شیعری، بە خوڵقاندنی چیرۆکێک دەستپێکی لە وشە و شیعرەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، هاوکات بە توانای مرۆڤ لە خوڵقاندنی پەیوەندییەکان لە کەشێکی پڕ لە سەربەستیدا، تەنانەت لەو شوێنانەشدا، کە بەهۆی جەنگەوە هەموو شتێک لەنێو رق و توندوتیژییەکی بێ سنووردا وێران بووە. «وەجدی معەوەز» توانیویەتی زمانێک ببەخشێت بە شتێک کە باس ناکرێت، بە تراجیدیایەک لە توانای مرۆڤدا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەرگیز هەستی لێبووردەیی و خۆشەویستی لە دەست نادات.
   نووسەر لە شانۆنامەی «ئاگرکەوتنەوەکان»دا دراماتۆرگییەک بەکار دەهێنێت، لە زۆربەی دەقەکانی تریدا کاری لەسەر کردوون، لەنێوان دوو هێڵی جیاوازی دوو زەمەنی جیاوازەوە چارەنووسی ژیانی کەسانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەشێکە لە مێژوویەکی گەورە، ئەویش ئەو هەموو جەنگی ناوخۆیی و شەڕە یەک لە دوای یەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە کۆتایی نییە. کارەکتەری «نەوال» ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، مێژوو پارچە پارچە بووە و دەکرێت پارچە پارچە چارەسەر بکرێتەوە، ئەمەیش پەیامی دەقەکەیە: دەبێت مرۆڤ ئەو توانا و بوێرییەی هەبێت هەندێکجار بڕیاری سەخت بدات، کە وەک نۆشکردنی ژەهر وایە، تەنیا بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.

سەرچاوە:
Wadji Mouawad, Bränder, översättning av Katrin Ahlgren.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان