راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
ئەمساڵ هەر لە سەرەتاوە پێشبینی کەم بارانی دەکرا و زۆربەی نیشانەکانی وشکەساڵی لە هەرێم دەرکەوتوون، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی سەرتاسەری هەرێمی نەگرتووەتەوە
هەرێمی كوردستان وەک بەشێک لە جوگرافیای جیهان کاریگەریی وشکەساڵی لەسەرە و کەمبوونەوەی بڕی دابارین بەشێکی زۆری ناوچەکە و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، هۆکارەکەشی بەشێکی پەیوەندیی بە گۆڕانکاریی کەشوهەواوە هەیە، لەم چەند ساڵەی رابردوودا بە شێوەیەکی مەترسیدار کەشوهەوای جیهان دووچاری پیسبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر عیراق و
هەرێم داناوە.
سەركاو فەیروز پسپۆڕ لە بواری ئاو و هەوا و ژینگەدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەمساڵ هەر لە سەرەتاوە پێشبینی کەم بارانی دەکرا و زۆربەی نیشانەکانی وشکەساڵی لە هەرێم وەک سەوزنەبوونی بەشێک لە بەرهەمی دانەوێڵە، کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و وشک بوونی بەشێکی زۆر لە کانی و کارێزەکان دەرکەوتوون، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی وشکەساڵی سەرتاسەری هەرێمی نەگرتووەتەوە.
رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی
وتیشی: وشکەساڵی دەبێتە هۆی نائارامیی کۆمەڵایەتی و کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان، لەبەرئەوە پێویستە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی:
-1 دروستکردن و زیادکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو.
-2 گۆڕینی بەرنامەی کشتوکاڵیی و زیادکردنی چاندن بە دێم.
-3 سوود وەرگرتن لە شێوازی نوێی ئاودان بە مەبەستی رێگری لە
بەفیڕۆدانی ئاو.
-4 هاوکاریکردنی حکومەت بۆ جووتیاران، بە دابینکردنی پێداویستی دڵۆپاندن و خانووی پلاستیکی و ئاشناکردنی جووتیار بە شێوازی کشتوکاڵی سەردەمییانە.
-5 پاراستنی گژوگیا و دارستانەکان لە ئاگرکەوتنەوە و سووتان، کە دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
دابەزینی ئاستی ئاو
بە پشتبەستن بە توێژینەوەکانی بواری ئاو، ساڵانە مەترسییەکانی کەم ئاوی و وشکەساڵی زیاتر بوون، بە جۆرێک لە چەند دەیەی رابردوودا بۆ ئاودانی کشتوکاڵ زۆر بە دەگمەن پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترا و ئاوی سەرزەوی بەکاردەهێنرا، بەڵام ئێستا بە رێژەیەکی فراوان ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنرێت.
سەركاو فەیروز دەڵێت: جاران لە زۆربەی ناوچەکان لە چەند مەترێکدا دەگەیشتین بە ئاوی ژێر زەوی، بەڵام ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو بۆ لێدانی هەر بیرێک پێویستە چەند سەد مەترێک زیاتر لێ بدرێت، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە مەترسییەکانی کەم ئاوی لەسەر هەرێمی کوردستان جدی و ترسناکن.
ئاماژەی بەوەشکرد: دۆخەکە پێویستی بەوەیە هەنگاوی جدی بنرێت بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنان و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، بە گرتنەبەری رێکاری گونجاو بۆ مۆڵەتدان بە لێدانی بیر وەک کۆتا بژاردە.
بە بیابانبوون
بە شێوەیەکی گشتیی بە بیابانبوون، بریتییە لە وشکبوون و پڕبوونەوەی زەوییە بە پیتەکان و وشکبوونیان بە جۆرێک کە بنچینە بایۆلۆجییەکانی ژیانی بەھۆی پرۆسە سروشتییەکانەوە لە دەست دەچێت، یان بەھۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە ئەم زەوییە وشکانە بە یەکجاری دەپوکێنەوە، بەو ھۆیانەوە ناوچە بەپیتەکان بە شێوەیەکی زیاتر وشکدەبن.
لەبارەی وشکەساڵی تاچەند مەترسییە لەسەر بە بیابانبوونی هەرێمی کوردستان، ئەو پسپۆڕەی ئاو و هەوا وتی: هەرێمی کوردستان لەو جوگرافیایانەی جیهانە کە کاریگەرە بە گرفتە ژینگەییەکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان و خۆی بەشێکی سەرەکی نییە لە دروستکردنی گرفتە ژینگەییەکاندا، مەترسی بە بیابانبوون لەسەری بەهۆی کەمی دابارین و گۆڕانی کەشوهەوا و خۆڵبارینەوەیە کە سەرچاوەکەی بوونی ئەو رووبەرە فراوانەی بیابانە لە دەوروبەری.
وتیشی: دووری لە رووبەری ئاوی و نەبوونی پشتێنەی سەوزایی دارستان لە نێوان سنووری وڵاتانی دراوسێ، هەروەها کەمیی رێژەی سەوزایی کە لە زۆربەی شارەکاندا ناگاتە رێژەی ستاندارد وایانکردووە لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر و ئیدارەی گەرمیان هەست بە گۆڕانکاریی زەوییەکان بکرێت بەرەو بە بیابانبوونی زیاتر هەنگاو دەنێن، ئەگەر ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا روونتر مەترسییەکان دەردەکەون.