راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
جگە لە سزادانی سەرپێچیکاران، بە ئامانجی باشتربوون و چاولێکەری پێویستە لەسەر لیژنەکانی چاودێری لە کاتی پابەندبوونی هەر چێشتخانە و میوانخانەیەکدا بە پێدانی سوپاس و پێزانین خاوەنەکانیان پاداشت بکرێن
پاکوخاوێنی پێویستییەكی گرنگی كۆمەڵگەیە بە تایبەت لەکاتی ئامادەکردنی خواردندا، پێویستە لەسەر خاوەنی چێشتخانە و میوانخانەكان بە شێوەیەكی تەندروست خواردنی رۆژانە ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی تەندروستیی هاووڵاتیان نەکەوێتە مەترسییەوە، بەرپرسانی تەندروستیش جەخت دەکەنەوە لیژنەکانیان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن.
سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەردەوام لیژنەی تەندروستی جۆراوجۆر دروست دەكەین، كە بەشێكیان تایبەتن بە چێشتخانە و میوانخانەكان و سەردانیان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی بۆ کڕیاران ئامادەی دەکەن.
کەمتەرخەمیی کارمەندانی چێشتخانەکان
وتیشی: دەرکەوتووە بەشێك لە كارمەندانی چێشتخانەكان كەمتەرخەمن لە بەرامبەر ئەركەكانیاندا، پێویستە لەسەر خاوەن کارەکان چاودێربن بەسەریانەوە بۆئەوەی بە باشی ئەركەكانیان جێبەجێ بکەن، هەروەها چاوچنۆكی بەشێک لە خاوەن چێشتخانەكان وایکردووە چاوپۆشی لە كارمەندەكانیان بکەن بۆ ئەوەی خواردنی ماوە بەسەرچوو بدەن بە هاووڵاتیان.
لە ماوەی رابردوودا هەواڵی بە کۆمەڵ نەخۆشکەوتنی چەندین کەسمان لە شارە جیاوازەکانی عیراق بیست، بەهۆی خواردنی خراپ و ماوەبەسەرچوو لە چێشتخانەکاندا.
داواکاریی هاووڵاتیان
هاووڵاتی حەسەن حەمید بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو لیژنانەی لە فەرمانگەی تەندروستییەوە دەردەچن، هەندێكجار بە چڕی ئەركەكانیان جێبەجێ دەکەن و پاشان ماوەیەک سەردانیان ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی چێشتخانەكان لە ئەرکەکانیان و کەمتەرخەمی دەکەن، پێویستە لەسەر لیژنەکان بە بەردەوامی و بەپێی بەرنامە بەردەوام سەردانی چێشتخانەکان بکەن.
وتیشی: لەکاتی پابەندنەبوونی هەر خاوەن چێشتخانەیەک بە مەرجە تەندروستییەکانەوە پێویستە بە توندی سزا بدرێت بۆئەوەی دووبارەی نەکاتەوە.
محەمەد جوامێر هاووڵاتییەکی دیکەیە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: پێویستە لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن هاوکاری لیژنەکانی چاودێری بن و لەکاتی پابەندنەبوونی هەر چێشتخانەیەک بە مەرجە تەندروستییەکانەوە، ناو و ناونیشانی بە تەواویی بڵاوبکەنەوە بۆئەوەی هاووڵاتیان ئاگاداربن و بە سەردان نەکردنی سزای بدەن.
ئاماری سەردانی لیژنەکان
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لە ماوەی رابردوودا لیژنەكانی تەندروستی 15 هەزار و 511 جار سەردانی شوێنەكانیان كردووە، هەروەها 233 جار هەڵمەتی لە ناكاوی تەندروستییان کردووە، لە ئەنجامدا 324 شوێن داخراون، 668 شوێنیش سزای ماددی دراون، جگەلەوەش زیاتر لە هەشت هەزار تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوویان لەناوبردووە، پارەی سزادراوانیش كە بووەتە دەستكەوت بۆ حكومەت 74 ملیۆن و 649 هەزار دینار بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دەڵێت: جگە لە سزادانی سەرپێچیکاران، بە ئامانجی باشتربوون پێویستە لیژنەکان لە کاتی پابەندبوونی هەر چێشتخانە و میوانخانەیەکدا بە پێدانی سوپاس و پێزانین خاوەنەکانیان پاداشت بکرێن.