بزنە رەشەکە، یەکێک لە قوربانییەکانی توندوتیژیی نێرگزیی

10:14 - 2025-06-29
کوردستان
25 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆ و وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق 

دانچە: کار دەکەم بۆ پشتگیری و راوێژکاری و بەستنەوەی قوربانییەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، خەڵک و قوربانییان هۆشیار دەکەمەوە، بەشداری لە رێگریکردن لە توندوتیژیی خێزانی و کوشتن دەکەم

دانچە، ژنێکی 39 ساڵی هۆڵەندییە، خاوەنی رێکخراوێکە بەناوی (Warriors United)، کە لەژێر دروشمی (لە ڤاریۆر یونایتید، ئێمە باوەڕمان بە هێزی ئەزموونە هاوبەشەکان و لەیەکتێگەیشتن هەیە، تۆ تەنها نیت)، کارەکانیان دەکەن. کارەکانی ئەم رێکخراوە بریتییە لە قوربانییەکانی دەستی کەسە دەروون نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی حاڵەتی (نێرگیزیی)یان هەیە، لە سیفەتەکانی کەسی نێرگزیی:«خۆ خۆشویستن و خۆپەرستیی، ناجێگیریی لە کەسایەتییاندا و لوتبەرزی، کە زیادەڕەوی لە خۆبەزلزانیندا دەکەن و پێویستیی زۆریان بەوەیە خەڵک سەرسامییان بۆ دەربڕن، لە کاتێکدا خۆیان هیچ هەستێک بەرانبەر بەوانی تر دەرنابڕن». ئیتر بەم پێیە جۆرێک لە توندوتیژیی هەیە کە پێی دەوترێ (توندوتیژیی نێرگزیی)، کەسی نێرگزیی کە حاڵەتەکەی گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی بەرانبەر بە دەوروبەری پیادە بکات، هەمیشە هەڕەشە دەکات و پێیخۆشە ئەوانی تر بە زەلیلی ببینێت، تەنانەت پەنا بۆ توندوتیژیی جەستەیی لەگەڵیاندا دەبات. 

قوربانیی دەستی دایک و باوکێکی نێرگزیی
دانچە، یەکێکە لە قوربانییەکانی دەستی دایک و باوکێکی نێرگزیی کە توندوتیژییەکی بێڕادەیان بەرانبەر بە منداڵەکەیان کردووە و ژیانیان تێکداوە و بەرەو خراپەکارییان بردووە، بە رێکەوت ئامادەی یەکێک لە کۆڕەکانی بووم، تێیدا ئاماژەی بە هەندێ لایەنی ژیانی تایبەتی خۆی کرد، هەتا بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخراوەکەی، ئەوەی لە چیرۆکی ئەم ژنەدا سەرنجی راکێشام و دوای تەواوبوونی کۆڕەکە قسەی لەگەڵ بکەم، ئەوەیە، لە چرکەیەک لە چرکەکانی ژیانیدا بیری کردووەتەوە رێڕەوی ژیانی خۆی بگۆڕێت، تا دەگاتە ئەو خاڵەی ژیانێکی نوێ دەستپێدەکاتەوە. لەوێشەوە دەستپێدەکات کە خۆی قوربانیی بووە و رێکخراوێکی تایبەت بە پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی قوربانییەکانی توندوتیژی داناوە بۆ ئەوانەی لەسەر دەستی کەسانی دەوروبەریان بەتایبەت ئەوانەی تووشی نێرگزیی بوون، لە رێگەی چالاکیی جۆراوجۆر و پرۆژەی تایبەتەوە دەستی قوربانییەکان دەگرێ، تا مێژوویەکی تاڵ تێپەڕێنن و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەنەوە. 
لە پێناو مانەوەمدا جەنگاوم
کە قسەم لەگەڵ کرد، دانچە بەمشێوەیە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە: من دانچە-م، تەمەنم 39 ساڵە، لە دایک و باوکێکی نێرگزیی توندوتیژ هاتوومەتە دنیاوە، هەردووکیان بکەری توندوتیژیی بوون بەرانبەرم. تێگەیشتنێکی زۆر هەڵە هەیە کە گوایا کەسە نێرگزییەکان پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا نییە، بەڵام لە راستیدا، ئەوان دەتوانن پەیوەندییان هەبێت، ئەگەر دەگمەنیش بێت، دایک وباوکم نموونەیەکن، یەکەم منداڵ، وەک دەڵێن: «بزنە رەشەکە»ی خێزانەکە بووم، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونمەوە لە پێناو مانەوەمدا جەنگاوم، وەک مرۆڤ مامەڵەم لەگەڵدا نەکراوە، ئەگەر نەنکم و باپیرم نەبوونایە، لە تەمەنی یەک ساڵیمدا دەمردم. لەناو خێزانێکدا گەورە بووم کە پڕ بوو لە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت سێکسی، هەمیشە سەرزەنشت کراوم، بەردەوام وام بیرکردووەتەوە کە عەیبەکە لە منەوەیە. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، باوکم دەستی کرد بەوەی لە رووی سێکسییەوە هەراسانم بکات، دوای ئەوەی پوورم دەیویست پارێزگاریم لێبکات، لەویشی دوورخستمەوە، لە دەرەوە باوکم وای پیشان دەدا کە من «منداڵە چەقاوەسووەکە»م و هەمووان باوەڕیان پێکردبوو، تەنانەت رێکخراوەکانی چاودێریی خێزان. هەمیشە گرفتی گۆشەگیریی و ترسم هەبوو، هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سزادا دەژیام، گەیشتە ئەوەی لەلایەن هاوەڵەکانمەوە دەستدرێژیم بکرێتەسەر، سەرەتا تێنەدەگەیشتم ئەوەی بەسەرم دێت سروشتیی نییە، دوای کۆچی دوایی باپیرم، باوکم لە جاران توندتیژتر بوو، تەنانەت رێگریی لە نەنکم دەکرد بمبینێت، چونکە هەمیشە داکۆکیی لێ دەکردم. لە تەمەنی هەرزەکاریمدا، لە رێگەی رێکخراوی سەرپەرشتیی خێزانەوە پەیوەندیم لەگەڵ دایکم دروستبووەوە، بەڵام ئەویش جارێکی تر دەسخەڕۆی کردمەوە، زۆرجار باوکم دەیگوت: «تەنانەت دایکیشت خۆشی ناوێیت». تا وایلێهات لە ماڵەوە هەڵدەهاتم، ئیشم دەکرد بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکەم، تەنانەت دزیم  دەکرد بۆ ئەوەی نانبخۆم، درۆکردنی دایکیشم سنووری نەبوو، تەنانەت کاتێک کە گوتی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. ئیتر نێردرامە خانەی بێ سەرپەرشتان، پاشان بۆ بەشی ناوخۆیی، کە رووبەڕووی جۆرێکی تر لە دۆزەخ بوومەوە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تەواوەتی پەیوەندیم بە باوکم و دایکمەوە پچڕاند، بەڵام کەوتمە سەر شەقامەکان، لە چەندین پەیوەندیی خراپ و بەئازار تێوەگلام، تا پیاوێکم ناسی وامزانی فریادڕەس و رزگارکەرمە، بە یەکەم منداڵم دووگیان بووم، بەڵام توندوتیژیی سەرلەنوێ دووبارە بۆوە، 10 ساڵ لەو پەیوەندییەدا تووشی ئەشکەنجە بووم. منداڵێکی ترم بوو، پاشان لەدەستی هەڵهاتم. 
چارەسەری دەروونی
لەگەڵ منداڵەکانم گواستمەوە بۆ شارێکی تر، لەناو پەناگەدا ژیانم بەسەر برد، دوای ئەوە ماڵم دەستکەوت، سێیەم منداڵم لەدایک بوو. ئیتر لە دوای ئەوەوە دەستمکرد بە چارەسەری دەروونی، کە بە تەواوەتی هەموو برینە راستەقینەکانم دەرکەوتن. 
پاشان پەیوەندیم لەگەڵ کەسێکی تردا دروست کرد، بەڵام ئەویش کۆپییەکی تر بوو لە دۆزەخ، توندوتیژیی ناو خێزان و توندوتیژیی سێکسی، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی منداڵەکانم، هەتا پۆلیسیشی تێکەوت. لە تەمەنی 35 ساڵیدا دەستمکرد بە چارەسەر لە شۆک (تراوما)، زۆر هەستم بە تەنهایی دەکرد، تا دەستمکرد بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەم لە TikTok، سەرەڕای هەڕەشەکانی بۆم دەهاتن هەر بەردەوام بووم، لەوێوە هەستم کرد چیدی تەنها نیم، بەمشێوەیە بیرۆکەی WarriorsUnited م بۆ هات، بۆ پشتگیریکردن لە قوربانییەکانی ئەو جۆرە توندوتیژییە، هۆشیارکردنەوەی خەڵک، شکاندنی بازنەکانی توندوتیژی نێوان نەوەکان.
ئەمڕۆ کار دەکەم بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری، یاوەری، راوێژکاری و بەستنەوەی قوربانییەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، هەروەها کۆڕ لەو بارەیەوە ساز دەکەم، خەڵک بەتایبەت قوربانییەکان هۆشیار دەکەمەوە، بەشداری لە رێگریکردن لە توندوتیژیی خێزانی و کوشتن دەکەم.
لە کۆتاییدا لەبارەی پەیامییەوە پرسیارم لێکرد: وتی: پەیامەکەم روونە:
*چاکبوونەوەی بەکۆمەڵ و کۆتاییهێنان بە بازنەکانی تراوما.
*تۆ شایستەی ئەوە نیت کە بەسەرت هاتووە.
*تۆ شایەنی خۆشەویستیت.
*تۆ تەنها بەو شێوەیەی کە هەیت، ئەوەش بەسە.
*تۆ تەنیا نیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان