سالار یاسین
ناکۆکیی تاک و کۆمەڵ لە هەموو شوێنێکدا بەردەوامە، ئەگەر ناکۆکییەکە توندوتیژی و شەڕ و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، ئەوە بزانە ئەو کۆمەڵگەیە دواکەوتووە و هێشتا ماوەیەکی زۆری ماوە چاوی بە پێشکەوتنەکانی دونیا بکرێتەوە
(مرۆڤ بە سەربەستی دێتە جیهان، کەچی لە هەموو جێگایەکدا لە نێو زنجیراندایە).
جان جاک رۆسۆ
(مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا ئازادە و بە ئازادیی لە دایک دەبێت، بەڵام کۆمەڵ رێگە لەو ئازادییە دەگرێت).
هێگل
پەیوەندیی تاک و کۆمەڵ لە لێکدانەوە فەلسەفییەکاندا خوێندنەوەی جیاجیا و لێکدانەوەی جیاوازی لەسەرە و زۆرجار تەواوکار و زۆر جار دژ بەیەکە، لە دەرەوەی فەلسەفە و بیر و بۆچوونەکانیش، واتە لە رێڕەوی ژیاندا دیسان پەیوەندییەکە ئاڵۆزە و لە بەرزی و نزمیدایە، چونکە تاک لە ناو کۆمەڵ دەژی و کۆمەڵیش بە تاکەکان دروست دەبێ، بەڵام لە رێڕەوی مێژوودا جاری وا هەیە تاکەکان یان فەردانییەت توانیویانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵ هەبێ و دوای مردنیشیان وەک رەمزێکی جوان بمێننەوە و نەوە لە دوای نەوە بە جوانی باسیان بکەن، لە هەمانکاتدا تاکی بەدفەر هەیە رۆڵێکی نەرێنی زۆر خراپ دەبینێ لە کۆمەڵدا، بە تایبەت دیکتاتۆرەکان نەک تەنیا دەبنە بەربەست لەبەردەم گەشەکردن و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵ، بەڵکو راستەوخۆ دەبنە مایەی نەهامەتی و ماڵوێرانی و دواکەتوویی تەواوی کۆمەڵ، ئەوە لەسەر ئاستی تاک، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەشدا، کۆمەڵگەی تەندروست تاکێک بەرهەم دەهێنێ کە دوورە لە فەوزا و شەڕ بەتەواوی کەسێکی ئارامە و دەتوانین بڵێین چاکەی زۆرترە لە خراپە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ناتەندروست زۆر جار تاک نەک هەر بە تەواوی ئیفلاس یان بەتاڵ دەبێ لە هەموو فکر و پێشکەوتنێک، بەڵکۆ خۆی دەبێتە کۆسپی گەشەکردن و پێشکەوتن، لەبەرئەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام کار لەسەر دواکەوتن و جاهیلبوونی خەڵک دەکەن، چونکە تا میللەت دواکەوتوو بێ ئەوان زۆرتر لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە و کار بۆ زامنکردنی ئەو دەسەڵاتە بۆ نەوەی نەوەکانیشیان دەکەن.
سەرەتای مێژوو
لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا تاکایەتی بەو شێوەیە بوونی نەبووە، چونکە لەو زەماندا سروشتی ژیان و زەروورەتی ژیان وای لە مرۆڤ کردبوو نەتوانێ بە تەنیا بژی و بەرەوڕووی گیانلەبەرە دڕندەکان و کارەساتە سروشتییەکان بوەسێتەوە، لەبەرئەوە هەستی تاکایەتی یان غەریزەی تاکایەتی گەشەی نەدەکرد، بەپێچەوانەوە هەستی پێکەوەبوون و بە کۆمەڵ ژیان بۆ زامن کردنی سەڵامەتبوون و بەردەوامی لە ژیاندا وەک زەروورەتێک خۆی فەرز کردبوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا پەیوەندییەک نەبووە بە ناوی پەیوەندیی تاک و کۆمەڵ، چونکە لە بنچینەدا تاک بوونی لە مەترسیدا بووە، تاک هەستی بوونایەتی خۆی بە زەروورەت نەزانیوە و زیاتر هەستی بە بوونایەتی کۆمەڵگە کردووە، واتە ئەزموونەکانی ژیان مرۆڤیان فێرکردبوو کە ژیانی هەر مرۆڤێک بەتەنیا، مردن و لەناوچوونی بەدوا دادەهات، ئەو ئەزموونە مرۆڤیان تێگەیاند کە پێویستە بە کۆمەڵ بژین تا هێزی ئەوەیان هەبێت رووبەڕووی هەموو ئەو مەترسییانە ببنەوە کە هەڕەشەی لەناوچوون و مردنیان لێ دەکردن، لەبەرئەوە ئەو کات تاکەکان، تاکایەتیان لە چوارچێوەی کۆمەڵ و ئامانجەکانی کۆمەڵ دەدۆزییەوە و هەر ئەوەش بوو بە هۆی مانەوە و بەردەوامی ژیانی مرۆڤ.
دروستبوونی تاکایەتی
فەردانییەت ئەو کاتە هاتە ئاراوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سەرەتاییەوە گواستییەوە بۆ کۆمەڵگەی چینایەتی، کە سیستمی کۆیلایەتی سەرەتاکەی بووە، لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا ناکۆکییەکی گەورەی بەردەوام لە نێوان کۆیلەکان و خاوەن کۆیلەکان، دەرەبەگەکان و جووتیارەکان، سەرمایەدار و کرێکارەکان دروست بوو، ئەو ناکۆکییەش هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی تاکایەتی بووە، چونکە لەناو چەوساوەکاندا هەمیشە تاکێک هەبووە بەرەو رووی ئەو زوڵم ستەمە بۆتەوە، لەوەشدا ئەو تاکە یان لە رێڕەوی خەباتەکەیدا قوربانی داوە یان توانیوێتی رابەرایەتی تەواوی چەوساوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بکات و ئاڕاستەی مێژوو بگۆڕێ بەرەو بونیادنانی کۆمەڵێکی باشتر و دواتر لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا ئەرک و مافی تاکەکان و کۆمەڵ دیاری بکات کە یەکیان لەسەر حسابی ئەوەیتریان نەبێ.
تاک و دروستبوونی دەوڵەت
لەو بارەیەوە بیریاری گەورەی فەرەنسا (جان جاک رۆسۆ 1712-1778)لە پەیمانی کۆمەڵایەتیدا گەیشتە ئەو دەرنجامەی دروستبوونی دەوڵەت وەک دەزگایەکی رێکخەری شارستانی، بەنیازی دابینکردنی مافەکانی تاک بووە لە بەرامبەر کۆمەڵدا، چونکە لە بۆچوونی (رۆسۆ)دا هەر یەکێک لە تاکەکان دەستبەرداری بەشێکی سەربەستی خۆیان دەبن لە بەرامبەر رای گشتیدا بەنیازی دابینکردنی مافەکانیان لەناو دەوڵەتدا، واتە بوونی دەوڵەت لەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا بۆ راگرتنی هاوسەنگی پەیوەندیی تاک و کۆمەڵ بووە، بۆیە ئەو دەوڵەتە بەرهەمی دەستبەرداربوونی تاکەکان بووە لە مافەکانی خۆیان لەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە هاتۆتە بوون، لەو بارەیەوە مۆنتسکیۆ باوەڕی وایە ئازادی واتە پابەندبوون بە یاسا، کاتێکیش تۆ پابەند دەبی بە یاسا، بەشێکی ئازادی خۆت لە دەست دەدەی، بەو مانایەی دروستبوونی دەوڵەت لە پەیمانی کۆمەڵایەتیدا بڕیارێکی دوو لایەنانەیە لە نێوان تاکەکان و رای گشتی هاتۆتەبوون و دواتریش لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەخەمڵین دەگات، لێرەدا پێویستە بوترێ ئەگەر دروستبوونی دەوڵەت لە فکری جان جاک رۆسۆ بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاک دەستبەرداری بەشێکی ئازادییەکانی خۆی بووە بۆ گشتی، بەڵام لە فکری مارکسیدا جیاوازییەکی زۆری هەیە و دەوڵەت دەرنجامی ناکۆکی چینایەتی و بەرژەوەندیی ئابووری دێتە بەرهەم، واتە دروستبوونی دەوڵەت هێندە پرۆسەیەکی ئاشتیخوازانە نییە، هێندەی پرۆسەکە وابەستەی ناکۆکی و ململانێی چینەکانە کە بنەماکەی بۆ پەیوەندیی بەرهەم هێنان و هێزەکانی بەرهەم هێنان دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا دەوڵەت لە پەیمانی کۆمەڵایەتیدا دەرنجامی هەستی ئاشتیخوازانەی تاکە لە بەرامبەر رای گشتیدا.
رۆڵی تاک لە کۆمەڵدا
ناکۆکیی تاک و کۆمەڵ لە هەموو شوێنێکدا بەردەوامە، ئەگەر ناکۆکییەکە توندوتیژی و شەڕ و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، ئەوە بزانە ئەو کۆمەڵگەیە دواکەوتووە و هێشتا ماوەیەکی زۆری ماوە چاوی بە پێشکەوتنەکانی دونیا بکرێتەوە، ئەگەر ناکۆکییەکەش ئاشتیخوازانە بوو تەنیا لەپێناو بەرەو پێشچوون و بەرژەوەندیی گشتیدا بوو، ئەوەش ئاماژەیە بۆ پیشکەوتووبوونی ئەو کۆمەڵگەیە کە هەناسەی پێکەوە ژیان دەهێڵێتەوە، لەو بارەیەوە (هیگل1770-1831)لە شوێنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە و پێیوایە (پێویستی و بەرژەوەندییەکانی تاک لە کۆمەڵدا پاڵنەری سەرەکیی مێژوون و رووداوە مێژووییەکان لە پێویستییەکانی تاکەوە سەرچاوەیان گرتووە)، بۆیەش کاتێک سەیری مێژووی شۆڕشەکانی جیهان دەکەین ئەوەمان بۆ بەدیار دەکەوێ، کە تاک رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە رێکخستن و ئاڕاستەکردنی شۆڕشەکەدا، بۆ نموونە (بسمارک 1815-1898)، رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە یەکگرتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 دا، کەواتە تاک رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کاروبارەکاندا.
تاک لە کۆمەڵگەی رۆژئاوادا
لەو کاتەی (یۆهان گوتنبرگ1400 -1468) مەشینی چاپکردنی کتێبی دروست کرد، نووسینی کتێب برەوی پەیدا کرد، دواتریش گێڕانەوەی چیرۆک لە زارەکییەوە گوازرایەوە بۆ نووسین، ئینجا دەست بە نووسینی رۆمان و شانۆ کرا، بزووتنەوەی تاکایەتی رووی لە گەشەکردن بوو، تەنانەت زۆر لە مێژوونووسەکان رێنسانس بە بەرهەمی بزووتنەوەی تاک سەیری دەکەن، هەر لەو سەروبەندەدا(دیکارت1596 -1650) وتە بەناوبانگەکەی وت: (من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم). تاکایەتی زیاتر بوو بە سەنتەر بۆ لێکدانەوە و تەفسیرکردن و کارکردن لەسەر گۆڕانکاری و تەسلیم نەبوون بەرامبەر ئەو یاسا و رێسایانەی ببوونە بەربەستی گەشەکردن و پێشکەوتن، لەبەرئەوە تاکایەتی دژ بە دین و کۆمەڵ و دەوڵەت کاری دەکرد، دژ بە دین بوو لەبەرئەوەی خوا سەنتەری هەموو شتێک بوو یان بەشێوەیەکی تر دین کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی کرد بوو، هەرچی بیر و بۆچوونی دەرەوەی ئایین رەت دەکرایەوە، دیکارت پێیوابوو بۆ گەیشتن بە راستی دەبێ گومان لە هەموو شتێک بکرێ، لەبەرئەوەی هەستەکانی ئێمە راستیمان پێ ناڵێن، وەک قەڵەمێک دەیخەیتە ناو گلاسێکی پڕ لە ئاو بە شکاوی دەی بینین، هەر لەو سەروبەندەدا(چارلیس لییل 1797 - 1875) لە مانگی شەشی ساڵی 1830کتێبێکی زۆر گرنگی بە ناوی پرێنسیپەکانی جیۆلۆجی بڵاوکردووە هەر بەتەواوی فکری ئایینی مەسیحی لە بار برد و پاشەکشەی پێکرد، چونکە لە فکری مەسیحی دا دەیان وت تەمەنی زەوی شەش هەزار ساڵە، بەڵام ئەو سەلماندی تەمەنی زەوی 240 ملیۆن ساڵە (هەر چەندە ئێستا زانست سەلماندوویەتی کە تەمەنی زەوی 4543 ملیار ساڵە)، بەڵام ئەو کتێبەی چارلیس بۆ ئەو کات وزەیەکی دا بە رەوتی فەردانییەت دژ بە دین کە تا وای لێهات سەرتاپای فکری دینی مەسیحییەت بخەنە ناو چوارچێوەی پرسیار و گومانەوە، لەباری کۆمەڵایەتییەوە فەردانییەت زۆربەی ئەو بیر و بۆچوونانەی رەت دەکردەوە کە ببوونە تاریکییەک وەک دیوار رێگەیان لە گەشەکردن و پێشکەوتن دەگرت، هەروەها دەوڵەتیش بەو فۆڕمەی کە هەبوو ئەویش بەدەوری خۆی بەربەستی ئەو گەشەکردنە بوو، بۆیە تاکایەتی هەر لە سەرەتاوە هەستی بە بەربەستی دین و کۆمەل و دەوڵەت کرد، بەڵام تاکایەتی کۆنترۆڵ نەکراوە و لەسەر رێڕەوی پرسیار و وەڵامی خۆی بەردەوام بووە، بۆیەش بەشی زۆری ئەو گەشەکردن و پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەی رۆژئاوا بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانی تاک دەگەڕێتەوە.
تاکایەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا
مامۆستا مەسعود محەمەد لە شوێنێکدا دەڵێ: (کورد لە دەرەوەی مێژووە)، بەڵام ئەو کەوتنە دەرەوی مێژووی کورد زیاتر بەهۆی ئەوەی کوردستان ساڵانێکی گەلێک زۆرە داگیرکراوە، داگیرکەرەکانیش زۆرینەیان دواکەوتووبوون، نەک بەتەواوی شارستانییەتەکەیان (ئەگەر هەیان بووبێ) نەهاتنە کوردستان، بەڵکو بوون بە مایەی سەرکوتکردن و چەوسانەوەی تەواوی کورد، ئێستاش لە دوای راپەڕینەوە یان حوکمی خۆماڵی کە لە سەرووی سی ساڵە، ئەزموونێکی هێندە خراپیان هەیە کە تاک و کۆمەڵی کورد بە دەستیانەوە زەلیل بووە، بەشێکی تاکی کورد هیچ ئیرادەیەکی بۆ نوێبوونەوە نەماوە و بەتەواوی تەسلیم بووە، بەشێکی بۆتە سوپای دەسەڵات بە بێ ئەوەی بزانێ بۆتە کۆیلەی دەسەڵات و لە سۆشیال میدیا تا بڵێی رۆڵێکی نەرێنی و کەم بایەخ دەبینێ، بۆیە ئەگەر لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا تاک رۆڵی هەبێ، لە کۆمەڵگەی کوردیدا تاک نەیتوانیوە ئەو رۆڵە گرنگە ببینێ لە وەستانەوە لەبەر دەم دین و کۆمەڵ و دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی کورد لە دەرەوەی مێژوو بگەڕێتەوە ناو مێژوو، ئەگەر سەیری مێژووی خۆمان بکەین دەبینین تاکی کوردی هەرگیز نەیتوانیوە ببێتە ئەو سەنتەرەی کە رێگەی پێشکەوتنەکان بدۆزێتەوە، بە کورتی تاکی کورد هەمیشە هەستی بە نەقس کردووە و خۆی پێ بچووک بووە لەبەردەم داگیرکەرانی بێگانە و داگیرکەرانی ناوخۆ.