بینالی(Biennale) رووداوێكی گەورەی هونەرییە و دوو ساڵ جارێك سازدەكرێت، وشەی بینالی وشەیەكی ئیتاڵییە و چالاكییەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ هونەریی هاوچەرخ دەكرێت، لەم رووداوە هونەرییەدا هونەرمەندەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەشداری دەكەن بە بەرهەمی (نیگاركێشان، پەیكەر، ڤیدیۆ، شانۆ، سینەما، میوزیك، سەما، تەلارسازی)، لەنێو سەرجەم بینالییەكاندا بینالی ڤینیسیا بەناوبانگترینیانە و سەرەتای دامەزراندنەكەی بۆ ساڵی 1895 دەگەڕێتەوە و ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا پڕ بەرهەمترین رووداوی هونەرییە.
بەناوبانگترین بینالییەكانی جیهان:
1 -بینالی (ڤینیسیا) لە ئیتاڵیا.
2 - بینالی (ساو پاولو) لە بەرازیل، كۆنترین بینالییە لەدوای ڤینیسیا.
3 -بینالی (ئیستانبول) لە توركیا، كار لەسەر هونەری هاوچەرخ و بابەتی كۆمەڵایەتی دەكات.
4 - بینالی (بەرلین) لە ئەڵمانیا، گرنگیی بە كاری هاوچەرخ بە ئاڕاستەی ئەزموونی كۆمەڵایەتی دەدات.
5 -بینالی (مرسیلیا) لە فەرەنسا، گرنگی بە بە بەرهەمی هاوچەرخی مالتیمیدیا دەدات.
6 - بینالی (شیكاگۆ) ئەمریكا، بۆتە پێگەیەكی فراوان بۆ هونەرمەندە ئەمریكی و نێودەوڵەتییەكان.
چۆنێتی بەشداریكردن لە بینالی ڤینیسیا
بەشداریكردن لە بینالی ڤینیسا، بە دوو شێواز هونەرمەندان دەتوانن بەرهەمەكانیان نمایش بكەن، كە جگە لە نیشاندانی دوایەمین بەرهەمەكانیان ئاشنابوونیانە بە هونەرمەندانی تر و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هونەرمەندانی تر و دروستكردنی لینكی هونەرییە لەگەڵ گەلەری و مۆزەخانە و دامەزراوە هونەرییە نێودەوڵەتییەكان بۆ پرۆژەكانی داهاتوویان.
1 - بەشداریكردن دەبێت لە رێگەی دامەزراوە رەسمییەكانەوە بێت، وەك وەزارەتی رۆشنبیریی، رێكخراوی هونەرمەندان، گەلەری و مۆزەخانە.
2 - بەشــــــێكی نــــــــــاو بینــــــــالی بۆ هونەرمەندەكانی ناو ئیتاڵیا تەرخانكراوە، هەرچەندە هەندێكجار هونەرمەندەكان لە رێگەی خۆیانەوە پەیام بۆ سەرپەرشتیاران دەنێرن تا بەشداربوونیان مسۆگەر بكەن.
ساڵانە نزیكەی 80 وڵات بەشداریی لە بینالی ڤینیسیا دەكەن و هەریەك لە وڵاتە بەشداربووەكان بە بیرۆكە و پرۆژەی جیاوازەوە، وەك نوێنەری وڵاتەكانیان بەرهەمەكان نیشان دەدەن كە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە كارە پێشكەشكراوەكان بڕیاریان لەسەر دەدرێت و ساڵانە جگە لە شێوەكارە ناوخۆییەكان ژمارەی بەشداربووەكان (150) شێوەكارە.
بەشداریی كورد لە بینالی ڤینیسیا
بە دروشمی (دروستكردنی جیهانەكان)، رۆژی 7/5/2009 لە چوارچێوەی پەنجا و سێیەمین خولی بینالی ڤینیسیادا كە 90 هونەرمەند لە 77 وڵاتەوە بەشدارییان كردبوو. لەم خولەدا ئەمریكا خەڵاتی شمشێری زێڕینی پێبەخشرا بۆ جوانترین بەشداریكردن، هونەرمەندی ئەڵمانی (تۆبیاس رێبێرگەر) خەڵاتی شمشێری زێڕینی بۆ جوانترین بەرنامەی هونەرمەندێك وەرگرت، خەڵاتی باشترین هونەرمەندی لاو بەخشرا بە (ناتالیا دیوربێرگ)ی سویدی.
لە مێژووی 106 ساڵەی بینالی ڤینیسیادا ئەوە یەكەم ساڵ بوو هونەرمەندانی كورد بەشداریی بكەن لە تەنیشت هەموو ئەو وڵاتانەی خاوەنی پێگەی دانپیانراوی نێودەوڵەتین، لەم خولەدا 13 هونەرمەندی كورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشداربوون، لە دەرەوەی بەشداری فەرمی، كە هۆكاری ئەو بەشدارییە بۆ ئەو هەلە زێڕینە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی شارەوانی ڤینیسیا رەخساندی و پەیمانەكەی بۆ خاتوو (لەیلا زانا) دووپات كردەوە، بۆ خۆشی (لەیلا زانا) ئامادەی كردنەوەی خانووی كوردان بوو.
شـــــــێوەكـــارە بەشـــداربووەكــــانی باشوور پێكهاتبوون لە: (فەهمی باڵایی، ئازاد نانەكەلی، رێبوار سەعید، باڵدین ئەحمەد، وەلید سیتی)، لە رۆژهەڵاتەوە: (بەهار مەلەكی، مونیرە مەلەكی)، لە رۆژئاوای كوردستانەوە: (ماڵڤا، نۆرێم حەمدی، مێرێ هێكان) و لە باكوورەوە: (ئیلتەر ریزان، مالیم)، ئەوەی لەم پیشانگەیەدا گرنگی پێدرابوو، (سنور، ناسنامە و مێژوو) بوو.
بەختیار سەعید