لە هەڵەبجە زەوی دابەشدەكرێت و خزمەتگوزارییەکانیش دەگەیەنرێنە زەوییە جیاكراوەكانی كفری

11:09 - 2025-06-29
کوردستان
38 جار خوێندراوەتەوە
هەڵەبجە

لە هەڵەبجە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی پارێزگاكەدا دەستپێدەكرێت و سەرۆكی شارەوانیش ئاشكرایدەكات، ناوی 8000 فەرمانبەریان لایە بۆ زەوی وەرگرتن و کاردەکەن بۆ دابینکردنی زەوی پێویست.
‎ئەندازیار سەلام بیلال سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا وەك قۆناغی یەكەم بەپێی زۆرترین خاڵ و خاڵبەندی دەبێت، كە لەم كاتەدا وەك قۆناغی یەكەم زیاتر لە 40 خاڵ دیاریكراوە بۆ هەر فەرمانبەرێك، ‎وتیشی: هەرچەندە ئێستا لە سنووری پارێزگاكەماندا زەویی پێویست بەردەست نییە بۆ دابەشكردنی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا، بەڵام پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و هەوڵەكان بەو شێوەیەن كە لەو شوێنانەی گونجاوبن بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، ئیفرازدەكرێن و لەگەڵ یەكلاكردنەوەی رێكارەكانی، بەش بەش دەكرێن و بەسەر فەرمانبەرانی شایستەدا دابەش دەكرێت.
سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە، دڵنیایی دا كە مافی هیچ كەسێك پێشێل ناكرێت و ئەوەی شایستە بێت زەویی پێدەدرێت و دابەشكردنەكەش بە قۆناغ دەبێت بەهۆی ئەوەی زەویی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ جیاكردنەوە و دابەشكردن، ئێستاش لە شارەوانی ناوی 8000 فەرمانبەر تۆمارە و هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن ئەو كەسانەی تەواوی مەرج و رێنماییەكان دەیانگرێتەوە و خاڵی پێویستیان هەیە، زەوییان پێبدرێت، ئەوانی دیكەش لە داهاتوودا لەگەڵ بەردەستبوونی زەوی، پێیان بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەندازیار نەوزاد حەمید بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ یەكەمجار لە سنووری شارەوانییەكانی سنوورەكە، بڕیاردرا پرۆژەی ئاوی خواردن بگەیەنرێتە ژمارەیەكی زۆر زەویی جیاكراوە لە كفری، كە نزیكەی هەزار پارچەزەوی دەبێت و هۆكارێكی باشە بۆ بوژانەوەی سنوورەكە لە ماوەیەكی نزیكدا، وتیشی: پرۆژەكە 150 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و بڕیارە لە شەش مانگدا تەواوبكرێت.
هەڵەبجە، محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
كفری، حەیدەر ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان