ئەندامێكی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان، هۆكارەكانی گرفتی جووتیارانی سنووری قەزای مەخمور ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: چارەسەرنەكردنی گرفتەكانی جووتیاران، زیانی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەم دەگەیەنێت.
هەڵكەوت محەمەد ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جووتیارانی سنووری قەزای مەخمور و دەوروبەری، گرفتێكی زۆریان لەگەڵ سایلۆكانی سنووری پارێزگای نەینەوا هەیە و ساڵانەش ئەو گرفتانە دووبارەدەبنەوە و چارەسەرناكرێن، وتیشی: پێمانوایە گرفتەكە لە سایلۆكانەوەیە، بەتایبەتی سایلۆی مەخمور، ئەویش بەهۆی بێسەروبەریی و گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی كارە ئیدارییەكانیاندایە، ئەوەش وایكردووە رێوشوێنەكانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران وەكو پێویست بەڕێوەنەچێت و بەئەنقەست كێشە دروستبكرێت، بەنموونە ساڵانە دەرگای سایلۆكان لەكاتی خۆیدا بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی سنوورەكە ناكرێتەوە، جیاوازیش لەنێوان جووتیاراندا دەكرێت و بە میزاجی شەخسی و خزمخزمێنە گەنم وەردەگیرێت و ئۆتۆمبێلەكان دەكرێنە ژوورەوە و گەنمەكانیان لێوەردەگیرێت، ئەوانی دیكەش دەبێت چەند رۆژێك لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە، ئەوەش كارێكی نەگونجاوە.
ئەوەشی باسكرد بەهۆی ئەوەی سایلۆی مەخمور سەر بە پارێزگای نەینەوایە و لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدایە، لێپرسراوانی ئەو سنوورە وەكو پێویست گوێ لە نوێنەری جووتیارانی مەخمور ناگرن و ئامادەنین پێشوازییان لێبكەن، ئەوە هۆكارێكی سەرەكیی گرفتەكانی جووتیارانە، وتیشی: چارەسەرنەكردنی گرفتی جووتیارانی مەخمور زیانێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵی سنوورەكە دەگەیەنێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەش درێژكراوەی ئەو زوڵم و ستەمانەیە كە دەرهەق بە سنوورەكە دەكرێت و لە 40 ساڵی رابردوودا بە چەندین شێواز گوندەكانیان تێكدراوە و گرفتیان بۆ دروستكراوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا