سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاشكرایدەكات كە یەكلاكردنەوەی دۆسێی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا و دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە نەوت، گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرەو چارەسەر دەبات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راشیگەیاند: سەردانی وەفدی حكومەتی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەران و پرسی داهاتی نەوت و نانەوتی لەنێوان هەردوولادا، هەنگاوێكی باشە بە ئاڕاستەی نزیكبوونەوە و هەنگاونان بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان، وتیشی: پێمانوایە یەكلاكردنەوەی دۆسێی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا و دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە نەوت لە وڵاتدا، رێگە لەبەردەم گرفتە داراییەكان و شایستەكانی هەرێمی كوردستان خۆش دەكات بە ئاڕاستەی چارەسەر، هاتنی وەفدی حكومەتی فیدراڵیش بۆ هەرێم كە زیاتر پەیوەندی بە دۆسێی نەوتەوە هەیە، ئەوەش دەریدەخات كە بەغدا چارەسەركردنی پرسی مووچەی بە دۆسێی نەوتەوە گرێداوە.
باسی لەوەشكرد كە مەرجی بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستان ئەوەیە دەبێت بەشداربێت لە زیادكردنی داهاتی وڵاتدا، ئەوكات پشكی هەرێم لە بودجەدا دەنێردرێت، ئەوەش لە یاسای بودجە و رێككەوتنەكانی رابردوودا ئاماژەی پێكراوە، لەو روانگەیەشەوە هەر جۆرە كۆبوونەوە و گفتوگۆیەك لەنێوان هەردوولادا، بەبێ چارەسەركردنی پرسی نەوت و رێككەوتن لەسەر پرۆژەیاسای نەوت، ئەنجامی ئەوتۆی نابێت و كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەرناكرێن.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا