ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەختدەکاتەوە، بابەتی داواکاریی خانەنشینبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی کاریگەری لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو نابێت.
رائید مالیکی ئەندامی لیژنەکە بۆ کەناڵی سۆمەریە نیوز روونکردنەوەی زیاتری داوە و رایگەیاندووە، ژمارەیەك لە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بە ویستی خۆیان داوایانکردووە خانەنشین بکرێن، نەك بەسەریاندا فەرزبکرێت.
وتیشی: دادگاکە لەلایەن دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە بە ئاشکرا کەنارگیرکراوە، تەنها ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتاران نەبێت، کە پشتیوانی دەکەن و بەرگری لە تێڕوانینەکانی دەکەن.
بەگوێرەی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە، کێشەی دادگای باڵای فیدراڵی تەنها لە چوارچێوەی سیستمی دادوەریدا نییە، بەڵکو کێشەکە پەڕیوەتەوە بۆ دەسەڵاتەکانی دیکەش، کە هەڵوێست و دیدگا دەستوورییە بوێرەکانی قبوڵ ناکەن.
راشیگەیاندووە، دانانی جێگرەوەی دادوەرەکان بەگوێرەی میکانیزمی دیاریکراوی دەستووری دەبێت و کاندیدەکان ئەنجومەنی باڵای دادوەری دیارییان دەکات و بۆ پەسەندکردنیان پێشکەش بە سەرۆك کۆمار دەکرێت. ئەو رێوشوێنەش کاتی زۆری ناوێت و نابێتەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن.
کوردستانی نوێ