ئا: فەتحوڵڵا حوسێنی
زیادکردنی مووچە
رۆژنامەی «السووری الیوم» بڵاویکردەوە، محەممەد نیدال وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سوریا داوای لە دامودەزگاکانی کەرتی تایبەت کرد هەنگاوی هاوشێوەی ئەو هەنگاوانە بنێن کە سەرۆک کۆماری سوریا پەسەندی کرد بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو فەرمانەی سەرۆک کۆمار کە دەرچووە «هەنگاوی زۆر گرنگن لە کاتێکی گرنگدا»، جەختیشی لەوە کردۆتەوە، زیادکردنی مووچە بەشدار دەبێت لە هاندانی خواستی ناوخۆ و هاندانی ئابووری و کەمکردنەوەی بارگرانی ژیان، بەمەش سەقامگیریی کۆمەڵگا بەرزدەبێتەوە.
راشیگەیاندووە، داوا لە هاوبەشەکانمان دەکەین لە کەرتی تایبەت، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، دەستپێشخەری بکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچە و هاوتەریبکردنی لەگەڵ رەوتە نیشتمانییەکە»، جەختی لەوەشکردۆتەوە ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری سوریا کە فەرمانی ژمارە 102ی ساڵی 2025ی دەرکرد و پێویستی کرد لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە رێژەی 200% زیادبکرێت، بنەمای دادپەروەری چەسپاندووە و هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەهێزتر دەکات.
بانکی ناوەندیی سوریا
ئاژانسی «سانا»ی سوری ئەوەی بڵاوکردەوە، بانکی ناوەندیی سوریا پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی سویسرا کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی بەسەریدا و ئەم هەنگاوەی بە «گۆڕانکارییەکی ئەرێنی» لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسفکرد دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە دابڕانی نێودەوڵەتی بەهۆی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا.
عەبدولقادر ئەلحوسرییە پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند: بانکی ناوەندی پێشوازی لە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان دەکات و بە پێشهاتێکی گرنگی دەزانێت کە پاڵپشتیی هەوڵەکان دەکات بۆ سەقامگیریی ئابووریی سوریا و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئاماژەی بەوەشکرد، بانکەکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی بانکی سویسرا هەبووە و رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی یەدەگی دەوڵەت و بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی دارایی و بازرگانی لەگەڵ لایەنی سویسری.
سوریا وەک ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن
رۆژنامەی «السوری» بڵاویکردەوە، راپۆرتی جیهانی ماددە هۆشبەرەکان کە لەلایەن نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستیکردەوە، سوریا وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کاپتاگۆن لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی حکومەتی ئینتقالی سوریا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە داویەتی بۆ کۆتاییهێنان بەو ماددەیە.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە دەرمانی (کاپتاگۆن) کە دەرمانێکی دەستکردە و سەر بە چینی چالاکەکانە، یەکێکە لە ماددە بەناوبانگەکانی بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو و باکووری ئەفریقا، لەوێدا بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە ژینگە ململانێ و گرژییەکاندا. لە هەندێک بازنەدا بە «حەبی جیهادی» ناسراوە بەهۆی بەکارهێنانی لە توندوتیژی چەکداریدا.
راپۆرتەکە تیشکی خستۆتەسەر بەشداریکردنی رژێمی پێشووی سوریا لە قۆستنەوەی بازرگانی کاپتاگۆن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی بودجە لە ساڵانی جەنگدا.