سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژە بەوە دەكات كە كێشەی دانیشتووانی گوندی چیمەنی شەهیدان چارەسەردەكرێت و شوێنی بازگەی چیمەن دەگوازرێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، دژی بارهەڵگرەكانی سەر رێگەی كەركوك-سلێمانی کە لە بازگەی چیمەن قەرەباڵغییەكی زۆریان دروستکردبوو، دانیشتووانی گوندی چیمەنی شەهیدان خۆپیشاندانیان كرد و داواكاربوون شوێنی بازگەكە بگوازرێتەوە. بەو هۆیەوە دوێنێ رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، سەردانی گوندەكەی كرد و لەگەڵ دانیشتووانەكەی كۆبووەوە و گوێبیستی كێشە و داواكارییەكانیان بوو، بەڵێنی چارەسەركردنیشی پێدان.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، نەشئەت شاهۆیز ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بە فەرمانی پارێزگار، بڕیار لەسەر گواستنەوەی ئەو بازگەیە دراوە، كە دەچێتە ناحیەی قەرەهەنجیر، بۆ ئەو مەبەستەش مەفرەزەیەكی پۆلیس لەو شوێنە جێگیردەكرێت و رێگەنادەن چیتر قەرەباڵغی دروستببێت و دانیشتوانی گوندەكە نیگەران ببن، ئەوەشی خستەڕوو كە شۆفێران ئاگاداردەكرێنەوە بەتایبەتی ئەوانەی سەرپێچی دەكەن بۆ ئەوەی زوو بگەنە ئامێری سۆناری بازگەكە و هۆكاری قەرەباڵغین، تا چیتر كێشە دروست نەكەن و دانیشتووانی سنوورەكە بێزارنەكەن، ئەگەرنا بەتوندترین شێوە سزادەدرێن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد