ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژە بەوە دەكات كە بە بڕیارێك هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی قەدەغە دەكرێت و كاركردن لە حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسیدا رادەگیرێت.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، نەشئەت شاهۆیز ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: پارێزگاری كەركوك، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتیی قەزای داقوق و خاوەنی حەوزەكانی ماسی لە سنوورەكەدا، كۆبووەوە و رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی تایبەت بە نەهێشتنی ئەو حەوزانەی بەخێوكردنی ماسی كە پشت بەئاوی بیر دەبەستن، بۆ روونكردنەوە و ئاگاداریشی كردنەوە لە مانگەكانی تەمموز و ئابدا، شاری كەركوك رووبەڕووی قەیرانی كەمئاوی دەبێتەوە، هۆكارەكەشی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكانە، بۆیە بڕیار لە راگرتنی حەوزەكانی ماسی و هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی دراوە.
هەر لەو بارەیەوە، هیوا رەشید جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشووتر بەنداوی دوكان لە چركەیەكدا 70 مەترسێجا ئاوی بەردەدایەوە، بەڵام ئێستا 30 مەترسێجا بەردەداتەوە، ئەوەش قەیرانی ئاو بۆ پارێزگای كەركوك دروستدەكات، بۆیە پێویستە لەسەر هاووڵاتیانی سنوورەكە بەپێی پێویست ئاو بەكاربهێنن، وتیشی: فەرمانگەكەمان، هەموو رێكارێكی پێویست بۆ قەیرانەكان دەگرێتەبەر.
كەركوك، هێمن ئەحمەد