گفتوگۆكانی نێوان وەفدی دانوستانكاری بەغدا و هەرێم بۆ چارەسەری پرسی مووچە و بودجەی هەرێم بەردەوامە و بەپێی لێدوانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران «گفتوگۆكان پێشكەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە»، و «لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە»، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش رایگەیاند: گفتوگۆكان بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەچوون و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا بگەینە رێككەوتن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كاتی پێشوازیكردن لە پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق، بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم، رایگەیاند: گفتوگۆكانی نێوان وەفدە دانوستانكارەكانی بەغدا و هەرێم بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەچوون و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا بگەینە رێككەوتن و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت. جەختیشیكردەوە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو وەفدی هەرێم و بەغدا لەبارەی چارەسەركردنی گرفتە داراییەكان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچن، چاوەڕوان دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆتایی بێت و رێككەوتنێك رابگەیەنرێت، وتیشی: كۆبوونەوەكان لەسەر دوو تەوەرە، یەكەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆ، لەوبارەیەوە پێشكەوتنی باش هەیە و لەسەر ئەوە رێككەوتوون هەرێم 50 %ی ئەو داهاتە بنێرێت بۆ حكومەتی فیدراڵ و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی وردبینی سەردانی هەرێم دەكات، راشیگەیاند: تەوەری دووەمی گفتوگۆكان تایبەتە بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوەكان بەردەوامن و بەرەوپێشچوون بەدیدەكرێت، ئاماژەی بەوەشدا: هەوڵەكان دڵخۆشكەرن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەركردنی گرفتە داراییەكانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
لەلایەكی دیكەوە، دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە: ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تێیدا تەواوی پێشنیاز و كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەكرێن، راشیگەیاندووە: پێمانوایە هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی كۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمەوە ئەنجام دەدات و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو مووچەیەك بگاتە هەرێمی كوردستان.
كوردستانی نوێ
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا