بازرگانانی هەرێم فێری زمانی چینی دەكرێن

12:35 - 2025-07-01
کوردستان
44 جار خوێندراوەتەوە

بەئامانجی فێربوونی زمانی چینی و بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەرێم لەگەڵ چین، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر خولێكی دوو مانگی بۆ ژمارەیەك بازرگان دەكاتەوە.
د. عبدولواحید تەها بەڕێوەبەری بەشی لێكۆڵینەوە و كاروباری رێكخراوەكان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: خولی فێربوونی زمانی چینی لەچوارچێوەی رێكکەوتنێكی هاوبەشی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و زانكۆی جیهان بەڕێوەدەچێت، لەو خولەدا 60 كەس كە زۆربەیان بازرگانن بەشدارییانكردووە و ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەشدا لەلایەن مامۆستایانی چین-ەوە وانەی فێربوونی زمان دەوترێتەوە.
روونیشیكردەوە: دوای تەواوبوونی كۆرسی یەكەم بەشداربووان بەسەر چەند ئاستێك پۆلێن دەكرێن، بۆ ئەوەی كۆرسی زیاتری فێربوونی ئەو زمانە ببینن، تا ئەو كاتەی بەتەواوەتی فێری زمانەكە دەبن.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئامانج لە خولێكی لەو جۆرە، رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەوانەی ئارەزووی فێربوونی زمانی چینی دەكەن، بەتایبەتی بازرگانان، بەو پێیەی ئەوان پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە.       

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان