دوای گۆڕینی بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ، دوێنێ لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە پردێ، خۆپیشاندانیان كرد و هەڵیانكوتایەسەر شارەوانی و زیانی زۆریان پێگەیاند و رێگەی كەركوك-هەولێریشیان داخست.
لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە پردێ، داوای دانانی كەسێك لە توركمانەکان دەكەن بە بەڕێوەبەری شارەوانی. هۆكاری خۆپیشاندانەكەی دوێنێشیان ئەوەبووە كە كوردێك جێگەی بەڕێوەبەری پێشووی گرتووەتەوە، كە بە هەمان شێوە لە نەتەوەی كورد بووە.
سەبارەت بەو باسە، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: بەپێی یاسا هەر بەڕێوەبەرێك خانەنشین بكرێت، یان لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، راستەوخۆ جێگرەكەی شوێنی دەگرێتەوە، وتیشی: گۆڕانكاریی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی پردێدا لەسەر داواكاریی دانیشتووانی بووە و هیچ كارێكی نایاسایی، یان پێشێلكردنی مافی هیچ كەس و نەتەوەیەك نەبووە، ئەوەشی روویدا و هێرشكرایەسەر بینای شارەوانی، كارێك بوو پێچەوانەی یاساكان و بیانووی نابەجێ بوون، بۆیە ئەنجامدەرانی؛ سزای یاسایی توند دەدرێن.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وتی: لە ناوەندی پردێ لەكۆی 17 پۆست، 12یان لای توركمانەکانە، تەنیا پێنج پۆست لای كوردە، وتیشی: لایەنگرانی بەرەی توركمانی، لە خۆپیشاندانەكەیاندا داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانی و تەنانەت پۆستی زیاتریشیان دەكرد، كە بەڕاستی ئەوە بیانوویەك بوو و تەنها مەبەستیان دروستكردنی پشێویی بوو.
كەركوك، هێمن ئەحمەد