کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران پرۆژەیاسا گەورە جوانەکەی ترەمپ پەسەنددەکەن

12:37 - 2025-07-03
جیهان
55 جار خوێندراوەتەوە

دوای چەند سەعاتێک لە چەقبەستوویی لەسەر بڕیاردان سەبارەت بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای ناسراو بە پرۆژەیاسا گەورە جوانەکەی ترەمپ، کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران پرۆژەیاساکەیان پەسەندکرد کە باس لە باج و خەرجییەکان دەکات، بەمەش یاسا پێشنیازکراوەکە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی پەسەندکردنی تێپەڕاند.
ئەم پرۆژەیاسایە بڕگە سەرەکییەکانی یاسای کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی داهات و هەلی کاری ساڵی 2017 درێژدەکاتەوە کە بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025  کۆتایی بێت.
پرۆژەیاساکە دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن و 24 سەعاتی تەواو لە مشتومڕ لە قۆناغی یەکەمیدا بەزەحمەت پەسەندکرا. ئەنجومەنی پیران بە یەکسانی دابەشبوون بۆ (50-50) و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک دەنگی یەکسان شکێنی دا و لە ئەنجومەنی پیران پەسەندکرا.
لە ئێستادا پرۆژەیاساکە بە فلتەرێکی تردا دەڕوات کە ئەویش یاسادانەرانن لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتە هێشتا ئەگەر هەیە کە بەتەواوی پەسەندنەکرێت و رووبەڕووی پاشەکشە ببێتەوە.
جێی ئاماژەیە ترەمپ وادەی 4ی تەمموزی بە کۆنگرێسی ژێر دەسەڵاتی کۆمارییەکان دابوو بۆ ئەوەی ئەنجامی  کۆتایی پرۆژەیاساکەی بخەنە بەردەست، تا ئیمزای بکات و ببێتە یاسا. 
کوردستانی نوێ، باهۆز ئاسۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان