مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە گوندی گەڕەدێی سەر بە قەزای چوارتا سەردانی زانای ئاینی و کەسایەتی دیاری شارباژێڕ، مامۆستا نەجمەدین قادر ناسراو بە مامۆستا (نەجمەدینی شەمساوا) یان کرد .
لەو سەردانەدا ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت، لە نزیکەوە هەواڵی تەندروستی مامۆستا نەجمەدین یان پرسییەوە کە لە ماوەی رابردوودا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرابوو و هیوای سەلامەتی و تەندروستیی هەمیشەییان بۆ خواست.
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال پێزانینیان بۆ رۆڵی مامۆستا نەجمەدین دەربڕی وەک زانایەکی ئاینی دیار لە دەڤەری شارباژێڕ کە رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و پەرەپێدانی رۆحییەتی چاکەکاری وەک کەسایەتییەکی سنووری قەڵاچوالانیش سەرباری راپەڕاندنی ئەرکە ئاینیەکانی، بەشێک بووە لە پاراستنی گیانی نەتەوەیی گەلی کورد بە هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی ببووە جێگا متمانەی مام و هێرۆ خان؛ لەم دیدەوە سوپاس و پێزانینی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ قوباد تاڵەبانی-ان پێگەیاند.
لای خۆیەوە مامۆستا نەجمەدین شامساوایی سوپاسی ئەو ئاوڕدانەوەیکرد و روونیکردەوە، هەمیشە وەک رابردوو دەستێکی خێر دەبێت بۆ پێکەوەیی و برایەتی کاری چاکەکاری لە ناوچەکەدا.