بۆ رێوڕەسمێکی پە.کە.کە، وەفدێکى دەم پارتی سەردانى هەرێم دەکات

03:14 - 2025-07-05
کوردستان
51 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێکى پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان "دەم پارتی" بۆ بەشدارى لە یەکەمین رێوڕەسمى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات.
دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی پە.کە.کە لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکەدا رێوڕەسمێک رێکدەخەن.
بەو بۆنەیەشەوە دەم پارتی نزیکەی کەسی لە رۆژنامەوان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بۆ رێوڕەسمەکە بانگێشتکردووە و لەگەڵ وەفدی پارتەکەدا سەردانى هەرێمی کوردستان دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، هیچ رێگرییەک نییە لەوەی هەر رۆژنامەوانێکی دیکە لەسەر ئەرکی خۆی سەردانى هەرێمی کوردستان بکات و ئاشکراشیکردووە رێوڕەسمەکە بە ئاگاداریی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
پێشتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کە.جە.کە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئەسیۆشییەتید پرێس ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەندامانی پە.کە.کە لە ژێر چاودێری رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چەکەکانیان لەناودەبەن.
ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو ئەندامانە دیارینەکراوە کە بەشداریی لە رێوڕەسمی چەکداناندا دەکەن، رەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندامدا بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان