رەشنووسى رێککەوتنێکی نوێی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەکرێت

04:55 - 2025-07-06
کوردستان
57 جار خوێندراوەتەوە

رەشنووسى رێککەوتنێکی 10 خاڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا لەبەردەم حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە، بڕیارە تیمێک لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرنج و تێبینییەکانى خۆی لەبارەیەوە بدات و دواتریش رەوانەی بەغداد بکەن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئامادەبوونى هەریەکە لە وەزیرانى سامانە سروشتییەکان و دارایی، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران، سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایى و سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارى دارایى و وزە، هەڵسەنگاندن بۆ رەشنووسەکە دەکەن و سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان لەو بارەیەوە دەنووسن.
پاش ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرنجەکانى دەخاتەڕوو، رەشنووسەکە دەدرێتە دەست فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عیراق و پاشان رۆژى دووشەممە حەوتى تەمموز رادەستى محەمەد شیاع سودانى دەکات.
رەشنووسى رێککەوتنەکە لە دانوستانەکانى پێشترى هەرێم و بەغدا ئامادەکراوە، بەڵام حکومەتى عێراق هەندێک دەستکاریى کردووە و سەرنج و تێبینى لەسەر نووسیووە و کۆتا رەشنووسى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووەتەوە.
بە وتەى سەرچاوەکە، لەبارەی نەوت، داهاتی نانەوتی، تەوتین، هەولێر و بەغدا لە رێککەوتن نزیکن، لە حاڵەتى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى خەرجکردنى پشکى بودجە لە بەغدا دەکات نەک تەنیا مووچە.
لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى رەشنووسەکەوە، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانى عیراق، رێککەوتنەکە پەسەند بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان