دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆتاییدا پرۆژە یاسای ناسراو بە پرۆژە یاسا گەورە جوانەكەی ترەمپ ئیمزا دەكات و دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
رۆژی هەینی 4ی تەمموز لە رۆژی یادی سەربەخۆیی ئەمریكا، لەو كاتەی كەشێكی ئاهەنگگێڕانە لە كۆشكی سپیدا هەبوو، ترامپ پێش یارییە ئاگرینەكانی رۆژی سەربەخۆیی، پڕۆژە یاساكەی ئیمزاكرد.
ئەم پرۆژە یاسایە بڕگە سەرەكییەكانی یاسای كەمكردنەوەی باج و زیادكردنی داهات و هەلی كاری ساڵی 2017 درێژدەكاتەوە كە بڕیارە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2025 كۆتایی بێت.
هەرچەندە ئەم یاسا نوێیە كۆمەڵێك خاڵی باش لە خۆ دەگرێت، بەڵام بەشێك لە شارەزایانی سیاسی دەیخەنەبەردەم رەخنەو دەڵێن بودجە لە بەرنامەكانی چاودێریی تەندروستی وەك (ئۆباما كەیر) و (مێدكەید) دەبرێت كە ئەمانەش بە یاسای چاودێریی گونجاو ناسراون بۆ یارمەتیدان و وەرگرتنی بیمەی تەندروستی بە نرخێكی كەم.
لە وتارێکیشدا کە ترەمپ لە باڵكۆنی كۆشكی سپییەوە پێشکەشی کرد، وتی: ئەمە گەورەترین كەمكردنەوەی خەرجییەكانە و لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان نییە و خەڵك دڵخۆشە».
کوردستانی نوێ، باهۆز ئاسۆ