راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
سنونێ گەورەترین ناحیه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وایە لە رووی كارگێڕیی و چڕی دانیشتووانەوە، لەگەڵ ئەوەدا چه‌ندین فەرمانگەی حکومیی تێدا نییه و هاووڵاتییان بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر داوای کردنەوەیان دەکەن.
نه‌زیر شنگالی دانیشتووی سنووره‌كه بۆ كوردستانی نوێ وتی: زۆرێك له فه‌رمانگه حكومییه‌كان له ناحیه‌كه‌دا نین یان ده‌رگاكانیان داخراوە، ئەوەش وایکردووە ئاستی خزمەتگوزاریی لە ناحیەکەدا بەپێی پێویست نەبێت و داوای کردنەوەیان دەکەین.
وتیشی: نه‌بوونی بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه له شارۆچكه‌ی سنونێ كێشه‌یه‌كی گەورەی دانیشتووانە، لە هه‌ر رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا له سه‌نته‌ری ناحیه‌كه یاخود گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ری مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و گه‌نم و جۆی جووتیارانی سنووره‌كه دروست دەبێت، لەبەرئەوەی نزیكه‌ی 40 خوله‌ك ده‌خایه‌نێت تا تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانیی له ناوه‌ندی قه‌زای شنگاله‌وه ده‌گه‌نه شوێنی رووداوه‌كه، هاووڵاتییانی ناوچه‌كه چه‌ندین جار داوای كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی به‌رگریی شارستانییان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی به‌هێزەوە بنكه‌كه نه‌كراوه‌ته‌وه.
لە سنونێ چه‌ندین کەموکورتی هەیە وەک، نەبوونی نەخۆشخانە، بنکەی بەرگریی شارستانی و پاركێكی گشتی، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی رێگەوبانه‌كان له سه‌نته‌ری ناحیه‌كه و گونده‌كانی سنووره‌كه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی كێشه‌ی كه‌میی ئاو
گلەییەکانی هاووڵاتییان
ناحیه‌ی سنونێ شەش كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون و زیاتر لە 50 گوندی له‌خۆ گرتووه و ژماره‌ی گشتیی دانیشتووانی تەواوی ناحیه‌کە نزیکەی 250 هەزار کەسە.
نه‌زیر شنگالی ده‌ڵێت: تائێستا پاركێك یان شوێنێكی گشتیی له ناحیه‌كه‌دا نییه كه هاووڵاتییان له کاتی پشوودا سه‌ردانی بكه‌ن، چه‌ندینجار رێكخراوه‌كان هه‌وڵیانداوه پاركێك لە ناحیه‌کەدا دروست بكه‌ن، به‌ڵام شوێنی پێویست نییه بۆ دروستكردنی پاركێكی گشتی.
باسی لەوەشکرد: كه‌رتی ته‌ندروستی به گشتیی له خراپترین ئاستدایه، بڕیار بوو نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لە سنونێ دروست بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن رێگریی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن، لەکاتێکدا بە دروستكردنی نەخۆشخانەکە نزیکەی 80 %ی کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە سنووری ناحیەکە چارەسەر دەبێت.
دانیشتووانی ناوچەکە چەندینجار داوای خزمەتگوزارییان بۆ ناحیه‌کە کردووە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت، هەروەها قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕی داعش یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانیان.
ته‌لال موراد چالاكوانێكی دانیشتووی سنونێ-یە بۆ كوردستانی نوێ وتی: پێویستە شاره‌وانی هه‌ڵمه‌تێكی گشتیی ده‌ستپێبكات بۆ دروستكردنی رێگەوبان و پاككردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی شارۆچكه‌كه، هەروەها زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی دیكه له ناحیه‌كه‌ماندا.
وتیشی: به‌هۆی نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی رەسمی و به‌هێزەوە له شنگال، کە ناوچه‌كه‌مان سەر بەو قەزایەیە، به گشتیی پشتگوێ خراوه، هەروەها پارێزگای نەینەوا ماوه‌ی ساڵێكه فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ قایمقامی شنگال و بەڕێوەبەری ناحیه‌ی سنونێ ده‌ركردووه، بەڵام تائێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و ئاستەنگیی بۆ دروست دەکرێت، ئەمەش زیانی هاووڵاتییانی تێدایە.
کەموکوڕییەکان
خودێدا حسێن به‌ڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی سنونێ به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە ناحیه‌کەماندا چه‌ندین کەموکورتی هەیە وەک، نەبوونی نەخۆشخانە، بنکەی بەرگریی شارستانی و پاركێكی گشتی، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتیی رێگەوبانه‌كان له سه‌نته‌ری ناحیه‌كه و گونده‌كانی سنووره‌كه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی كێشه‌ی كه‌میی ئاو.
وتیشی: سه‌ردانی هه‌موو دامه‌زراوه ئیداریی و په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارێزگای نەینەوا و نوێنه‌رانی ئێزدیمان له حكومه‌تی فیدراڵ كردووه، به‌ڵام تائێستا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كمان بۆ جێبه‌جێ نه‌كراوه و چه‌ندین به‌ربه‌ست هه‌ن.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ساڵی 2014ەوە، بودجه بۆ قەزای شنگال دابین نه‌كراوه و کەس نازانێت بۆ کوێ دەڕوات؟ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌كه‌ین له پارێزگای نەینەوا و حکومەتی فیدراڵ بە پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئاوڕێک لە ناحیه‌ی سنونێ و دەڤەری شنگال بە گشتیی بده‌نه‌وه.
ناحیه‌ی سنونێ له ساڵی 1925 دامه‌زراوه له بنه‌ڕه‌تدا ناحیه‌ی كرسێ بووه، به‌ڵام له ساڵی 1960 ناوه‌ندی ناحیه‌كه گواسترایه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی سنونێ، کە دەكەوێتە باکووری شنگال و سەر بە قەزای شنگالە.