راپۆرتی/ محەمەد عەبدولڕەحمان
چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی پەتاتەدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانە بڕێکیشی لێ دەنێرێتە دەرەوەی وڵات.
دەشتی شارەزوور یەکێکە لە ناوچە گرنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتە، ئێستا لە قەزای سەیدسادق، وەرزی پێگەیشتن و هەڵگرتنەوەی بەرهەمی پەتاتەیە، جووتیاران سەرقاڵی کۆکردنەوە و چنینەوەی بەرهەمەکانیانن و دڵخۆشن کە بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
ئارام عومەر جووتیارێکی نموونەیی شارەزوورە بۆ کوردستانی نوێ وتی: زەوی و کەشوهەوای سەیدسادق گونجاو و لەبارە بۆ بەرهەمی پەتاتە، ئەمساڵ نزیکەی هەزار تۆن بنەتۆ و چێندراوە لە هەردوو جۆری بازرگانی و پیشەسازی، هەروەها بەراورد بە شوێنەکانی دیکە بەرهەمی باشتر و زیاترە.
وتیشی: پەتاتەی سەیدسادق خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەویش بەهۆی باشیی و چاکی بەرهەمەکەوەیە، ساڵ بە ساڵ رێژەکەی لە زیادبووندایە و لە کاتی پێگەیشتنیشدا هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کرێکار دابین دەکات.
هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەی هەیە، رۆژانە 10 هەزار تۆنی لێ دەنێردرێت بۆ وڵاتانی کەنداو و بەردەوامیش بۆ بازاڕەکانی خوارووی عیراق هەناردە دەکرێت
رەخساندنی هەلی کار
لەیلا محەمەد لە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە کرێکارە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: رۆژانە سەعات سێی بەرەبەیان لە پارێزگای هەڵەبجەوە بەڕێ دەکەوین بۆ قەزای سەیدسادق و سەعات چوار دەست بە چنیینەوەی پەتاتە دەکەین، زیاتر لە 100 کرێکارین لەو کێڵگەیەدا کاردەکەین و رۆژانە بە چەند پاسێک هاتوچۆ دەکەین.
وتیشی: قەزای سەیدسادق هەلی کاری باشی تێدایە بۆ گەنجان بە تایبەتیش لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتەدا، ماوەی دوو مانگ دەرفەتی کار بۆ کرێکاران رەخساوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: زیاتر لە چوار ساڵە لە کاتی پێگەیشتنی پەتاتەدا رۆژانە لەگەڵ چەند کرێکارێک دێینە قەزاکە بۆ کارکردن، بەبێ جیاوازی رەگەز، بەشێک لە کرێکارەکان زانکۆ و پەیمانگەیان تەواو کردووە و دانەمەزراون.
بڕی بەرهەم و هەناردەکردنی
قەزای سەیدسادق ناوچەیەکی گرنگ و بە پیتە و بە رێژەی 25 % بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆ دابین دەکات و رۆژانە بڕێکیشی لێ دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات.
رزگار حەمە خدر راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی پەتاتەدا توانای دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی هەیە و ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە دادەچێنرێت.
وتیشی: هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەی هەیە و دوو جۆر پەتاتە دەچێنرێت، پەتاتەی خۆراکی ناوخۆیی و پەتاتەی پیشەسازی.
بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵیی، ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هێنانی پەتاتە لە دەرەوە قەدەغە کراوە بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە بەرهەمی ناوخۆ و هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 350 بۆ 500 تۆن پەتاتەیە.
هەروەها وتی: ئەمساڵ بڕی بەرهەم زیادیکردووە و رۆژانە 10 هەزار تۆن پەتاتە دەنێرین بۆ وڵاتانی کەنداو و بەردەوامیش بۆ بازاڕەکانی خوارووی عیراق هەناردە دەکرێت.