نامەکانی گۆرگی و چیخۆف

10:32 - 2025-07-08
کەلتور
24 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەرمین عوسمان محەمەد


لەم دواییانەدا چاپێکی نوێی کتێبی (نامەکانی گۆرگی و چیخۆف) لە لایەن خانەی (ئەقلام عەرەبیە)ەوە لە وەرگێڕانی (جەلال  فاروق ئەلشەریف) بڵاوبووەوە، ئەمەش یەکەم کتێبە باسی ئەدەب و ژیانی دووان لە کەسایەتییە مەزنەکانی مێژوو دەکات، کە ئەوانیش: (مەکسیم گۆرگی1868 - 1936) و ئەنتۆنی چیخۆف (1860– 1904)ە.  ئەو دوو مرۆڤەی، هاوبەشی یەکتریان کرد لە نەخۆشی سیل و  خەونەکانیاندا بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر، ئەویش لە رێگەی نووسینەوە.

 

سەرباری ئەوەی هەردووکیان زۆر هاوتەمەنی یەکبوون و دووچاری هەمان نەخۆشیی (سیل) بوون، بەڵام ساڵی 1904مەرگ چیخۆفی رفاند، گۆرگی هاوڕێی تاوەکو ساڵی 1936بە زیندووی هێشتەوە و توانی گەشە بە بلیمەتییەکەی بدات و کەلتورێکی مرۆڤدۆستی باڵا پێشکەش بە ئەدەبی جیهانی بکات

لەم نامانەدا گۆرگی رژدە لەسەر بەرزنرخاندنی زۆری بۆ چیخۆف، چونکە ئەو متمانەی پێیەتی و باش لێی تێدەگات، بۆیە دەبینین زۆر راشکاوانە باسی هەموو کۆژانەکانی خۆی بۆ دەکات و ئەوەتا پێی دەڵێت: (من تەنها لەبەرئەوەی کە خۆشم دەوێیت قسەت بۆ ناکەم، بەڵکو لەبەرئەوەی دەزانم تۆ پیاوێکیت تەنها یەک وشەت بەسە، تاوەکو وێنەیەک دروستبکەیت و چەند رستەیەک و چیرۆکێکی نایاب بنووسیت.) نووسەری رۆمانی«دایک»، دان بە هەستە نهێنیەکانییدا دەنێت بەرامبەر بە دۆخی مرۆڤی بلیمەت و لە یەکێک لە نامەکانیدا دەڵێت: (گەمژەییە لە هەر شوێنێکدا بە مرۆڤێک بڵێین بلیمەتە، چونکە بلیمەتی چییە؟ بلیمەتی دەستەواژەیەکی تەواو نادیارە و لەهەمان کاتیشدا زۆر ئاسان و روونە.)وێڕای ئەو گەشبینییە بەهێزەی کە گۆرگی و پاڵەوانی چیرۆکەکانی پێیناسرا بوو، بەڵام شەپۆلێکی بەهێزی رەشبینی، باڵیان کێشاوە بەسەر نامەکانیدا، هەر ئەم هۆکارەشە پاڵی پێوەناوە هەوڵەکانی بۆ خۆکوشتن زیاتر لە جارێک دووبارە بکاتەوە، هەر چۆن بە روونی لەم وتەیەیدا دەردەکەوێت: (من رەقم، رەزا گرانم و دەروونم نەخۆشە و هیچ هیوایەکی چاکبوونەوە لێم چاوەڕوان ناکرێت، هەندێک کات بەزەییم بە خۆمدا دێتەوە. ئەم جۆرە باسکردنەیش بە شتنەوەی رۆح، بە فرمێسکەکانی بێدەنگی ناوزەد دەکەم، چونکە ئاخاوتن بە لامەوە جۆرێکە لە بێهودەیی، مرۆڤ بۆیە دەدوێت تاوەکو هیچ نەڵێت، مرۆڤ هەرگیز لەوە نادوێت کە رۆح بە دەستییەوە دەگری، تۆ بڕوانە دۆخی من، وەکو مرۆڤێکی پوکاو، گەیشتۆتە چی، ئەنتۆن باڤلۆڤیتش).
لە نامەیەکی دیکەدا دەڵێت: ( من ئارەزوویەکی مەزنم هەیە لە ژیانێکی دیکەدا بژیم، ژیانێک کەمتر عەبوس و خاو بێت، تێیدا من نەفامێکی گەمژە بم وەکو شەمەندەفەر) بەڵام دەبینین لە نامەیەکی دیکەدا ئامێز دەکاتەوە بۆ لە خۆگرتنی کەمێک هیوا و دەڵێت: (ئیتر بە تەنها دەژیم و کاردەکەم هاوشێوەی پاڵەوانەکەی هایدبەرگی نووسەر کە دەڵێت:»گۆشەگیریی سەرەتای داناییە« و پاڵەوانێکی دیکەیشی دەڵێت: گۆشەگیریی سەرەتای شێتیە.) 
هاوکات گۆرگی دووپاتی دەکاتەوە ئەو دەیەوێت لاسایی چیخۆف بکاتەوە لە گۆشەگیرییەکەیدا، بەڵام چیخۆف وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: (پێویستە دێهات و شارە بچکۆلەکان بەجێبهێڵێت). لە وەڵامدا گۆرگی دەڵێت: (ئەی بچم لە سان پیترسبۆرگ بژیم؟ نا من شارە گەورەکانم خۆش ناوێت).
پەیوەندیی نێوان (گۆرگی) و (چیخۆف) بریتی بوو لە هاوڕێیەتییەکی پتەو، خوێنەر دەتوانێت بە سانایی لەم نامانەدا تێبینی بکات و بزانێت چۆن دۆخی نێوانیان لە دۆخی مامۆستا و خوێندکار لایدابوو. ئەمەش هاندەری گۆرگی بوو بۆ ئاڕاستەکردنی رەخنە لە چیخۆف، بەشێوەیەکی پتەو، دواتر پێشکەشکردنی وێنەیەکی راستەقینەی ئەدەبی نووسەری کتێبەکانی «مەرگی فەرمانبەرێک» و «بێستانی گێلاس».
سەرباری ئەوەی هەردووکیان زۆر هاوتەمەنی یەکبوون و دووچاری هەمان نەخۆشی(سیل) بوون، بەڵام ساڵی 1904مەرگ چیخۆفی رفاند، گۆرگی هاوڕێی تاوەکو ساڵی 1936بە زیندووی هێشتەوە و توانی گەشە بە بلیمەتییەکەی بدات و کەلتورێکی مرۆڤدۆستی باڵا پێشکەش بە ئەدەبی جیهانی بکات و ببێتە دوایین زنجیرە لە بازنەی ئەدەبی روسییدا، کە دەستپێکەرەکەی (پۆشکین)ی شاعیر بوو.
هەرچی نامەکانی چێخۆف بوون لە رادەبەدەر ژمارەیان کەم و کورتیش بوون. جەختیان دەخستە سەر ئامۆژگارییە پراکتیکییە خێراکان و هەمیشە هەوڵیان دەدا، هانی گۆرگی بدەن و بەپێێ توانا ورەی بەرز بکەنەوە، بۆ نموونە لە یەکێک لەو نامانەدا پێیدەڵێت: «ئەو وتارەی لە رۆژنامەی (نگینی)دا نووسیبووت، بۆ من عەترێک بوو هەموو رۆحمی شتەوە، ئای تۆ چەند بەهرەداریت، من ناتوانم یەک وشە بنووسم لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەدەبی پاراودا، بەڵام تۆ خاوەنی قەڵەمێکیت مایەی سەرسامییە، کەواتە سوارئاسا دابەزەرە نێو مەیدانی رەخنەوە.»

سەرچاوە: aawsat.com   

بابەتە پەیوەندیدارەکان